سەنتەری میترۆ: ھێزەئەمنییه‌کانی ھەولێر و دھۆک پێشێلكاری ده‌كه‌ن

سەنتەری میترۆ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات، هێزه‌ئه‌منییه‌كانی هه‌ولێر و دهۆك ڕێگری له میدیاكاران ده‌كه‌ن كه‌‌ ڕووماڵی خۆپیشاندانه‌كان بكه‌ن. هێما بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات له‌ ڕۆژانی ڕابردوودا چه‌ندین پێشێلكاری له‌ به‌رانبه‌ر میدیاكاران تۆمار كراوه‌.

سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە ڕۆژنامەنووسان ڕایگەیاند: ھێزە ئەمنییەکان لە ناوەندی شاری ھەولێر و دھۆک و شار و شارۆچکەکانی سەر بەو دوو پارێزگه‌یه‌ ڕێگری لە روماڵی گردبوونەوە و چالاکییه‌ مەدەنییه‌كان دەکەن. سه‌نته‌ره‌كه‌ ده‌ستنیشانی كردووه‌، هێزه‌ئه‌منییه‌كان‌ لە زاخۆ کەناڵێکی یەکگرتووی ئیسلامییان داخستووه‌ و لە ھەڵەبجەش پەیامنێرێکی كه‌ناڵی ئێن ئاڕ تی دەستبەسەر كراوه‌.

دیار محه‌مه‌د، بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ له‌و باره‌یه‌وه‌ به‌ میدیاكانی ڕایگه‌یاند، چەندین سکاڵایان لە لایەن میدیاکارانەوە به‌ده‌ستگه‌یشتووه‌ کە باس لە ڕێگرییه‌كانی هێزه‌ئه‌منییه‌كان ده‌كه‌ن له كاتی‌ ڕووماڵكردنی خۆپیشاندان و چالاكییه‌كان.

ناوبراو وتی: داوا ده‌كه‌م ئەو فشارانە بوەستێنرێن، چونکە ئەمڕۆ روماڵکردنی ھەواڵ بە ھۆی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا ئەو ھەوڵانەیان شکست پێدێنێت.

به‌ڕێوه‌به‌ری سه‌نته‌ری میترۆ داوا ده‌كات ھێزە ئەمنییەکان رێز لە یاسا و پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ بگرن و فشار نەخەنە سەر میدیا و میدیاکاران. ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد لە چەند ڕۆژی داھاتوودا، ڕاپۆرتێک بە وردەکاریی تەواوەوە سەبارەت بە پێشێلکارییەکان بۆ ڕای گشتی بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌.

s.m