له‌ ئه‌نجامی ته‌قینه‌وه‌یه‌ك له‌ هه‌ولێر، ٢ پێشمه‌رگه‌ی حدكا بریندار بوون

لە ئەنجامی تەقینەوەی بۆمبێک بە ئۆتۆمبێلێکدا لە شارۆچکەی بنەسڵاوەی سەر بە ھەولێر، دوو پێشمەرگەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران - حدکا بریندار بوون.

پاشنیوه‌ڕۆی ئەمڕۆ ١ی مارس \١٠ی ڕەشەممە، له‌ شارۆچكه‌ی بنه‌سڵاوه‌ی هه‌ولێر بۆمبێک بە ئۆتۆمبێلێکدا تەقییەوە و دوو برینداری لێکەوتەوە.

عه‌بدولخالق ته‌لعه‌ت، بەرێوەبەری پۆلیسی ھەولێر ڕایگەیاند، ئه‌و ئۆتۆمبێله‌ی بۆمبه‌كه‌ی پێدا ته‌قێندراوه‌ته‌وه‌، دوو پێشمەرگەی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران -  حدكای تێدابووە. وتیشی ڕووداوه‌كه‌ لە کاتی گەڕانەوەی ئه‌و ٢ پێشمه‌رگه‌یه‌ بۆ ماڵەوەیان ڕوویداوه‌ و بۆمبێکی لکێندراو بە ئۆتۆمبیلەکەیاندا تەقیوەتەوە. ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌كه‌، هه‌ردوو پێشمه‌رگه‌كه‌ بە سەختی بریندار بوون.

به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی هه‌ولێر ڕاشیگه‌یاند، لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە دەستی پێکردووە و بریندارەکانیش ڕەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ھەولێر کراون.

 

s.m