ئامینه‌ كاكه‌باوه‌: پێویستە جیهان عەفرین بە تەنیا جێنه‌هێڵێت

ئامینه کاکەباوە، نوێنەری پارتیی چەپ لە په‌رله‌مانی سوێد، ڕایگەیاند؛ ژن و منداڵێکی زۆر لە ئەنجامی هێرشەکانی توركیا بوونەتە قوربانی و پێویستە جیهان عەفرین بە تەنیا جێنه‌هێڵێت.

ئامینه‌ کاکەباوە، په‌رله‌مانتاری پارتیی چه‌پی سوێد ڕایگه‌یاند؛ تورکیا کێشەی ناوخۆیی و بەڕێوەبەردن هەیە. ئاکەپە کە لەنێو خۆیدا تەنگاو بووه، بە هێرش کردنە سەر عەفرین دەیەوێ سەرنجەکان لەسەر کێشە نێوخۆییەکانی لابدات، بۆ ئەوەش یاری به هەستی شۆڤێنیزمی نێوخۆیی دەکات.

« ئەردۆغان و ئەسەد دەربارەی کوردان وەکوو یەک بیر ده‌كه‌نه‌وه‌ و لە دژی گەلی کورد بە نهێنی هاوکاری یەکتر دەکەن. هەردوولایان لەسەر ئەوە هاوڕان کە کورد نابێ هیچ قەوارەیەکی سیاسیی هەبێت. ئەسەد بۆخۆی ئەو هێزەی نییە کە خۆسەریی کوردان هەڵوەشێنێت، ئەردۆغان لە هەوڵی کردنی ئه‌و كاره‌ دایە و ئەسەد-یش زۆر پێی خۆشحاڵه‌.»

كاكه‌باوه‌ ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كرد؛ ئەردۆغان، خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری دێمۆکراتی کە لەلایەن کوردان و گەلانی دیکەوە لە ڕۆژاوا بنیاتنراوە وەکوو هەڕەشەیەک لەسەر خۆی دەبینێ. خوازیارە گەلی کورد و گەلانی دیکە لەسەر ماڵ و حاڵی خۆیان دەر بکات و ٣.٥ ملیۆن ئاوارەی سووریا کە لە تورکیا ڕاگیراون، لە ڕۆژاوا نیشتەجێ بکات.

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی سوێد وتی؛ ئه‌مه‌ریكا، وه‌ڵاتانی ڕۆژاوایی و ڕووسیا بۆ ئەوەی کە شەڕی داعش بکەن، پشتیوانی کوردیان دەکرد، بەڵام ئەوان خۆشحاڵ نین به‌ مۆدێلی دێمۆکراتی و سۆسیالیستی کە ژیانێکی یه‌كسان بخولقێنێت. ئەو تێکۆشانەی کە بۆ ئازادی دەکرێت، لای ئەردۆغان تیرۆرە. سەرەڕای ئەوەی کە ئەردۆغان پاڵپشتی لە هێرشی گرووپه‌ جیهادییەکان بۆ سەر ڕۆژاوای کوردستان-یش دەکرد، بەڵام گەلی کورد کانتۆنی دێمۆکراتیی خۆیان دامەزراند.

«ئه‌مه‌ریكا و وه‌ڵاتانی ڕۆژاوایی له‌ بابه‌تی ئۆكراینا لە دژی ڕووسیا یەک دەگرن، بەڵام کاتێک کورد بۆردومان دەکرێت، بێده‌نگی هەڵدەبژێرن. زۆر کەس لەو هەڵوێستە تێناگه‌ن، بەڵام ئەوانەی کە بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست بە لایانەوە گرینگە، بەباشی لەو یارییە تێدەگەن. هەم وه‌ڵاتانی خۆسەپێنی ڕۆژاوایی و هەمیش وه‌ڵاتانی هەرێمی وەک ئێران و عێراق به بێده‌نگیی خۆیان، پشتیوانی لەو هێرشانە دەکەن. بۆ ئه‌مه‌ریكا بەرژەوەندییەکانی لە تورکیا و شوێنە سەربازییەکانی گرینگن، دەیەوێ بەهێزتر و بەرفرەوانتریان بکات. ئه‌مه‌ریكا بۆ ئەوەی ناوچەکە لە داعش پاک بكاته‌وه‌، هاوکاریی کوردی کرد، بەڵام لەبەرئەوەی نایەوێ لەگەڵ تورکیا کە هاوبەشی ستراتیژی خۆیەتی، نێوانیان تێكچێت، چاوی خۆی له‌ ئاست کوشتنی کوردان دادەخات.»

