لو پوئن: تورکیا بۆ هێرشى عەفرین گەرەنیتى بێدەنگیى لە ئێران، ئەمریکا، رووسیا، ئەڵمانیا و فەڕەنسا وەرگرتووە

گۆڤاری لو پوئن-ی فەرەنسى لە سەروتارەکەیدا ڕەخنەى لە وڵاتانى رۆژئاوا گرتووە و نووسیویەتى، ئەردۆغان بە ئاشکرا هەڕەشە لە کوردان دەکات و کۆمەڵکوژیان دەکات، بەڵام وڵاتانى ڕۆژئاوا بێدەنگییان هەڵبژاردووە.

فرانز ئۆلیڤەر ژیسبێرت لە سەروتارى دوایین ژمارەى گۆڤارى لو پوئن-ی فەڕەنسیدا نووسیویەتى، دەوڵەتى تورکیا خۆى بۆ ئەنجامدانى کۆمەڵکوژییەکى گەورە ئامادە دەکات، بەڵام ناتۆ و وڵاتانى ئەوروپا لەبەر بەرژەوەندیى خۆیان، بێدەنگن لەو کۆمەڵکوژییە.

فتواى پێش کۆمەڵکوژیى ئەرمەنییەکانمان بیرکەوتەوە

لە سەروتارەکەدا ئەوەش هاتووە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆمارى تورکیا، ئەو سەربازانە، کە بە پارە شەڕ دەکەن لەگەڵ چەتەکانى داعشدا کۆیکردوونەتەوە و دەیەوێت ٣ ملیۆن کورد لە ڕۆژئاواى وڵاتەکەى خۆیاندا دەربکات و بە ئەردۆغانیش دەڵێت "نەتەوەپەرستێکى شڵەژاو و شپرزە". تاکە دەردى ئەردۆغان ئەوەیە، کە ڕێگری لە ئۆتۆنۆمیى ڕۆژئاوا دەکات و ڕێگریى بۆ دروست دەکات. بۆ ئەوەش پەناى بردووەتە بەر ئایین و دەزگاى دیانەت بۆ ئەوەى کۆمەڵکوژکردنەکەى ڕەوا بکات و دەزگاى دیانەتى تورکیاش فتواى کۆمەڵکوژییەکەى بۆ دەرکردووە. ئەوەش لە هەمان فتواى شێخولئیسلامى سەردەمى خەلافەتى عوسمانى دەچێت بۆ کۆمەڵکوژکردن و ڕاگواستنى ئەرمەنییەکان.

ئاماژەى بەوەشکردووە، ئەردۆغان دەیەوێت کوردان لە شوێن و سەر ماڵ و حاڵى خۆیان دەربکات و عەرەبە ئیسلامییە توندڕەوەکانى نزیک لە خۆى لە شوێن و زێدى کوردان جێگیر بکات. لە دواى ئەوەش ئەو سیاسەتە بەسەر هەموو ناوچەکانى ڕۆژئاواى کوردستاندا دووبارە دەکاتەوە. ئەردۆغان بۆ ئەوەى بتوانێت ئەو سیاسەتە جێبەجێ بکات گەرەنتیى ئەوەى وەرگرتووە، کە هەر یەک لە دەوڵەتەکانى ئێران، ڕووسیا، ئەمریکا، ئەڵمانیا و فەڕەنسا بەشێواز و ئاستى جیاجیا بەرامبەر بە هێرشى تورکیا بۆ سەر عەفرین "بێلایەن بن" و ئەوەش شەرت و مەرجی پێویستى بۆ ڕەخساندووە، ئامانجەکەى بهێنێتە دی.

جیاوازیى ئەسەد و ئەردۆغان: ئەسەد کوردانى کۆمەڵکوژ نەکردووە

لە سەروتارەکەدا ئەوەش نووسراوە، کە مێژوو لە دواى ١٠٠ ساڵ دووبارە دەبێتەوە، چونکە بەهۆى بۆردومانەکانەوە ژمارەیەکى زۆر لە خەڵک دەکوژرێن. لە ڤیدیۆکاندا دەنگى هاوار دێت، بەڵام لە دنیاى دەرەوە و لە بەرامبەر ئەو هاوارەدا، بێدەنگى هەیە. چەپەکانى فەڕەنسا رەخنەیان لەو لایەنانە گرتووە، کە تەنها سەرنجیان خستووەتە سەر کۆمەڵکوژییەکەى غوتەى رۆژهەڵات و لەو بارەیەوە وتویانە "ئەسەد کۆمەڵکوژیى ئەنجام دەدات، بەڵام وەک ئەردۆغان خاوەنى ئەو تایبەتمەندییە نییە، کە کۆمەڵکوژی تەنها بۆ سڕینەوەى  کوردان ئەنجام بدات". 

ئەردۆغان لە شاتەشاتەکانیدا هاوپەیمانەکانی بە پەنابەران و ئینجرلیک دەترسێنێت

لە سەروتارەکەى لوپوئن-دا باسى ئەوەشکراوە "لەبەر چى سەرۆک کۆمارى تورک بۆ ئەوەى، کە پێى دەڵێن چاکە بەرامبەر بە وڵاتانى رۆژئاوا، مامەڵەیەکى باشى لەگەڵ دەکرێت؟ هۆکارى ئەوە چییە، کە دەستەبژێری سیاسى – میدیایى لە دونیادا بەشێوەیەکى پلان بۆ داڕێژراو بێدەنگن و چاوپۆشى دەکەن لەو کۆمەڵکوژییە، کە سوپاى تورک و هاوپەیمانە ئیسلامییەکانى بەرامبەر بە کورد ئەنجامى دەدەن؟".

لەو سەروتارەدا بۆ وەڵامى ئەو پرسیارانە نووسراوە ڕژێمەکەى ئەردۆغان لە ناو دەوڵەتانى رۆژئاوادا ترسى دروستکردووە "ئەردۆغانى پارانۆیا و میگالۆمەنیا (نەخۆشى خۆپەرست و ئازەربەخش و شێتى بۆ ئەنجامدانى کارى گەورە) لە شاتەشاتەکانیدا هاوبەش و دۆستەکانى دەترسێنێت، چونکە ئەردۆغان ئەو پەنابەرانە کە بە پارەى یەکێتیى ئەوروپا بەخێویان دەکات، وەک هەڕەشە لە دژى ئەوروپا بەکار دەهێنێت. هەروەها هەڕەشەى داخستنى بارەگاى ئینجیرلیکیشیان لێدەکات.

ژۆن لوک میلۆنشۆن و فرانسوا ئۆلاند بێدەنگیی خۆیان شکاند

لەو سەروتارەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، ئەوانەى لە دژى کۆمەڵکوژکردنى کوردان بەردەوامییان بە بێدەنگییەکەیان نەدا، ژۆن لوک میلۆنشۆن، ئەندامى پارتى چەپى فەڕەنسا و پاڵێوراوی پێشوو بۆ بەدەستهێنانی پۆستى سەرۆک کۆماریی فەڕەنسا و فرانسوا ئۆلاند سەرۆک کۆمارى پیشووى فەرەنسا بوون. چەند رۆژ لەوە پێش هۆلاند چووە پاڵ کوردەکان و هەڵوێستى خۆى دەربڕی. فرانز ئۆلیڤەر ژیسبێرت بە توانجەوە بۆ ئەوەش نووسیویەتی "بەوە رووی ئەوروپییەکانى سپى کردەوە".

ر.م