لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ماوەی هەشت مانگدا دووهەزار و ٣١٠ ئاگرکەتووەتەوە

لە نەورۆزی ئەمساڵەوە تا ئێستا، لانیکەم دوو هەزار و ٣١٠ ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە لە دارستان و لەوەڕگاکانی ئێران ڕوویداوە، کە بەشێکی زۆریان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوون.

مەجید زەکەریایی، فەرماندەی یەکەی پاراستنی سەرچاوە سرووشتییەکانی ئێران، ئامارێکی نوێی لەبارەی ئاگرکەوتنەوە لە دارستان و لەوەڕگەکانی وڵاتەکە بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: لە ماوەی هەشت مانگدا دوو هەزار و ۳۱٠ ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە لە سەرانسەری ئێران تۆمارکراون.

بە گوێرەی لێدوانەکەی فەرماندەکەی یەکەی پاراستنی سەرچاوە سرووشتییەکان، بەهۆی ئەم ڕووداوانەوە ٤٥ هەزار و ۸٠۹ هێکتار دارستان و لەوەڕگە سووتاون.

زەکەریایی ئاماژەی بەوەدا، کە ژمارەی ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوودا ۱٢٪ زیادی کردووە.

فەرماندەی یەکەی پاراستنی سەرچاوە سرووشتییەکانی ئێران ڕوونیکردەوە، کە پارێزگای فارس بە سووتانی ۱٢ هەزار و ۸٤۱ هێکتار لە پلەی یەکەم دێت، پارێزگای سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە سووتانی چوار هەزار و ۸۷٥ هێکتار لە پلەی دووەمە و پارێزگای کرماشان بە چوار هەزار و ۷۳۷ هێکتار لە پلەی سێیەمدایە کە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە.

سەبارەت بە هۆکارەکانی ئاگرکەوتنەوەکان، زەکەریایی وتی: " ۹٥٪ـی ئاگرکەوتنەوەکان بەهۆی هۆکارە مرۆییەکانەوە بووە، قەیرانە سرووشتییەکانیش ڕۆڵیان لە زیاتر تەشەنەسەندنی ئاگرەکاندا هەبووە."

بە پێی ئامارەکان، پاش پارێزگای فارس، پارێزگاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە لەم ڕووداوانەدا.