ساڵح موسلیم باسی ورده‌كاریی ده‌ستبه‌سه‌ركردنه‌كه‌ی بۆ ANF ده‌كات

ساڵح موسلیم، هاوسه‌رۆكی پێشووی په‌یه‌ده‌ دوای ئه‌وه‌ له‌ چیك ده‌ستبه‌سه‌ر كرا و دواتر دادگه‌ بڕیاری ئازادكردنی دا، له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ ئاژانسی هه‌واڵی فورات باس له‌ ورده‌كاری ده‌ستبه‌سه‌ركردنی ده‌كات.

ساڵح موسلیم، هاوسەرۆکی پێشووی پارتیی یەکێتیی دێمۆکراتیی - پەیەده‌ و ئه‌ندامی كۆمیته‌ی دیبلۆماسیی ته‌ڤگه‌ری كۆمه‌ڵگه‌ی دێمۆكراتیی - ته‌ڤده‌م دوای ئەوەی کە بۆ ماوەی ٢ ڕۆژ لە پراگ-ی پایتەختی کۆماری چیک دەستبەسەرکرا، به‌ بڕیاری دادگه‌ ئازاد كرا. موسلیم له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی ANF ده‌داته‌وه‌ و باسی ورده‌كاری ده‌ستبه‌سه‌ركرانی ده‌كات.

به‌ وته‌ی ساڵح موسلیم، توركیا ده‌یه‌وێت ده‌نگی عه‌فرین له‌ ئه‌ورووپا ببڕێت.

ئێوە بۆ چوونە پراگ؟ 

کۆنفرانسێکی تایبەت هەبوو. ئێمەش بە نوێنەرایەتی باکووری سووریا به‌شداربووین و كۆمه‌ڵێك چاوپێکەوتنمان ئەنجام دا.

لە چەندەمین ڕۆژی کۆنفرانسەکەدا ئێوە دەستگیر کران؟

لە ڕۆژی چوارەم، کۆبوونەوەکە تەواو بووبوو. دەبوایه‌ بۆ سبەی بگەڕێمەوە.

لە چ جێیەک ئێوە دەستبەسەر کران؟

 لە هۆتێل

کێ بوون ئەوانەی هاتنە هۆتێله‌كه‌؟ بە چ هۆکارێک ده‌ستبه‌سه‌ریان كردن؟

پۆلیسی چیک بوون، گوتیان کە بڕیاری گرتنی منیان پێیە. لە دادگەوە فەرمانیان پێکرابوو.

پێیان گوتی کە تورکیا داوای کردووە؟

بەڵێ، گوتیان کە لەسەر داوای تورکیایە.

له‌ كاتی ده‌ستبه‌سه‌ركردندا، چۆن مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ كردن؟

مامه‌ڵه‌یه‌كی ئاسایی بوو. هیچیان لێنەپرسیم و یەکسەر ڕه‌وانه‌ی دادگەیان کردم. بەڵام دەستبەسەرکردنەکەم ٢ڕۆژی خایاند.

ماوەیەکی زۆرە ئێوە لە ئەورووپان، بۆچی ئه‌مه‌ له‌ كۆماری چیك ڕوویدا؟

ئەوە پەیوەندی بە ڕێکخراوبوونی توركیا و په‌یوه‌ندییه‌ هه‌واڵگرییه‌كانییه‌وه‌ هه‌یه‌. لە هه‌ندێك شوێن په‌یوه‌ندییان هه‌یه‌. لەو شوێنانەی سستییه‌ك دەبینن، هەوڵی لێدان دەدەن. ئێمە دەزانین کە هەواڵگریی تورکیا لە سه‌رانسه‌ری ئەورووپا بڵاوبووه‌تەوە. به‌ڵام ناتوانن وەک کوردستان و سووریا، لە ئەورووپا چالاکیی سەربازی بکەن. ئەوەی دەیکەن، فرتوفێڵی هەواڵگری و په‌یوه‌ندییه‌ هه‌واڵگرییه‌كانه‌. لە هه‌ندێك شوێن كه‌ بۆشاییەک لە دادگەریدا ببینن، هەوڵ دەدەن سوودی لێ وەرگرن، بەڵام دادوەریی چیک هۆشیار بوو، هەستی بەو یارییە کرد. هەر بۆیەش منیان ئازاد كرد.

