پارتی دەسەڵاتداری ئەڵمانیا داوای کشانەوە تورکیا لە عەفرین دەکات
وتەبێژی پارتی یەکێتی کریستیانیانی دیموکراتی ئەڵمانیا CDU، کە پارتی ئانگێلا مێرکل، ڕاوێژکاری ئەڵمانیایە، داوای لە تورکیا کرد کە لە عەفرین بکشێتەوە.
وتەبێژی پارتی یەکێتی کریستیانیانی دیموکراتی ئەڵمانیا CDU، کە پارتی ئانگێلا مێرکل، ڕاوێژکاری ئەڵمانیایە، داوای لە تورکیا کرد کە لە عەفرین بکشێتەوە.
ئەمڕۆ یورگەن هارت، وتەبێژی پاتی یەکێتی کریستیانیانی دیموکراتی ئەڵمانیا CDU، لە دیمانەیەکدا بۆ ڕادیۆ دۆیچلەند فونک، باسی لە هێرشی تورکیا بۆ سەر عەفرینی کردوە و وتویەتی:"بە بۆچوونی من تورکیا دەبێت هەر چی زووترە ئەو ئۆپەراسیۆنە ڕابگرێت کە لە دژی عەفرین دەستی پێ کردوە و هێزەکانی بگەڕێنێتەوە سەر سنورەکانی خۆی".
هارت وتوشیەتی:" ڕاستە تورکیا لەگەڵ سوریا شەڕی دەست پێ نەکردووە، بەڵام ئەو مەترسییە هەیە تا لەگەڵ سوریاش بکەوێتە شەڕەوە، ئەوەش بۆ تورکیا زۆر مەترسیدارە". لە بەشێکی دیکەی دیمانەکەیدا ناوبراو داخوازیەکی ئاڕاستەی هاوپەیمانی باکوری ئەتەڵەسی ناتۆش کردوە، کە تورکیاش ئەندامیەتی، لە پای هێرشەکانی بۆ سەر عەفرین لە دژی تورکیا هەڵوێست وەر بگرێت".
جێگای ئاماژەیە، حکومەتی ئێستای ئەڵمانیا کە لە دەستی پاتی یەکێتی کریستیانیانی دیموکراتی ئەڵمانیا CDU دایە و ئەنگێلا مێرکل سەرۆکایەتی دەکات، ماوەیەکی دور و درێژە لەگەڵ تورکیا لە پەیوەندی گەرم و گوڕی سەربازی، ئابوری و سیاسی و هەواڵگری دایە و تانک و چەک و جبەخانەیەکی زۆری ئەڵمانی بە ڕژێمی تورکیا فرۆشتووە و دەفرۆشیت و تورکیاش لە دژی گەلی کورد و بەتایبەتی لە شەڕی عەفریندا بەرکاریان دەهێنێت. ئەم هەڵوێستەی پارتی ناوبراو بە وەرچەرخانێک لە سیاسەتیدا بەرامبەر بە تورکیا دێتە ئەژمار، بەڵام ئایا تا چەندەش لەسەر حکومەتەکەی ڕەنگ دەداتەوە دەبێت چاوەڕوانی ڕۆژانی داهاتوو بکرێت.
هـ.هـ