دەزگاى چاپ و پەخشى میزۆپۆتامیا لە ساڵى ٢٠٠٠ و دەزگاى میر مولتیمیدیاش لە ساڵى ٢٠٠١ەوە دامەزراون. ئەو ٢ دەزگایە ماوەى چەندین ساڵە خزمەتى کولتور و موزیک ز هونەری کوردان دەکەن. تاوەکو ئێستا هەزاران بەرهەمى کولتوری، هونەری و ئەدەبییان بەرهەمهێناوە و خزمەتى کوردانى دەرەوەى وڵاتیان کردووە. بە تایبەتى دواى ئەوەى قەیومەکانى ئاکەپە دەستیان بەسەر دامودەزگا هونەری و رۆشنبیرییەکانى کورداندا گرت، بەرپرسیارێتیى ئەوە ٢ دەزگایە زۆرتر بوو.
ئەو لێکۆڵینەوانەى، کە تۆما مایزی وەزیری ناوخۆى ئەڵمانیا دەستیپێکردووە کەمتر نین هەوڵ و کردەوەکانى پۆلیسى ئاکەپە، لە چوارچێوەى ئەو لێکۆڵینەوەیەدا پۆلیسى ئەڵمانیا ڕۆژی پێنجشەممە ٨ى ئازار / ١٧ى ڕەشەمە هەڵیکوتایە سەر ئەو ٢ دەزگایە.
ئێستا ماوەى ٣ ڕۆژە ڕێگرى لە کارەکانى ئەو ٢ دەزگایە دەکەن. تاوەکو ئێستاش دەستیان بەسەر ژمارەیەکى زۆر لە کتێبەکانى ئەو دەزگایانەدا گرتووە، کە بەشێک لە کتێبەکان بریتین لە: کورد چیى دەوێت؟، فێربوونى زمانى کوردی، ڕاهێنانى منداڵان، کتێبەکانى تۆلستۆی، ڤیکتۆر هۆگۆ و دۆستۆیڤسکی... هتد.
کارەکانى چاپ و پەخشى میزۆپۆتامیا
لە ناو ئەو کتێبانەدا کە دەستیان بەسەردا گیراوە، کتێبەکانى کورد چییان دەوێت؟، فێربوونى زمانى کوردی، ئاشتى و ئومێد، دانوستانەکانى پەکەکە – تورکیا لە ٢٠٠٥ەوە بۆ ٢٠١٥ و ... هتدی تێدایە.
دەزگاى چاپ و پەخشی میزۆپۆتامیا چەندین کتێبی لە بارەى کوردۆلۆژی، دونیاى کلاسیک، دین – میتۆلۆژیا، لێکۆڵینەوە، مێژوو، فەلسەفە و فێرکردن و ڕاهێنانی منداڵانى چاپ و بلادەکردەوە. ژمارەى کتێبە چاپکراو و بڵاوکراوەکانى گەیشتبوونە ٨٢٨ کتێبى جۆراجۆر. لە ناویشیاندا کتێبەکانى تۆلستۆى، هۆگۆ، دۆستۆیڤسکى، گۆگۆل، زاویگ، عەبدوڵا ئۆجەلان ڕێبەرى گەلی کورد، محەمەد ئوزون، یاشار کەمال، سەڵاحەدین دەمیرتاش و... هتد هەبوون.
جگە لەوانەش کتێبەکانى بوارى منداڵان و فێرکردنى زمانى کوردی، فەرهەنگى کوردى – تورکیش بەشێکى تر بوون لە کتێبەکان. چاپ و پەخشى میزۆپۆتامیا لە کاتى دامەزراندنییەوە هەموو ساڵێک بەشداریى پێشانگاى نێودەوڵەتیى کتێبى فرانکفۆرتى کردووە و لەسەر زمان و ئەدەبی کوردیش مێزگردى پێشکەشکردووە.
سەدان هونەرمەندی کورد لە ژێر چەترى میر مولتیمیدیادان
میر مولتیمیدیا لە ساڵى ٢٠٠١ەوە لە ئەڵمانیا دامەزراوە. یەکێکە لە دەزگا سەرەکییەکانى بوارى موزیک و هونەرى کوردی. لەو کاتەوە دامەزراوە تاوەکو ئێستا ٥٠٠ سی دیی بڵاوکردووەتەوە، کە سەدان گۆرانیى جۆراجۆرى کوردى لە خۆ دەگرن.
هەروەها ئەلبومی هونەرمەندانی تیپى بەرخۆدان، ناسر ڕەزازی، نەجمەدین غوڵامی، چۆپی، هانی، جوان حاجۆ، حەسەن شەریف، میکائیل ئاسلان و سەدان هونەرمەندی ترى بڵاکردووەتەوە. سەدان کۆنسێرتیشى بۆ ئەو هونەرمەندانە و هونەرمەندانى تر ڕێکخستووە.
بەلام پۆلیسى ئەڵمانیا دەستیگرتوە بەسەر ئەلبومەکان، ئەرشیڤ و کەلوپەلەکانى ناوەندى هونەریى میر مولتیمیدیا و تەنانەت ستۆدیۆکەى میر مولتیمیدیاشیان تێکداوە!.
دەستیان بەسەرئەرشیڤى ٥٠٠ هەزار گۆرانیدا گرتووە
جەڤان مەروانی یەکێک لە هونەرمەندەکانی میر مولتیمیدیا ڕایگەیاند، هەڵکوتانە سەر ئەو ناوەندە زوڵمە. ڕاشیگەیاند، کارى ئەوان تەنها خزمەتکردنە بە هونەر و ڕۆشنبیریى کورد.
مەروانى باسى ئەوەشیکرد "ئەو کەلوپەلانەى دەستیان بەسەردا گرتووە ٤ هەزار و ٥٠٠ کاسێت و ئەرشیڤى ٥٠٠ هەزار گۆرانیی لە ناودایە. لەم ناوەندەدا ئەرشیڤی ٣٥ ساڵ کارکردن کۆکراوەتەوە. ئەم کارەی ئەڵمانیا بۆ قڕپێکردن و لەناوبردنی هونەر و ڕۆشنبیرییە. هەر خۆى دەستگرتن بەسەر سی دی دا نیشانەى ئەوەیە، کە دەیانەوێت هونەر لە ناو ببەن. ئەگەر ئەوە هەڵمەتى لە ناوبردن نەبێت ئەی چییە. ئێمە بەوە دەڵێین زوڵم".
ر.م