هونه‌رمه‌ند و نووسه‌رانی كورد و كوردستان له ئه‌ڵمانیا، له به‌رده‌م بینای وه‌شانخانه‌ی میزۆپۆتامیا و میر مولتیمه‌دیا له شاری نۆیس-ی ئه‌ڵمانیا گردبوونه‌وه‌یه‌كیان سازكرد و ئیدانه‌ی هه‌ڵكوتانه سه‌ر وه‌شانخانه‌ی میزۆپۆتامیا و میر مولتیمه‌دیایان كرد له لایه‌ن پۆلیسی ئه‌ڵمانیا. هونه‌رمه‌ندان ڕایانگه‌یاند ئه‌ڵمانیا له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندیی ئابووری خۆی هێرش ده‌كاته سه‌ر كولتووری كوردان.
ده‌یان پۆلیسی ئه‌ڵمانیا ماوه‌ی دوو ڕۆژه به‌رده‌وامن له گه‌ڕان و لێكۆڵینه‌وه له‌و دوو ناوه‌نده كولتوورییه‌ی كوردان و ناهێڵن هیچ كه‌س بچێته ئه‌و ناوه‌ندانه. پۆلیس له دوێنێوه ده‌ستی به‌سه‌ر ٧ كامیۆن كتێب، سی دی و پێداویستیی موزیكی-دا گرتووه.
هونه‌رمه‌ند و نووسه‌رانی كورد و كوردستان له ئه‌ڵمانیا، به‌مه‌به‌ستی ئیدانه‌كردنی هه‌ڵوێستی پۆلیسی ئه‌ڵمانیا له به‌رده‌م ئه‌و دوو ناوه‌نده گردبوونه‌وه‌یه‌كیان ساز كرد.
له گردبوونه‌وه‌كه‌دا هونه‌رمه‌ندان ڕایانگه‌یاند: ئێمه له وه‌ڵاتێكی وه‌ها ده‌ژین كه ده‌گوترێت دادپه‌روه‌ری و مافی مرۆڤ هه‌یه. به‌ڵام سه‌د مه‌خابن ڕوون و ئاشكرایه كه ئه‌مه كورد و كولتووری كوردان ناگرێته‌وه. ئێمه باش ئاگاداری هه‌موو قه‌ده‌غه‌كارییه‌كین كه له‌سه‌ر موزیك، هونه‌ر و كولتوور هه‌یه. له‌و وه‌ڵاته‌ی ئێمه‌ی لێ ده‌ژین، ساڵانێكی زۆره زه‌خت و زۆرداری ده‌بینین.
هونه‌رمه‌ندان ئاماژه‌یان بۆ ئه‌وه كرد، ماوه‌ی ٣٥ ساڵه له‌و ناوه‌ندانه كار ده‌كه‌ن. ئێستا پۆلیسی ئه‌ڵمانیا ده‌ستبه‌سه‌ر كتێب، سی دی و پێداویستییه‌كانی ستۆدیۆدا ده‌گرێت و ده‌یانبات.
هونه‌رمه‌ندان وتیان: له عه‌فرینیش چه‌ته‌كان كه هێرش ده‌كه‌ن، مریشكی گوندنشینه‌كانمان ده‌دزن، ئه‌ڵمانیاش لێره هه‌مان شت ده‌كات و هه‌موو شتێكی ئێمه ده‌به‌ن.
هونه‌رمه‌ندان هێمایان بۆ ئه‌وه كرد، ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی ئه‌و ناوه‌نده‌كولتووریانه‌ی كوردان له دوای سه‌ردانی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا بۆ ئه‌ڵمانیا دێت. ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی حكوومه‌تی ئه‌ڵمانیا له چوارچێوه‌ی هاوپه‌یمانه‌تیی نێوان ئه‌ڵمانیا و توركیایه دژی كوردان.
s.m