ناڤدەم: کاتى قسە نییە و دەبێت هەموومان بۆ عەفرین بڕژێینە سەر شەقامه‌كان

ناوەندى کۆمەڵگەى دیموکراتیی کوردان لە ئه‌ڵمانیا - ناڤده‌م بانگەوازێکى بۆ عەفرین بڵاکردەوە و تیایدا هاتووە: «دەبێت ئێمە  خاوەنداری لە کەرامەت، بوون، مێژوو، گەل و خاکەکەمان بکەین.»

هاوسەرۆکایەتیى ناڤدەم ڕاگەیه‌ندراوێکى لەبارەى عەفرینەوە بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، هێرشى داگیرکارانەى دەوڵەتى تورکیا بۆ سەر عەفرین، بڕیارێکە بۆ لەناوبردن و سڕینەوەى گەلى کورد.

ناڤدەم لە دژى بڕیارى قڕکردن و سڕینەوەى گەلى کورد ڕایگەیاند: دەبێت ئێمە وەک گەل بە ڕۆحی سەفەربەریى نەتەوەیى خاوەنداری لە کەرامەت، مێژوو، گەل و خاکەکەمان بکەین. ئەوەشى خستووەتەڕوو: باجەکەى هەرچییه‌ک بێت داگیرکەر دەیەوێت بچێتە ناو عەفرین. ئەوەش بەو مانایە دێت، کە کۆمەڵکوژی بەسەر سەدان هەزار کەسدا دەسەپێنن. ئیتر مەترسیى ئەوە هەیە سەدان هەزار کەس لەم گەلە بەکۆمەڵ قڕ بکرێت.

ناڤدەم ڕاشیگەیاندووە: ئەردۆغانى دیکتاتۆر و فاشیست دەیەوێت بە بەرچاوى هەموو جیهانەوە کوردان قڕ بکات. بۆیە ئێمە ناچارین بۆ پاراستنى بوونی خۆمان و لە دژى ئەو هێزەى کە دەیەوێت ئێمە بسڕێتەوە، تا دوا هەناسە خۆڕاگرى بکەین. تێگەیشتن لەو ڕاستییە ئەمڕۆ زیاتر بۆ هەموان ڕوون بووەتەوه‌.

«هێرشى فاشیستیانە لە دژى عەفرین سەودایەکى قێزەون و بێ ئەخلاقانەیە کە لە نێوان ڕووسیا و تورکیا پلانى بۆ دانراوە. دەوڵەتى ئەڵمانیاش بە پشتیوانیى سیاسی و دابینکردنى چەک و پارە بۆ دەوڵەتى تورک، بووەتە هاوبەشی ئەو شەڕە خوێناوییە.»

ناڤدەم لە ڕاگەیاندراوەکەیدا بانگى لە گەلی وه‌ڵاتپارێز، عەلەوی، ئێزدی، مەسیحی، مسوڵمان و هەموو دۆستان و ڕێکخراوەکان کرد، بۆ ڕێگرتن لە قڕکردن ڕاپەڕن.

«دەبێت بە ڕۆحی ڕاپەڕینەوە بڕژێینە گۆڕەپان و شوێنە گشتییەکان. باجەکەشى هەر چییەک دەبێت با ببێت، بەڵام پێویستە گەلی کوردستان لەم کاتەدا کەرامەت، بوون، مێژوو، گەل، خاک و شەرەفى خۆى بپارێزێت. پێویستە گەلەکەمان بەهەموو شێوەیەک چالاکییە دیموکراتییە ڕەواکانى ئەنجام بدات. ئیتر چەقۆ گەیشتووەتە ئێسک و قسەکردن سوودى نییە. دەبێت ئێمە لە کۆڵانەکان، شەقامەکان، گۆڕەپانەکان، لەبەردەم دامودەزگه‌ نێودەوڵەتییەکان و پەرلەمانەکان دروشمى "پێش بگرن لەو قڕکردنە" بەرز بکەینەوە. دەبێت گەلی کورد ئەوە پیشانی دۆست و دوژمن بدات، کە سەر بۆ داگیرکەر و چەوسێنەران دانانەوێنێت.»

 

ر.م