ڕێكخراوی گه‌نجانی پارتی سۆسیالدیموکرات (باڵی ئۆپۆزسیۆنی نێو پارته‌كه) و ڕێكخراوی گه‌نجانی سۆسیالیستی ئه‌ڵمانیا - دی فالكه‌ن (نزیکی هه‌مان پارتن) له‌گه‌ڵ ڕێکخراوی به‌هاری سووری له تاڕاوگه (ته‌به‌نی ئه‌لسه‌وره)، ڕێکخراوی ته‌ندروستیی ئینته‌رناسیۆنال، ناوه‌ندی كۆمه‌ڵگه‌ی دیموكراتیی كوردانی ئه‌ڵمانیا - نا‌ڤده‌م و ڕێكخراوی جڤاكی ئازاد نامه‌یه‌کی هاوبه‌شی کراوه‌یان ئاراسته‌ی هایکۆ ماس، وه‌زیری نوێی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا كرد. ئه‌و ڕێكخراوانه داوا ده‌كه‌ن حكوومه‌تی ئه‌ڵمانیا له به‌رانبه‌ر سیاسه‌ته‌كانی توركیا دژی كورد هه‌ڵوێستیان هه‌بێت.
نامه‌كه له دوای پێكهێنانه‌وه‌ی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی فیدڕاڵی ئه‌ڵمانیایه له لایه‌ن پارتیی دیموكراتی-مه‌سیحی به سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نگێلا مێركڵ و پارتیی سۆسیال-دیموكرات.
له نامه‌كه‌دا ئاماژه بۆ ئه‌وه كراوه که پێویسته پارته‌ده‌سه‌ڵاتداره‌کان جارێکی دیكه متمانه به‌ده‌ستبهێننه‌وه له‌نێو خه‌ڵك و سیاسه‌تێکی ڕوون و ڕاشکاو به‌رامبه‌ر ده‌وڵه‌ته مه‌زهه‌بیه ناسیۆنالیستیه‌که‌ی ئه‌ردۆغان په‌یڕه‌و بكه‌ن.
له نامه‌كه‌دا هاتووه: نه‌وه‌ک هه‌ر ئێمه، به‌ڵکوو زۆر په‌رله‌مانتاری هه‌موو پارته‌کانی دیكه به پارته‌که‌ی ئه‌نگێلا مێركڵ و خودی مێركڵیشه‌وه، ڕه‌خنه‌ی زۆر توندیان ئاڕاسته‌ی حکوومه‌ته‌که‌ی ئه‌ردۆغان کردووه، به‌ڵام وه‌ک ده‌بینین هه‌تا ئێستا هه‌ر گوتاره و هیچ هه‌نگاوێکی به‌دوای خۆیدا نه‌هێناوه.
«ئێمه کردارمان ده‌وێت، به‌تایبه‌تی داوای ئیدانه‌ی زۆر توندتر ده‌که‌ین دژی هێرشی سوپای تورکیا و هاوپه‌یمانه مه‌زهه‌بییه‌کانیان بۆ سه‌ر عه‌فرین. ئه‌وان هه‌ر پێش ده‌ستپێکردنی هێرشه‌کان به ئاشکرا هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ناوبردن و جینۆسایدی ئێزدییه‌کانیان ده‌کرد که ژماره‌یان له هه‌رێمی عه‌فرین زۆره. تورکیا نایشارێته‌وه که ئاواره سوورییه‌کان به‌زۆره‌ملێ ده‌بات بۆ هه‌رێمی عه‌فرین و له به‌رامبه‌ر کورده‌کان و نزیکه‌ی نیو ملیۆن ئاواره‌ی دیكه که له ترسی جه‌نگه‌کانی سووریا ڕایانکردبوو بۆ عه‌فرین، به‌كاریان دێنێت. ئه‌مه دژی هه‌موو یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌کان و مافه‌کانی مرۆڤه که ئێمه ئه‌ڵمانیا به هاوکار ده‌زانین.»
له درێژه‌ی نامه‌كه‌دا ئه‌و ڕێكخراوانه ئاماژه‌یان بۆ پێشێلكردنی مافه‌كانی مرۆڤ و ده‌ستگیركردنی ڕۆژنامه‌وان، چالاكی مه‌ده‌نی و مامۆستایانی زانكۆ كردووه له توركیا.
له‌نێو ئه‌و ڕێكخراوانه‌دا كه یاداشته‌كه‌یان ئاراسته‌ی حكوومه‌تی ئه‌ڵمانیا كردووه، دوو ڕێكخراوی سه‌ر به دووه‌م گه‌وره‌پارتیی ده‌سه‌ڵاتداری ئه‌ڵمانیا هه‌ن كه یه‌كه‌م جاره له‌گه‌ڵ ڕێكخراوه كوردستانییه‌كانی ئه‌ڵمانیا هه‌ماهه‌نگی بكه‌ن و یاداشتێكی وه‌ها ئاراسته‌ی حكوومه‌ت بكه‌ن.
هه‌ر له‌و نامه‌یه‌دا ئه‌و ٦ ڕێكخراوه داوایان كردووه: ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ی له‌سه‌ر حیسابی کوردان پێكهێنراون، به‌زووترین کات بوه‌ستێنرێن و هه‌نگاوی پێویست بنرێت بۆ:
- وه‌ستاندنی هه‌موو هێرشه سه‌ربازییه‌کانی سوپای تورکیا دژی کوردان.
- وه‌ستاندنی ده‌ستوبردی هه‌نارده‌کردنی چه‌کی ئه‌ڵمانی بۆ تورکیا.
- گه‌ڕاندنه‌وه‌ی هه‌موو سه‌ربازه ئه‌ڵمانییه‌کان له تورکیا.
- ناتۆ هه‌ڵوێستی ڕوونی هه‌بێت له دژی هێرشه‌کانی تورکیا بۆ سه‌ر ڕۆژئاوا.
- ئازادکردنی هه‌موو زیندانییه سیاسییه‌کان له تورکیا.
- ناردنی تیمێکی چالاک و کاریگه‌ر له لایه‌ن نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کانه‌وه بۆ هه‌رێمه‌که.
s.m