بەهۆی نەبوونی سوتەمەنی، خوێندنگەکانی ناوچەی سیلوانای ئوورمییه‌‌ داخران

لە ناوچەی سیلوانای پارێزگه‌ی ئوورمییه‌ بەهۆی سەرما و نەبوونی سوتەمەنی بۆ گەرم کردنەوەی پۆلەکانی خوێندن، خوێندنگه‌كانی ئەو ناوچه‌یه‌ داخران.

هاوڵاتیانی ناوچەکە ڕایانگەیاند: بەرپرسانی پەروەردەی پارێزگه‌ی ئوورمییه‌ تا ئێستا سوتەمەنیان بۆ خوێندنگەکانی گوندەکان دابین نەکردووە. پێشتر خەڵكی گوندەکان بۆ ئەوەی منداڵه‌كانیان لە پڕۆسه‌ی خوێندن دوا نەکەون، خۆیان سوتەمەنیی خوێندنگەکانیان دابین ده‌كرد، به‌ڵام ئیدی له‌ توانایاندا نه‌ماوه‌.

زۆرینەی خوێندنگەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە وەرزی سەرمادا ڕووبه‌ڕووی گرفتگەلی زۆر دەبنەوە و هەندێک جار تەندروستی و ژیانی خوێندکاران دەکەوێتە مەترسیەوە.

لە رۆژانی رابردوودا شەش خوێندکاری کچ لە خوێندنگه‌یه‌كی تیکاب بەهۆی هەڵمژینی «گازی دی ئۆکسیدی کاربۆن»ەوە ژه‌هراوی بوون و ڕەوانەی  نەخۆشخانە کران.