لە عەفرین، داعش و نووسرە فەرماندارێتیی سوپای تورکیا ده‌كه‌ن

دوای ئەوەی چەتەکانی «سوپای ئازادی سووریا» بە سەدان کەسیان لێ کوژرا، ئەندامانی نووسرەیان لە ئیدلب و ئەندامانی داعش-یشیان لە جه‌رابلووس-ەوە هێنا و جلوبەرگی «سوپای ئازاد»یان لەبەرکردن و ناردیاننە بەرەکانی شەڕی عەفرین.

لە ٣ به‌ره‌ی عەفرینەوه،‌ ماوەی ٣٤ ڕۆژە بەهۆی هێرشی سوپای تورکیاوە شەڕ بەردەوامە. من زۆرێک لە گوندەکانی ڕاجۆ، بلبلێ، شەرا و جندرێس و شوێنەکانی دیکەم بینی. لە هەرێمەکانی شەڕ بوومە شایه‌تحاڵی نەبەردی شەڕڤانانی یەپەگە و یەپەژە.

ئەو کاتەی کە من چاوم بە بەرخۆدانی شەڕڤانان و گەلی عەفرین کەوت، دەمەویست لە باری دەروونیی سەربازانی تورکیا-ش ئاگادار بم. هەرچەنده‌ مێدیاکانی تورکیا ئەو هێرشە سەرکەوتووانە پیشان دەدەن، بەڵام بارودۆخی سەربازەکانیان لە بەرەکانی شەڕدا هیچ وه‌ها نییه‌.

باسی ئەوە دەکرا کە لە بەرەکانی شەڕدا، ئەمیرەکانی نووسرە و داعش بوونە فەرماندەی سەربازانی تورکیا. من ئەوەم لە شەڕڤانانی یەپەگە و یەپەژە کە لە بەرەکانی شەڕدا بوون پرسی و ئەنجامی سەرنجڕاکێشم وەدەست كه‌وت. سوپای تورکیای داگیرکەر لە ٢٠ی کانوونی دووه‌م\٣٠ی به‌فرانبار لەگەڵ گرووپەکانی بەناو سوپای ئازاد هێرشی کردۆتە سەر عەفرین. دوای ئەوەی کە چەتەکانی بەناو سوپای ئازاد بە سەدان کەسیان لێ ده‌کوژرێت، دەوڵەتی تورکیا ئەندامانی نووسرە لە ئیدلب و ئەندامانی داعش-یش لە جەرابلووسەوە دێنێت، جلی سوپای ئازادییان لەبەر دەکات و دەیاننێرێتە بەرەکانی شەڕەوە لە عەفرین. بەو چەتانەیان گوتووه‌ کە ئێوە بۆ دەوڵەتی تورکیا شەڕ دەکەن بەڵام مافی فەرماندارێتی کردنی ئەو شەڕە با بۆ ئێوە بێت. کاتێک کە سەربازانی تورکیا لە ماوەیەکی کەمدا نەگەیشتنە ئەنجامەکانیان، لە بواری دەروونییەوە تێکچوون، هەر بۆیە سوپای تورکیا سه‌ربازه‌كانی ده‌خاته‌ ژێر فەرماندەیی چەتەکانی داعش و نووسرەوە.

کاتێک کە من ئەو شتانەم لە خەڵکی هەرێمەکەش پرسی، ئەوان وتیان:  «بۆچی پێت سەیرە. سوپای تورکیای داگیرکەر لە ئیدلب خەریکی درووستکردنی خاڵی چاودێرییە. ئەلنووسرەش لە ئیدلب دەسەڵاتدارە. چەتەکانی تورکیا کاروانی سەربازی تورکیایان ده‌پاراست کە دەچوو بۆ ئیدلب. نێوان تورکیا و ئەلنووسرە زۆر خۆشە و تەواوکەری یەکترین و بەرژەوەندی هەردوو لایان گرێدراوی یەکترە.»

ئەو کاتەی کە سوپای تورکیای داگیرکەر تێكشکا، داوای لە ئەمیرەکانی داعش لە جەرابلووس و عه‌زاز کرد یارمەتی بدەن. ئەمیرەکانی داعش و نووسرەش پێیان ڕاگەیاندوون کە دەبێ ئەوان لە بەرەکانی شەڕ فەرماندە بن و لەو شوێنانەش ئەوەن دەسەڵاتداری خۆیان پەیڕەو دەکەن. ئێستا فەرماندارێتیی سوپای تورکیا نە ئەردۆغان-ی سەرۆک کۆمار و نە خوولووسی ئاکار-ی فەرماندەی گشتیی سوپا و نە فەرماندەکانی دیکەن، بەڵکوو سەربازانی سوپای تورکیا لە ژێر فەرمانی چەتەکاندان.

سەربازە کەمالیست و لایكپه‌رسته‌كان-یش، لە دۆخەکە ناڕازین و بەهۆی ئەوەی ناوێرن هیچ بڵێن، پەنایان بردۆتە بەر کەمال کلیچدارئۆغڵوو-ی سەرۆکی جەهەپە. کلیچدار ئۆغڵووش دەڵێت: «ئێمە پشتگیری لە هێرشی سەر عەفرین دەکەین بەڵام نابێ زۆر بخایەنێت. با لەگەڵ ڕژێمی سووریا گفتوگۆ بکەین.» بەڵام ئەنجام بەو شێوەیە ئاسان نییە و سوپای تورکیا لە عەفرین کەوتۆتە بندەستی چەتەکانەوە.

 

S.M