هێزەکانی ڕووسیا و ڕژێمی سووریا، لە دژی پارێزگهی ئیدلب هێرشێکیان دەست پێکردووە و لە هەمان کاتدا هێزەکانی ڕژێمی سووریا لە دژی غوتەی ڕۆژهەڵات دەستیان کردووە بە هێرش کردن. نەتەوەیەکگرتوەکان بەپەلە ئەو هێرشانەی شەرمەزار کرد و ڕۆژانە باس لە نیگەرانییەکانی خۆی دەربارەی ئەو هێرشانە دەکات.
لەلایەکی دیکەشەوە، سوپای تورکیای داگیرکەر و چەتەکانی ئەردۆغان، لە ٢٠ی کانوونی دووهم/ ٣٠ی بەفرانبارەوە بە شێوازێکی زۆر دڕندانە هێرش دەکەنە سەر هاوڵاتیانی سیڤیل لە هەرێمی عەفرین، کە لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا بەلانیکەم ١٤٨ هاوڵاتیی سیڤیل شەهید بوون کە زۆربەیان ژن و منداڵن. هەروەها لە هێرشەکانیاندا ژێرخانی ئابووریی هەرێمەکە، لەوانە ناوەندی پاککردنەوەی ئاوی خواردنەوەشییان کردووهته ئامانجی بۆردومان و تۆپباران. سەرەرای ئەوەش هەتا ئێستا ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان، بێ دەنگە و گوێ ناداتە ئەو بانگەوازانەی کە خۆبهڕێوهبهریی دێمۆکراتی، بۆ ڕاگرتنی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا ئاراستهی ئهو ڕێکخراوەی كردوون.
ئەوە یەکەمین جار نییە کە نهتهوهیهكگرتووهكان (UN)، متمانەی خۆی دەخاتە ژێر پرسیار. ڕێکخراوهكه لە ساڵی ٢٠١٦یش کاتێک گرووپە تیرۆریستییەکان هێرشێکی هۆڤانەیان کردە سەر گەڕەکی شێخ مەقسوودی حهلهب و چەکی کیمیاوییان بەکارهێنا، بێدهنگ بوو. لهكاتێكدا تەنانەت هاوپەیمانهتیی نیشتیمانیی سووریاش دانی پێدا نابوو کە گرووپە چەتەکان چەکی کیمیاوییان لەو گەڕەکە بەکارهێناوە.
نەتەوە یەکگرتووەکان، هێرشی هێزەکانی ڕژێم به گازی کلۆر بۆ سەر ئیدلب شەرمەزار دەکات و لە بهرانبهر هێرشی گرووپە چەتەکان و دەوڵەتی تورکیاش بۆ سەر گەلانی باکووری سووریا بێ دەنگە. ئەو هەڵوێستە گومان درووست دەکات کە نەتەوە یەکگرتوووەکان یاساکانی خۆی خستۆتە لایەک و لە چوارچێوەی سیاسەت و پلانی چهند هێز و دەوڵەتێكدا دەجووڵێتەوە.
لێرەدا پرسیارەکە ئەوەیە کە بۆچی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بهرانبهر دەستدرێژییەکانی دەوڵەتی تورکیا لە دژی هاوڵاتیانی سیڤیل، بێ هەڵوێستە؟
وادیارە کە ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، دەربارەی بابهتی مرۆیی لە سووریا دوو ڕوویانه هەڵسوکەوت دەکات و چاوێکی دەبینێ و چاوەکەی دیکەشی کوێرە.
ش. م