هەڵمەتی ھاشتاگ بۆ پشتیوانیی عەفرین دەستی پێکرد

بە هاشتاگی StopAfrinGenocide# لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەڵمەتێکی بەرفرەوان بۆ پشتیوانیی عەفرین دەستی پێکرد.

لە درەنگانی شەوی ڕابردوو و بەرەبەیانی ئەمڕۆوە، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی فەیسبووک و تویتەر ژمارەیەک چالاکی کورد و بیانی، هەڵمەتی "جینۆسایدی عەفرین ڕاگرن" بە هاشتاگی StopAfrinGenocide# دەستی پێکرد و تا ئێستا هەزاران کەس بەشداریان تێدا کردووە.

ئامانج لە هەڵمەتەکە، ئاگادارکردنەوەی ڕای گشتیی جیھانە لە بەرانبەر ھێرش و کۆمەڵکوژییەکانی سوپای تورکیا دژی گەلی عەفرین. چالاکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان داوا دەکەن ئەو هێرشە پاکتاوکاریانەی ڕژێمی تورکیا بوەستێنرێن کە ماوەی ١٢ ڕۆژە لە زەمین و ئاسمانەوە دەیانکاتە سەر عەفرین و خەڵکە سیڤیلەکەی.

بەھۆی ھێرشە داگیرکەرییەکانی تورکیا لە دژی عەفرین، دەیان ھاوڵاتیی سیڤیل شەهید و برینداربوون، ھەروەھا ژمارەیەکی زۆر خانووبەرە، خوێندنگە، بنکەی تەندروستی،  مزگەوت و شوێنی گشتی وێران کراون.