٢٠٠ چالاکی ئینته‌رناسیۆنالیست کە پێکهاتوون لە ئه‌کادیمیست و نوێنەرانی ڕێكخراوه‌كان لە وه‌ڵاته جیاجیاكان، بە مەبەستی شه‌رمه‌زاركردنی گۆشه‌گیری سه‌ر «عەبدوڵا ئۆجالان» و هێرشەکانی سوپای تورکیا دژی عەفرین، لە لوكسه‌مبوورگ-ه‌وه به‌ره‌و ستراسبۆرگ-ی فه‌ڕه‌نسا رێپێوان ده‌كه‌ن.
٢٠٠ چالاکی ئینته‌رناسیۆنالیست لە وه‌ڵاتانی جیاجیاوە بۆ ئازادی رێبەری گەلی کورد «عەبدوڵا ئۆجالان» و شەرمەزارکردنی گۆشه‌گیری سه‌ر ئۆجالان و هێرشەکانی سوپای تورکیا و چەتەکان بۆ سەر عەفرین، سبه‌ینێ پێنجشه‌ممه ده‌ست به رێپێوانێکی درێژمەودا ده‌كه‌ن.
ڕێپێوانه‌كه بە دروشمی «ئازادی بۆ ئۆجالان و ئاشتی بۆ کوردستان» بەڕێوه‌ده‌چێت، هاوکات هێرشەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر گەلی عەفرین شەرمەزار ده‌كرێت.
چالاكییه‌كه سبەینێ پێنجشه‌ممه کاتژمێر ١٠ بە لێدوانێكی ڕۆژنامه‌وانی دەستپێده‌كات.
ئەم چالاکانە كه له وه‌ڵاتانی ئه‌مه‌ریكای باشوور و ئه‌ورووپا به‌شدارده‌بن و نوێنەرانی ٣٠ ڕێکخراویان له‌گه‌ڵه، به چەندین شاری فەڕەنسادا تێده‌په‌ڕن. بڕیاره له ڕێگه‌دا له‌گه‌ڵ سەندیکا، پارتیی سیاسی، مێدیای هەرێمی و نوێنەرانی ڕێکخراوە سیڤیله‌كان و سەرۆک شارەوانییەکان چاوپێکەوتن بکەن. هه‌روه‌ها چەندین سیمینار و کۆبوونەوە ده‌رباره‌ی گۆشەگیری سه‌ر ئۆجالان و پارێزنامەکانی ساز ده‌كه‌ن.
چالاکان دوای ٤ ڕۆژ ده‌گه‌نه شاری مه‌تزێ-ی فه‌ڕه‌نسا و له‌وێ بە ئۆتۆبووس به‌ره‌و شاری لۆزان-ی سویسرا بەڕێ ده‌كه‌ون و له‌گه‌ڵ ڕێپێوانی گه‌وره‌ی رێکخراوی گەنجانی ئازاد، ڕێكخستنه‌كانی ئه‌ورووپای په‌یه‌ده و ئه‌نجومه‌نی كورد له سویسرا یه‌كده‌گرنه‌وه. دواتر له شاری لۆزان پێكه‌وه به رێپێوان به‌ره‌و شاری جنێف ده‌چن و ماوه‌ی ٤ ڕۆژ له ڕێگه‌دا ده‌بن.
لە ڕێكه‌وتی ١٦ی شوبای/٢٧ی ڕێبه‌ندان بە پێشه‌نگی ٧٠ ڕێکخراوی کوردی، تورکیایی، لاز، ئەرمەنی، ئاشووری، سوریانی و ئه‌ورووپی لە شاری جنێف-ی سویسرا میتینگێكی گه‌وره و چالاكی دانیشتن له به‌رده‌م بینای نەتەوە یەکگرتووەکان به‌ڕێوه‌ده‌چێت. له میتینگه‌كه‌دا داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ده‌كرێت لە به‌رانبه‌ر هێرشه‌كانی سه‌ر عه‌فرین هه‌ڵوێستی هه‌بێت و هه‌وڵه‌كانی بخاته‌گه‌ڕ بۆ ڕاگرتنی هێرشه‌كان.
له چالاكییه‌كه‌دا ٥٠ په‌رله‌مانتاری كورد له وه‌ڵاتانی ئه‌ورووپا و ئه‌ندامانی كوردی ئه‌نجومه‌نی شاره‌وانییه‌كانی ئه‌ورووپا به‌شدار ده‌بن.
چالاكان له دوای چالاكییه‌كه‌ی جنێف، بە ئۆتۆبووس به‌ره‌و ستراسبۆرگی فه‌ڕه‌نسا به‌ڕێ ده‌كه‌ون و لە ڕۆژی ١٧ شوبات/ ٢٨ رێبەندان بەشداری ده‌كه‌ن له ڕێپێوانی ستراسبۆرگ كه بڕیاره به به‌شداری هه‌زاران كه‌س له دژی گۆشه‌گیری سه‌ر ئۆجالان به‌ڕێوه‌بچێت.
ش. م