پۆلیسی کەرکووک: هیچ مه‌ترسییه‌ك له‌سه‌ر كه‌ركووك نییه‌

ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژێكه‌ به‌شێوه‌یه‌كی به‌رفره‌وان دەنگۆی هێرشی چەکدارانی داعش بۆسەر کەرکووک هه‌یه‌. پۆلیسی کەرکووکیش ڕایگه‌یاند: داعش هێزی ئەوه‌ی نییه‌ هێرش بکاتە سەر کەرکووک.

دەربارەی ئەو دەنگۆیانەی باس له‌ هێرشی چه‌ته‌كانی داعش ده‌كه‌ن بۆ سه‌ر كه‌ركووك، عەقید ئەفراسیاو كامیل وتەبێژی پۆلیسی كەركووك ڕاگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌ و هاوڵاتیانی دڵنیاكردۆته‌وه‌ كه‌ دۆخی شارەکە  ئارامە و ئەو پڕوپاگەندانەی باس له‌ مه‌ترسی سه‌ر شاری كه‌ركووك ده‌كه‌ن دوورن لە ڕاستییەوە.

وتەبێژی پۆلیسی كه‌ركووك ڕاشیگه‌یاندووه‌، داعش هیچ دەسەڵاتێکی وا بەهێزی نه‌ماوه‌ بتوانێت هێرش بكاتە سەر كەركووك. هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كردووه‌، هێزە ئەمنییه‌کانی کەرکووک و ئەو هێزانەی لە شارەکەن ئامانجیان پاراستنی ئەمنیەتی شار و هاوڵاتیانە، بۆیە هیچ پێویست بە ترس و دڵەڕاوکێ ناکات، دۆخی كه‌ركووك ئاساییە.

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ لیوا روكن مەعن ساعدی، فەرماندەی دژەتیرۆری عێراق لە كەركووك ڕایگه‌یاند، هێزەكانیان لە ئامادەباشیدان بۆ ڕووبه‌ڕوونه‌وه‌ی هەر كەسێك بیەوێت دەست بۆ ئاسایشی شارەكە ببات.

 

s.m