بەر لەوەی ئێوە دەستگیر بکرێن، دەوڵەتی تورکیا خەڵاتێکی بۆ ده‌ستگیركردنتان دانابوو، به‌ بۆچوونی ئێوه‌ مەترسیی لەسەر ژیانی ئێوە هەیە؟

تورکیا چی له‌ده‌ست بێت ده‌توانێت بیكات. ئەو کارانە هه‌میشێ لەوان دەوەشێنه‌وه‌. ئەوانەی ده‌چن بۆ ڕاوی مرۆڤەکان، ئه‌و ڕێكخراوانه‌ن‌ کە دوورن لە هەموو پێوانێك. تاوانبارانی جه‌نگ هەر بەدوای شتی وه‌هادا دەگەڕێن. بەڵام ئەو کارانە لە نێو دادگەری، بەتایبەت له‌ ئەورووپا جێی نابێته‌وه‌.

دوای ئەوەی کە ئازادکران، شتێکی گوماناویتان بینی كه‌ وه‌ك هه‌ڕه‌شه‌ بێ لەسەرتان؟

بەهۆی ئەوەی کە پۆلیس ڕێوشوێنی توندی گرتبووه‌به‌ر و پێداگرییان له‌سه‌ر كرد، گومانێكی وه‌هایان لام دروست كرد. دیاره‌ کە هه‌ندێك شت هه‌یه‌ کە ئێمە پێی نازانین، بەڵام پۆلیس پێی دەزانێت و بە ئێمەیان نه‌گوتووه‌. پۆلیسی چیک ڕێوشوێنێکی زۆر توندی گرتبووه‌به‌ر هەتا لەوێ چووینه‌ ده‌ره‌وه‌، لەگەڵ ئێمه‌ ده‌جوڵانه‌وه‌. بێ ‌گومان ئەوە هۆكاری جیاوازی هه‌یه‌.

کەلەپچەکردنی دەستەکانی ئێوە و بەو شێوه‌یه‌ هێنانی ئێوه‌ بۆ دادگه‌، ناڕه‌زایی زۆری لێكه‌وته‌وه‌. ئه‌مه‌ چۆن ڕوویدا؟

کاتی ده‌ستبه‌سه‌رکردن، كه‌له‌پچه‌یان به‌كارنه‌هێنا. تەنیا کاتێک کە هێنامیانه‌ دادگە بۆ ماوەی ١٥ خولەک کەلەپچەیان به‌كارهێنا. کاتێک کە له‌ دژی ئه‌وه‌ وه‌ستامه‌وه‌، گوتیان ڕێكاره‌كه‌ وه‌هایه‌. نازانم ئەوە واتایەکی دیکەی هەیە یان نا. ئەگەر بۆ ئەوان واتایەکی خۆی هەبێ، نازانم. بەڵام بەلای منەوە هیچ جیاوازییەک لەنێوان کەلەپچەکراو و کەلەپچەنەکراودا نییە.

دەستگیرکردنی ئێوە پەیوەندی بە داگیرکردنی عه‌فرینه‌وه‌ هەیە؟

بێ‌ گومان هەیە. بەهۆی سەرکەوتنی بەرخۆدانی عەفرین، تورکیا شێت و هار بووە. له‌وێ له ‌شكستدان. بەرخۆدانی ئه‌وێ زۆر شكۆداره‌. ئێمە دەنگی عەفرینین لە ئەورووپا. ئێمه‌ ده‌نگی هاواری مرۆڤه‌كان، گریانی منداڵان و ژنانی عه‌فرینین. هه‌وڵ ده‌ده‌ن ئێمە بێدەنگ بکەن، بەڵام نەیانتوانی و سەرکەوتوو نەبوون.

باس هاته‌ سه‌ر عه‌فرین. توركیا بۆ هێرشی كرده‌ سه‌ر ئارامترین و ئاشتیانه‌ترین هه‌رێمی سووریا؟

