لە ئەرمینیا هێرشەکانى تورکیا بۆ سەر عەفرین ئیدانەکران

ڕێکخراو و دەزگا کوردییەکان لە ئەرمینیا لە ڕاگەیاندراوێکى هاوبەشەدا، هێرشى دەوڵەتى تورکیایان بۆ سەر عەفرین ئیدانەکرد.

نوێنەرانى ڕێکخراو و دەزگا کوردییەکان لە ئەرمینیا، لە ئێریڤانى پایتەختى ئەرمینیا و لە کۆنفڕانسێکى ڕۆژنامەوانیدا ڕاگەیاندراوێکى هاوبەشیان بڵاوکردەوە و تیایدا پشتیوانیى خۆیان بۆ بەرخۆدانى عەفرین دەربڕی.

کنیاسێ حەمید سەرۆکى ڕاوێژى کوردانى ئەرمینیا و پەرلەمانتاری کورد لە پەرلەمانى ئەرمینیا، ژنکا قادر سەرۆکى کۆمیتەى کوردستان، سلۆ دوربۆیان ئەندامى دامەزرێنەرى ئەنجوومەنى شەنگال، ئەسەنگ شێخ تاهیر ئەندامى کۆنگرەى ئێزیدییەکان بەشداریى ئەو کۆنفڕانسە ڕۆژنامەوانییە بوون.

لەو کۆنفڕانسە رۆژنامەوانییه‌ هاوبەشەدا، هێرشى سەر عەفرین بە هێرشى هاوبەشى دەوڵەتەکانى تورکیا و ڕووسیا بۆ سەر عەفرین لێکدرایەوە و بە توندى ئەو هێرشەیان ئیدانەکرد. 

ڕاشیانگەیاند، لە ئێستادا لە عەفرین هاووڵاتیانى بە تەمەن، ژن و منداڵ و ئەو سەدان هەزار کەسەى لە عەفرین ژیان بەسەر دەبن ژیانیان کەوتووەتە مەترسیەوە. 

ئەوەشیان وت، نابێت دەوڵەتان بە تایبەت دەوڵەتانی تورکیا و ڕووسیا بازرگانى بە خوێنى کوردانەوە بکەن، چونکە دەبێت دەوڵەتانى تورکیا و ڕوسیا ئەوە بزانن، کە عەفرین وڵاتانى عەفرینییەکانە  و لە ئەنجامدا سەرکەوتن بۆ گەلى کورد و گەلى عەفرینە.

نوێنەرانى ڕێکخراوە کوردییەکانى ئەرمینیا لەو کۆنفڕانسە ڕۆژنامەوانییه‌دا، پشتیوانییان لە بەرخۆدانى عەفرین کرد و داواشیان لە هەموو کەسایەتى و رێکخراو و دەزگا کوردییەکانى ئەرمینیا کرد، کۆبوونەوەیەکى فراوان ئەنجام بدەن بۆ ئەوەى دژى هێرشەکانى تورکیا کارى هاوبەشی زیاتر ئەنجام بدرێت.

 

ر.م