ئویسال: ڕاپۆرتی CPT بەس نییە و دەبێ دوایی بە گۆشەگیری ئیمرالی بێت

لە سەر ڕاپۆرتی CPT و گۆشەگیری ئیمرالی، نەورۆز ئویساڵ، پارێزەری ئۆجالان ڕایگەیاندوە: "ئاشکراکردنی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی بەرگرتن بە ئەشکنجەی یەکێتی ئەوروپا-CPT بەس نییە و دەبێت زیاتر گوشار بخاتە سەر تورکیا تا کۆتایی بە ئەشکەنجە و گۆشەگیری سەر ئۆجالان بهێنێت.


"لە 2011 و 2014 وە پارێزەران و بنەماڵەکەی ئۆجالانیان نەدیوە"

دۆخی نادیار و مەترسیداری ڕێبەری گەلی کورد،عەبدوڵا ئۆجالان لە ئیمرالی بەردەوامی. بەگشتی لە ڕێککەوتی 27  تەموزی ساڵی 2011 وە پارێزەرەکانی و لە مانگی نیسان 2014 وە بنەماڵە و کەسوکاری ئۆجالان، ڕێگەیان پێنەدراوە سەردانی ئیمرالی بکەن و چاوپێکەوتن و دیداری لەگەڵ ئەنجام بدەن. ئیتر لەو کاتەشەوە هیچ زانیارییەک لە بارەیەوە نازانرێت و ڕێکخراوی بەرگرتن بە ئەشکنجەی یەکێتی ئەوروپا- CPT- وێرای هەموو داخوازی و ناڕەزایەتییەکان ئامادە نەبوو سەردانی ئیمرالی بکات. ئەو ڕاپۆرتەشی کە لە ڕێککەوتی 28 و 29ی نیسانی ساڵی 2016 لە کاتی سەردانیدا بۆ ئیمرالی و چاوپێکەوتنی لەگەڵ ئۆجالان ئامادەی کرد بوو، لە پاش دوو ساڵ بڵاوی کردوە.

"وێرای ناڕەزایەتی و داخوازیەکان CPT ئامادەنەبوو زانیاری لەسەر ئۆجالان بدات"

لەبارەی دۆخی ئۆجالان و لە سەر ڕاپۆرتەکەی CPT، نەورۆز ئویساڵ، یەک لە پارێزەرانی ئۆجالان بۆ ئاژانسەکەمان فورات نیوز قسەی کردوە و ڕایگەیاندوە: "ڕێکخراوی بەرگرتن لە ئەشکنجەی یەکێتی ئەوروپا-CPT، لە پاش 2 ساڵ ڕاپۆرتی خۆی لەسەر ئیمرالی و دۆخی ئۆجالان ئاشکرا کرد. ئەوەش لە کاتێکدایە، کە ئێمەی پارێزەرانی ئۆجالان، بنەماڵەی، گەلی کورد و تەڤگەری ئازادی کوردستانیش چاوەڕێی ئاشکراکردنی ڕاپۆرتەکە بووین. ئێمەی پارێزەرانی ئۆجالان، زۆر جار دیدار و کۆبوونەوەمان لەگەڵ CPT هەبووە، تا بتوانین زانیاری لەسەر ڕاپۆرتەکەیان وەرگرین و لەو رێگەشیەوە چارەنوسی بەڕێز ئۆجالانمان بۆ ڕوون ببێتەوە. بەڵام مەخابن CPT هەرگیز ئامادە نەبوون لەو بارەوە زانیاریمان بداتێ، ئەوەش ڕەخنەیەکی جددیە لە سەریان".


"ڕاپۆرتەکەی CPT لەبارەی ئیمرالییەوە ئەرێنییە، بەڵام بەس نییە و دەبێت کۆتایی بە ئەشکەنجەی ئیمرالی بهێنرێت"

نەورۆز ئویساڵ، یەک لە پارێزەرەرکانی ئۆجالان، ئاشکراکردنی ڕاپۆرتەکەی CPT بە ئەرێنی و بەباشی دەزانێت، بەڵام پێوایە ڕاپۆرتەکە کەمی هێناوە لە دانی زانیاری و هەڵوێست دەربڕین لە بەرامبەر دۆخی ئۆجالان و وتوویەتی: " وەک پارێزەرانی ئۆجالان، هەر 3 مانگ جارێک ڕاپۆرتی خۆمان بۆ CPT ناردووە و دەنێرین، لە بەرامبەردا دەبوو و دەبێت ئەویش بە ئەرکی خۆی هەستایە و لە بەرامبەر دۆخی ئۆجالان هەڵوێستی بنواندایە. چونکە بەرێزیان دۆخێکی زۆر سەختی هەیە و لە ژێر گۆشەگیر و ئەشکەنجەی دژوار دایە و ئەوەش ڕۆژ بە ڕۆژ لەسەری سەختتر دەکرێت. ئێمەی پارێزەرانی 8 ساڵە نەمانتوانیەوە بچینە ئیمرالی و چاومان پێی بکەوێ، هاوکات هەموو سەردانەکانمان بۆ ئەو مەبەستە ڕەتکراونەتەوە. ئیدی ئەمە دەبێت سەرڕاست بکرێتەوە و لە سەرویانەوە CPT و هەمووان دەبێت گوشار بخەنە سەر تورکیا تا بەخۆیدا بچێتەوە و کۆتایی بە گۆشەگیری و ئەشکەنجەی سەر بەڕێز ئۆجالان بهێنێت.

 

هـ.هـ