بە دیمەن

لە ڕانس کۆبوونەوەی گەل ئەنجامدرا: پێکەوە چارەنووسمان دەنووسینەوە

لە شاری ڕانسی فەرەنسا کۆبوونەوەی گەل ئەنجامدرا، سەرۆکی جیک مەلا شەوکەت چاکر و شێخ مورشید خەزنەوی بەشداربوون، جەختیان کردەوە کە کورد ئیتر نابێتە ئامرازی جیاوازیی ئایینی و مەزهەبی، تاکە چارەسەر یەکێتیی نەتەوەییە.

 

لە شاری ڕانسی فەرەنسا کۆبوونەوەی گەل ئەنجامدرا، سەرۆکی کۆمەڵگەی ئیسلامیی کوردستان (جیک) مەلا شەوکەت چاکر و شێخ مورشید خەزنەوی بەشداربوون. کۆبوونەوەکە بە پێشەنگایەتی کۆمەڵەی ئارین میرکان ڕێکخرا و ژمارەیەکی زۆر لە کوردستانیان بەشداربوون.

کۆبوونەوەکە بە خولەکێک وەستان بۆ یادی شەهیدانی شۆڕشی ڕۆژئاوا و هەموو شەهیدانی ئازادیی کوردستان دەستی پێ کرد.

بەڕێوەبەری کۆمەڵەی ئارین میرکان سەرەتا قسەی کرد و تیشکی خستەسەر گرنگیی ئەو پرۆسە ستراتیژییەی کە بە بانگەوازە مێژووییەکەی ڕێبەر ئاپۆ دەستی پێ کرد و جەختی کردەوە کە خاوەنداری لە پرۆسەکە ئەرکێکی نەتەوەیی و کۆمەڵایەتییە، گوتی: "دەبێت ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ وەک ئامانجی سەرەکی ببینرێت".

مەلا شەوکەت: خاڵی هاوبەشمان، کوردێتییە

مەلا شەوکەت ڕایگەیاند چیتر کوردەکان نابنە کەرەستەی جیاوازیی ئایینی و مەزهەبی، گوتی: "گەلی کورد ئیتر هۆشیاربووە، عەلەوی و سووننی و ئێزدی، دەبێت هەمووان بزانن کە خاڵی هاوبەشمان کوردێتی و شکۆی گەلەکەمان و خاکەکەمانە بە ناوی کوردستان. ئیتر ڕێگە نادرێت کە هەستە ئایینییەکانمان بەکاربهێنرێت و دابەشمان بکەن. کۆبوونەوە و بنیاتنانی یەکێتییەکی سیاسی لەناو بەها هاوبەشەکاندا، ئیتر پێویستییەکی حاشاهەڵنەگرە. ستاتۆیەک کە مافە نەتەوەییەکان مسۆگەربکات، پێویستییەکی مێژووییە".

خەزنەوی: داهاتووی سووریا بەندە بە دیالۆگەوە

شێخ مورشد خەزنەوی، هەڕەشە نوێیەکانی حکومەتە کاتییەکەی سووریا و دەوڵەتی تورکی لەسەر ڕۆژئاوا هەڵسەنگاند. خەزنەوی ڕایگەیاند کە گەلی کورد هەمیشە دەرگای کراوە بووە بۆ دیالۆگ، بەڵام داهاتووی سووریا تەنها بە دیالۆگێکی ڕاستەقینە مسۆگەر دەبێت.
ناوبراو وتی کە لە سنووری تورکیاوە، هەتەشە و گرێدراوەکانی بەردەوام پەیامی هەڕەشەئامێز بڵاودەکەنەوە، بەڵام ئەم پەیامانە جگە لە لاوازکردنی متمانەی گەل هیچ ئەنجامێکی تریان نییە. خەزنەوی بیریهێنایەوە کە لە ڕۆژئاوا یەکێتییەکی سیاسی و کۆنفرانسێکی بەرفراوان ئەنجامدرا و کورد بە هەموو ڕەنگ و پارت و جیاوازییەکانیەوە لەم ڕێککەوتنەدا جێگەیان دەبێتەوە.

'بە ڕێککەوتنی کوردی دەستکەوتی گەورە بەدەست دەهێنین'

خەزنەوی وتی: "بە ڕێککەوتنی کوردی، دەستکەوتی گەورە بەدەست دەهێنین" و ئاماژەی بەوەدا کە کورد لاوازییەکانی ڕابردووی لە ڕابردوو جێهێشتووە و داهاتووی خۆی بنیات دەنێت. وتیشی کە ئەم ڕێککەوتنە تەنها بۆ کوردی ڕۆژئاوا نییە، بەڵکو بۆ تەواوی جڤاکی کوردی لە چوار پارچەکەدا سەرچاوەی هیوا و هێزە.

'گەنجان و ژنان سیاسەتی کورد بەڕێوە دەبەن'

خەزنەوی سەرنجی خستە سەر ڕۆڵی گەنجان و ژنان کە بە شێوەیەکی چالاکانە لە سیاسەتی کوردیدا بەشدارن و وتی کە پرسی کورد بابەتێکی ئاینی، باوەڕی یان عەشیرەتی نییە، بەڵکو بابەتێکی نەتەوەییە. ئەو بیریهێنایەوە کە دوای کوژرانی باوکی، شێخ مەعشوق خەزنەوی، لە کۆمەڵکوژییەکەی قامشلۆی ساڵی ٢٠٠٤دا، ناچار بووە کۆچ بکات بۆ ئەوروپا، بەڵام بەهۆی شۆڕشی ڕۆژئاواوە دوای ٢٠ ساڵ گەڕایەوە سەر خاکی کوردستان.

'یەکێتیی نەتەوەیی گەورەترین هێزە'

خەزنەوی ڕایگەیاند کە هێرشەکانی دەستەی تەحریر شام (هەتەشە) بۆ سەر عەلەوی و درووزەکان بەشێکە لە سیاسەتی سزادانی کورد و وتی کە تەنها چارەسەر یەکێتیی نەتەوەییە و گەورەترین هێزیش هێزی سروشتیی جڤاکییە.

'کورد لە دەرەوەی وڵات لە پاراستنی چاند و زماندا ڕۆڵێکی سەرەکی هەیە'

خەزنەوی وتیشی  کە پاراستنی چاند، زمان و پێکهاتەی بنەماڵە کوردەکانی دانیشتووی دەرەوەی وڵات بۆ بەردەوامبوونی مانەوەی گەلی کورد زۆر گرنگە. وتیشی کە چۆن کەمینەکانی تر لەو هەلومەرجەدا ناسنامەی خۆیان دەپارێزن، کوردیش پێویستە چاند و زمانی خۆی بگەیەنێتە نەوەی نوێ.
خەزنەوی ئاماژەی بەوەدا کە گەلی کورد لە ڕۆژئاوا و لە چوار پارچەکەدا لە قۆناغێکی مێژووییدایە و کاتی ئەوە هاتووە کە لە بەرامبەر هەڕەشە فاشیستییەکاندا بەرخۆدان و یەکێتی دروست بکات.
کۆبوونەوەکە بە پرسیار و وەڵام و جۆش و خرۆشێکی گەورەوە کۆتایی هات.