لە بارانبارینی بەخوڕی نیپاڵدا لانیکەم ٤٢ کەس گیانیان لەدەستدا

لە ڕۆژی هەینیەوە بارانبارینی بەخوڕ لە نیپاڵ بووەتە هۆی داڕمانی زەویی، لافاو و زریان. بەرپرسانی نیپاڵ ڕایانگەیاند، لانیکەم ٤٢ کەس لە سەرانسەری وڵاتدا گیانیان لەدەستداوە و پێنج کەسیش بێسەروشوێنن.

شانتی ماهات، وتەبێژی ناوەندی فریاگوزاری نیپاڵ رایگەیاند: "تا ئێستا ٤٢ کەس لە ڕووداوە جیاوازەکانی پەیوەست بە بارانبارینەکانەوە گیانیان لەدەستداوە و پێنج کەسیش بێسەروشوێنن."

بە گوێرەی ڕاگەیاندنەکان لانیکەم ٣٧ کەس لەوانەی گیانیان لەدەستداوە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی بووە. هەروەها ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە ڕێگاوبانەکانی هەرێمەکە داڕمانی زەوی داخراون و چەندین ناوچەی نیشتەجێبوون تەنها بە پێ هاتووچۆدەکەن.

 هەروەها زۆرێک لە گەڕەکەکانی کاتماندۆی پایتەخت، کەوتووتە ژێر ئاوەو. دەسەڵاتداران بە هێلیکۆپتەر و بەلەم خەڵکەکە دەگوازنەوە. هاوکات بارانبارینی بەخوڕ هاتوچۆی ئاسمانیشی پەکخستووە.

شایانی باسە زۆرجار لافاوی مەترسیدار و داڕمانی زەوی لە باشووری ئاسیا لە وەرزی گەرمادا لە مانگی حوزەیران تا ئەیلول ڕوودەدات. کارناسان هۆشداری دەدەن کە گۆڕانی کەشوهەوا لە زیاد بووندایە و ئەم کارەساتانە بەردەوام دەبێت.