دەستەی مافی مرۆڤی سەنتەری پارێزەرانی دادگهکانی کرماشان له ڕۆژههڵاتی كوردستان، بە ڕاگەیەنراوێک، هێرشی دەوڵەتی تورکیای بۆ سەر عەفرین بەتووندی ئیدانە کرد و ڕایگەیاند: ئەو شەڕە زۆر ڕەهەندی مەترسیدار بەدوای خۆیدا دێنێت و لەوانەیە لەسەر زۆر شتی کەم بەها، وهڵاتانی ناوچەکە به گژ یەکتریدا بکات.
له ڕاگەیەنراوەکەی دەستەی مافی مرۆڤیی سەنتەری پارێزەرانی کرماشاندا هاتووه: لەچەند ساڵی رابردوودا و لەدوای ئەو هەموو ئازار و برینەی کە لە ئهنجامی دڕندایەتی داعش و گرووپە توندڕهوهجیهادییەکان هاتە ئاراوە، زەمەنێکی تاریک لە هەڵڕشتنی قین و دەستدرێژی و کوشتن و تاوان، باڵی بەسەر ڕۆژهەڵاتی ناویندا کێشا. مافی مرۆڤ و بەها جیهانییەکانی هەروەک ئاشتی، گەشەی بەردەوام، ئارامی، ئاسایشی نێودەوڵەتی، سەرچاوە ژینگەییە تەندرووستەکان و مافی ژیان، ڕووی لە پاشەکشە کرد و زۆر شوێنی ئارام کرانە شوێنی نائارام و ئاڵۆز کە ژیان تێیدا ئەستەم بێت.
«لە ڕۆژانی ڕابردوودا و لە زەمەنی دوای داعش، شاڵاوێکی دیکەی هێرشی تۆپخانەیی و چەکە مەترسیدارە سەربازییەکان و لە ئاستێکی بەرزتر و بەرفرەوانتردا، ئەوجار لە دژی گەلی کورد لە عەفرین-ی سووریا، لەلایەن وهڵاتی تورکیاوە بەڕێوە دەچێت. ئەوجار هێرشی وهلاتێک لە دژی بەشێک لە خاکی وهڵاتێکی دیکە و بە پشتیوانی ئاشکرای وهڵاتانی ناوچەکە و وهڵاتی هێرش بۆسەرکراو لە ئارادایە. بەو هۆیەی کە لایەنێکی شەڕەکە تورکیایە کە مێژووی ئەو وهلاتە پڕە لە بێڕێزی و قەبووڵ نەکردنی بنەما و بەها هاوبەشە مرۆڤییەکان، ئەو شەڕە، زۆر ڕەهەندی مەترسیداتر و ئالۆزتری دیکەی لە دەستدرێژییەکانی داعش، بەدوای خۆیدا دنێت و دەتوانێ ببێتە بناغەی سەرهەڵدانی شەڕ و ئاڵۆزی لە وڵاتانی دیکەی ناوچەکەش و لەوانەیە لەسەر شتە کەم بەهاکانیش، وڵاتانی ناوچەکە بە گژ یەکتری دابکات.»
ههر له بهیاننامهكهدا ئاماژه بۆ ئهوه كراوه: ئهو شهڕهی ئهمڕۆ تورکیا بە هاوپەیمانی لەگەڵ گرووپە جیهادییە توندڕهوهکان بەسەر عەفریندا سەپاندوویهتی کە خۆبەڕێوەبەرییەکی تا ئاستێک ئۆتۆنۆمی هەیە، ژیان و مافەکانی کوردەکان، لە ئاستێكی بەرفرەواندا بەرەو لەناوچوون دەبات.
«تورکیا، بهبێ لەبەرچاوگرتنی یاسا و ڕێساکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و بەهاگەلێکی وەکوو ئاشتەوایی و جێگیربوونی ئاسایشی نێودەوڵەتی، بە یەکگرتن و هاوپەیمانی لەگەڵ گرووپە مەزهەبییە توندڕهوهکان، شەڕێکی دەست پێکردووە کە کۆتاییەکی پڕمەترسی بۆ مافەکانی مرۆڤ لەگەڵ خۆیدا دێنێت و لەوانەیە ببێتە هۆی قڕکردن و ژینۆسایدی تەواوەتی گەلی کورد. عەفرین کە لە ساڵانی ڕابردوودا، ئارامترین و هێمنترین ناوچەی سووریا بووە، ئەم ڕۆژانە بووهته ئامانجی شاڵاوی کوشتن و لهناوبردن. ئهم شهڕه دهبێته هۆی ئهوهی بناغەی هێمنی و ئارامی ئەو ناوچەیە لەبەریەک هەڵتەکێ.»
دهستهی مافی مرۆڤی سهنتهری پارێزهرانی دادگهكانی كرماشان له درێژهی بهیاننامهكهدا ڕایگهیاندووه: ئێمە وەکوو ئەندامانی دەستەی مافی مرۆڤ، سەرەڕای وەبیرخستنەوەی بەها گەردوونییەكان و خاڵی ٣ی جاڕنامەی گەردوونی مافهكانی مرۆڤ، پێداگرین لەسەر ئەوەی کە کردەوەکانی تورکیا هەڕەشەیە لەسەر ئاشتەوایی و بەپێی خاڵی ٣٩ی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕەفتاری دەستدرێژیكارانهیه. هەر بۆیە پێویستە ئەو بابەتە بەپێی خاڵی ٧ی جاڕنامەی ئەنجومەنی ئاسایش بخرێتە بەر باس و لێکۆڵینەوە و لەلایەن ئەو ئەنجومەنەوە، هەڵوێستی پێویست و بەپەلە بۆ پاراستنی ئاشتەوایی و ئارامی ناوچەکە، وەربگیرێت.
له درێژهی بهیاننامهكهدا هاتووه: هاوپەیمانی و یەکگرتنی ناموبارەکی گرووپە سەلەفیستە جیهادییەکان لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا، هیچ ئاسۆیەکی ڕوونی نییە و دەتوانی بە ژینۆساید کردنی کورد و گەلانیتری عەفرین، کۆتایی پێبێت. بۆیە ئێمە وەک دەستەی مافی مرۆڤ، بە پاڵپشتی لە هەموو ئەو بانگەواز و ڕاگەیەنراوانەی کە بۆ ڕاگرتن و نەهێشتنی کوشت و کوشتار بڵاوکراونەتەوە، داوا لە وهڵاتان و بەرپرسان دەکەین کە زەمینەی ڕاگرتنی شەڕ و هێرشەکانی تورکیا بۆ ناوچە کوردییەکان بڕەخسێنن و بە ڕاشکاوی دژایەتی خۆیان لەگەڵ هەموو شەڕفرۆشییەک ڕاگەیەنن و هەوڵ و تێکۆشانی خۆیان بۆ بەرقەراری ئاشتی لە ڕێگەی گفتوگۆ و دیپڵۆماسی، چڕتر بکەنەوە.