ئەمنستی ئینته‌رناسیۆنال: هێزه‌ئه‌منییه‌كانی هه‌ولێر و دهۆك توندوتیژییان له‌ به‌رانبه‌ر خۆپیشانده‌ران و ڕۆژنامه‌وانان به‌كارهێناوه‌

ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی (ئەمنستی ئینته‌رناسیۆنال) ڕایگەیاند: ھێزە ئەمنییه‌کانی ھەرێمی کوردستان ئازادیی ڕادەربڕین پێشێل دەکەن و توندوتیژی له‌ به‌رانبه‌ر خۆپیشانده‌ران به‌كارده‌هێنن و سوكایه‌تییان پێده‌كه‌ن.

لین مەعلووف، بەڕێوەبەری توێژینەوەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست لە رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند: لە چاوپێکەوتنی خۆپیشاندەران و ڕۆژنامەواناندا ئەوەمان بۆ دەرکەوتووە کە ھێزە ئەمنییەکانی ھەرێمی کوردستان، توندوتیژیی جەستەیی، تانە و تەشەر و جنێویان لە خۆپیشاندانەکاندا به‌رانبه‌ر خۆپیشاندەران و ڕۆژنامەوانان بەکارھێناوە.

لین ئاشکرای کرد، چاوپێكه‌وتنیان لەگەڵ ژمارەیەک مامۆستا و ڕۆژنامەواندا کردووه‌ و بۆیان دەرکەوتووه‌ كه‌ ھێزە ئەمنییەکانی ھەولێر و دھۆک بە جلی مەدەنییەوە، بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندانی ئاشتیانەی ھاووڵاتیان، توندوتیژییان بەکارھێناوە. ناوبراو ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات، سوکایەتی بەو مامۆستا و ڕۆژنامەوانانە کراوە، کە ویستوویانە بە مۆبایلەکانیان وێنەی پێشێلکارییەکان تۆمار بکەن.

ڕێکخراوی لێبووردنی نێوده‌وڵه‌تی، داوا لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەکات سنوورێک بۆ ھێرش، فشار و ھەڕەشەکانی سەر خۆپیشاندەران و رۆژنامەوانان دابنێت.

ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ ماوەی ٤ ڕۆژه‌ لە سەرانسەری ھەرێمی كوردستان خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی لە لایەن مامۆستایان، فەرمانبەران و هاووڵاتیانه‌وه‌ دژی سیستەمی پاشەکەوتی زۆرەملێی مووچە بەردەوامە. ھێزە ئەمنییەکانی پارتیی دیموكراتیی كوردستان - پەدەکە، بە جلوبەرگی مەدەنییەوە چەندین شێوازی جۆراوجۆری توندوتیژییان به‌رانبه‌ر خۆپیشاندەرانی سنووری هه‌ولێر و بادینان بەکارهێناوه‌ و ده‌یان خۆپیشانده‌ریان بریندار و ده‌ستبه‌سه‌ر كردووه‌.

s.m