بەهۆی ئەوەی زۆرێک لەو گرووپانەی وەکوو داعش کە لەلایەن تورکیاوە پشتیوانیان لێ دەکرا، لە زۆر شوێن شکستیان هێنا، تورکیا شێت و هار بووە. لە کۆبانێ و ڕه‌قا له‌ناوچوون و لە دێرەزووریش لەناو دەچن. بۆ ئەوەی کە ڕێ لەو شکستانە بگرێت، عەفرین خاڵی كۆتاییه‌. لە ئیدلب، هەموو گرووپە تیرۆریستییەکان به‌ تورکیاوه‌ گرێدراون. بۆ ئەوەی چارەسه‌رییه‌ك بۆ ئەوە ببیننەوە گوشار له‌سه‌ر تورکیا هەیە. دەیانەوێ ئەو گرووپانە تەنگاو بکەن و بیاننێرنه‌ عه‌فرین. هەموو پاشماوەکانی داعش لە کۆبانێ، ڕەقا و مووسڵیان کۆکردۆتەوە و ڕێکیان خستوونەتەوە و له‌گه‌ڵ ئه‌وان پەلاماری عەفرین دەدەن. دەیانەوێت عەفرین داگیر بکەن، دێمۆگرافیاکەی بگۆڕن و هێزەکانی سەر بە خۆیان لەوێ جێگیر بکەن.

ئایا دەتوانن ئەو کارە بکەن؟

بێ‌ گومان ئەوەیان پێناکرێت. به‌رخۆدانی گەل لە ئاستی هه‌ره‌ باڵا دایه‌. چی دەبێت با ببێت، ئەوان ناتوانن سەرکەون.

ڕووسیا بۆچی وه‌های كرد؟

لەژێرەوە بەرژەوەندیی جیاجیایان هەیە. لەوانەیە په‌یوه‌ندی به‌ بابەتی گاز-ه‌وه‌ هه‌بێت. بەرژەوەندیی ئابوورییان هەیە. هەربۆیە ڕووسیا دەنگ ناکات. لە ڕاستیدا ڕووسیا بنه‌ماكانی خۆی پێشێل دەکات. بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ ده‌یه‌وێت یەکپارچەیی سووریا بپارێزێت، بەلام ئەوەتا تورکیا شەهبای به‌ده‌ستهێناوه‌ و داگیری کردووە. ئێستاش دەیەوێت عەفرین داگیر بکات. لێره‌دا به‌رپرسیاره‌تییه‌كی ڕووسیا هەیە و پێویستە شتێك بكات. بەڵام بێدەنگە. نازانم ئیدی چ بەرژەوەندییەکی دیکەی هەیە.

ده‌كرێت ڕێککەوتنی ڕووسیا – تورکیا بەردەوام بێت؟

بەڕای من ڕێککەوتنێکی ستراتیژی نییە. ئەوە بابه‌تێكی بەرژەوەندیخوازانه‌یه‌ و کاتییە. ڕۆژێک دێت کە تورکیا دەبێتە بەڵا بۆ ڕووسیا. تورکیا بەو سیاسەتەی خۆی، هەڕەشە لەسەر سەقامگیری و ئاشتی ته‌واوی جیهان ده‌كات. ئەوەی کە ناتوانێت لێره‌ بیكات، هه‌وڵ ده‌دات به‌ یاری هه‌واڵگری له‌ ئه‌ورووپا بیكات. ده‌یه‌وێت هەم ئێره‌ و هەمیش ئەورووپا بشێوێنێت. جیهان ناتوانیت کە له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌وه‌دا خۆی ڕاگرێت،  له‌ شوێنێك پێی دەڵێت: بوه‌سته‌!

دۆخی عەفرین کاریگەرییەکی چۆن لە هەرێمەکانی جەرابلووس و باب ده‌كات کە لە لایەن تورکیاوە داگیر کراون؟

ئه‌و ناوچانه‌ تەنیا کوردی لێ ‌نین، تێکەڵاون. ڕۆژێک نۆرەی ئەو ناوچانه‌ش دێت. کەس لێی بێدەنگ نابێت و له‌ژێر داگیركاریی توركیادا نامێننه‌وه‌.

ئێوە ناردنی هێزەکانی حكوومه‌تی سووریا بۆ عەفرین چۆن دەبینن؟

ئێمە هەمیشە گوتومانە کە بەشێکین لە سووریا. ئێمە نامانەوێ لە سووریا جیابینەوە. ئه‌ركێكی ئه‌وان هه‌یه‌، پاراستنی سنوورەکان بابەتی سەروەرییه. بەداخەوە زۆر سستن.

بۆچی؟ ئایا له‌ده‌ستیان نایه‌؟

نازانم له‌ده‌ستیان دێت یان نا. بەڵام هیچ نەبێ لەوانەیە بیانەوێت مۆڵەت لە رووسیا وەربگرن. بۆ ئەوەش بەدوای فرتوفێڵی چەپەڵدا ده‌گه‌ڕێن.

 

s.m