"ئێدپێندت": تورکیا و داعش پێکەوە شەڕی عەفرین دەکەن

ڕۆژنامەی "ئێدپێندت"ی بەڕیتانی ئاشکرای کردوە، تورکیا چەکدارەکانی داعش بەشداری شەڕەکەی لەدژی عەفرین کردوە.


چەکدارانی داعش بەشێوازی نوێ شەڕی عەفرین دەکەن

دوێنێ ٥ شەممە ٨ی شوبات\۱۹ ڕێبه‌ندان، ڕۆژنامەی بەناودەنگی "ئێدپێندت"ی بەڕیتانی، لە زاری چەکدارێکی پێشووی داعشەوە ئاماژەی به بەشداریکردنی چەکدارەکانی داعش لەلایەن تورکیاوە داوە لە شەڕەکەی دژ بە عەفرین و نوسیویەتی:"زۆربەی چەکدارەکان کە شەڕی عەفرین دەکەن داعشەکانن. ئەنقەرە ئەوانی لە سەر شێواز و تاکتیکی نوێی شەڕ ڕاهێناوە، دەستبەرداری شەڕی باوی داعشی کردوون، کە خۆی لە تەقاندنەوەی ماشێنی بۆمبکراو و کردەی خۆکوژی دەبینێتەوە، ئەوەش بەو ئامانجەیە تا لە مەیدانی شەڕدا وەک داعش نەناسرێنەوە و لە ئاستی نێودەوڵەتیدا نەبێتە مایەی ڕەخنە و سەر ئێشە بۆ تورکیا".

تورکیا  شەڕی داعشی نەکردوە و پشتیوانی بووە

ڕۆژنامەی "ئێدپێندت"، چەکدارەکەی پێشوی داعشی وەک "فەرەج" خەڵکی حەسەکە ناساندوە و ئاماژەی بە پاش ناوەکەی و شوێنی نیشتەجێبوونی نەداوە و نوسیویەتی، فەرەج وێڕای ئەوەی لە داعش دابڕاوە، بەڵام هێشتا پەیوەندی لەگەڵ ژمارەیەک لە داعشەکانی هاوڕێی ماوە و ئەو دەڵێت:" سەرەتا تورکیا هەوڵیدا تا ڕایگشتی هەڵخەڵەتێنێت کە گوایا دژی داعش دەجەنگێ، بەڵام لە ڕاستیدا ڕاهێنانی بە چەکدارەکانی داعش کردووە و ڕەوانەی عەفرینی کردوون".

هێرشبەرانی سەر عەفرین دروشمەکانی داعش دەڵێنەوە

"ئێدپێندت"، ئاماژە بە ڤیدیۆی ۳ چەکداری بەشدار لە شەڕی عەفرین کردوە، کە دروشمەکانی داعش دەڵێنەوە و دەنوسێت:"تورکیا گوشاری خستووەتە سەر داعشەکان تا لە ژێر ناوی ئەرتەشی ئازادی سوری بەشداری شەڕی عەفرین بن. تورکیا بەهۆی ئەزموونیان لە شەڕدا هانای بۆیان بردووە".

ڕۆژنامەی "ئێدپێندت"ی بەڕیتانی، ئەوەشی ئاشکرا کردوە، کە لە ۲۰۱۱ وە تورکیا بەنهێنی پەیوەندی لەگەڵ داعشدا هەبووە.

 

هـ.هـ