له‌ درێژه‌ی قسه‌كانیدا، ئامینه‌ كاكه‌باوه‌ ده‌ستنیشانی كرد؛ تورکیا بەو چەکانەی کە لە ئه‌مه‌ریكا و ئه‌ورووپای وەردەگرێ، هێرشی کردۆتە سەر گەلی عەفرین و هێزە کوردییەکان. ئەردۆغان بەو کارەی هیچ حیسابێکی بۆ یاسا نێودەوڵەتییەکان نەکردووە و هێرش دەکاتە سەر کۆمەڵگه‌یەک له‌ خاکی وه‌ڵاتێکی دیکە. ئەوە دەرخەری ئەوەیە کە لەنێوان ئەواندا له‌ دژی كوردان ڕێککەوتنێکی شاراوە هەیە. بەڵام گەلی کورد کە به بەخشینی گیانی هەزاران شەڕڤان، لە ڕۆژاوا مۆدێلێکی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری دامەزراندووە، لە عەفرین-یش بۆ پاراستنی دەسکەوتەکانی درێژە بە  بەرخۆدانی خۆی دەدات.

ئامینە کاکەباوە، دەربارەی بێدەنگیی یەکێتی ئەورووپا لەمەڕ هێرشەکانی سەر عەفرین، ڕایگه‌یاند: ئەوان هاوکاری ئەو دەوڵەتانەی کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بوونیان هەیە، به باشتر دەزانن له‌ هاوکاری کردنی مۆدێلێکی ئازادیخواز. لە لایەکی دیکەشەوە دەترسن کە ئەردۆغان ئەو کۆچبەرانە ڕەوانەی ئەورووپا بکات. 

په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی پارتیی چه‌پی سوێد ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كرد؛ جاران دەوڵەتی سوێد لە کۆبوونەوەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، پاڵپشتی لە گەلانی بندەست دەکرد. ئێمە وەکوو پارتیی چەپ، ئەم بێ ‌هەڵوێستییەی ئێستای حكوومه‌تی سوێد قبووڵ ناکەین. من لە وەزیری دەرەوە دەپرسم بۆ ڕاگرتنی ئەو هێرشانە دەتانەوێ چی بکەن؟ ئەو وەڵامی من دەداتەوە کە یارمەتییە مرۆییەکان زیاتر دەکەین! کاتێک کە وه‌ڵاتێک دەچێ مرۆڤەکان لە وه‌ڵاتێکی دیکە دەکوژێ، باس کردن لە هاوکاری مرۆیی کارەساتە. ژن، منداڵ و خەڵکی بێتاوان دەمرن و وەزیریش دێت و باسی هاوکاری مرۆیی دەکات! ئێمە داوا لە وەزیر دەکەین بە ڕاشکاوانە ئەو هێرشانەی دەوڵەتی تورکیا شەرمەزار بکات و بۆ ڕاگرتنی هێرشه‌كان، بابەتەکە بەرێتە نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتیی ئەورووپا.

ئامینه‌ كاكه‌باوه‌ داواشی کرد له‌ کۆمەڵگەی جیهان، گەلانی بندەست، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی سیڤیل، مافی مرۆڤ و کرێکاران كرد، لە دژی هێرشەکانی ئەردۆغان بۆ سەر عەفرین بوەستنەوە. وتی؛ نابێ گەلی عەفرین بە تەنیا بهێڵدرێنه‌وه‌.

کاکەباوە لە کۆتایی قسەکانیدا بەڵێنی پشتگیری خۆی بۆ عه‌فرین دووپات کردەوە و ڕایگەیاند؛ بە بەردەوامی بابەتی عەفرین دەکەینه‌ ڕۆژەڤی په‌رله‌مان و ڕای گشتیی سوێد. هه‌روه‌ها لە بەرامبەر هێرشی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر عەفرین هەتا كۆتایی پشتیوانی لە گەلی عەفرین دەکەین.

 

ش. م