دوابەدوای ئەوەی دەرکەوت سوپای تورکیا بە چەک و ته‌قه‌مه‌نیی سەربازی دروستکراوی ئا‌ڵمانیا هێرش ده‌كاته سەر خەڵکی سیڤیل لە عەفرین، گوشارەکان بۆ سەر حكوومه‌تی ئه‌ڵمانیا لەسەر فرۆشتنی چەک و پێداویستیی سه‌ربازی بە تورکیا پەرەی سەندووە.
میدیاکانی ئه‌ڵمانیا چەندین هەواڵ و زانیاری‌یان لەسەر بەکارهێنانی چەکی ئه‌ڵمانی لە لایەن سوپای تورکیاوە بۆ هێرشی سەر عەفرین لە تەلەفیزیۆنی «ARD» لە میانه‌ی به‌رنامه‌ی «مۆنیتۆر» بڵاوكرده‌وه. له به‌رنامه‌كه‌دا باس له‌وه كرا کە سوپای تورکیا لە هێرش بۆ سەر عەفرین سوودی له چەک و ئامێری سەربازیی دروستكراوی ئه‌ڵمانیا وه‌رگرتووه.
به‌رنامه‌كه بە سەردێڕی «شەڕ لە دژی کوردان – دروستكراو له ئه‌ڵمانیا» په‌خش كرا كه تیایدا ئاماژه بۆ ئه‌وه كرا؛ حكوومه‌تی ئه‌ڵمانیا ڕه‌زامه‌ندی ده‌ربڕیوه کە کۆمپانیای «هێكله‌ر - كۆخ» لەنێو خاکی تورکیادا ئه‌و چه‌كانه دروست بكات. هاوکات به‌رنامه‌كه باسی لەوه كرد کە سوپای توركیا تانک و چەکی قورس لە رێگەی بارهەڵگرەسەربازییەکانی دروستکراوی کۆمپانیای «مێرسدێس بێنز»ی ئاڵمانی ده‌گوازرێته‌وه بۆ سنووره‌كانی عەفرین.
ئەمە لەکاتێکدایە کە چەند ڕۆژ پێش ئێستا پارتیی چەپ و پارتیی سه‌وزی ئه‌ڵمانیا داوایان لە حكوومه‌تی ئه‌ڵمانیا کرد کە فرۆشتنی چەک و پێداویستیی سەربازی بە تورکیا ڕابگرێت، بۆ ئه‌وه‌ی هاوڵاتیانی سیڤیلی عەفرین لە رێگه‌ی چەک و ته‌قه‌مه‌نی دەستکردی ئه‌ڵمانیا نەکوژرێن.
ش. م