پەرلەمانی سوید: سەمینارێک لە سەر عەفرین، بۆ ساڵح موسلم ڕێکخرا
لە پەرلەمانی سوید، پارتی سۆسیال دیموکرات و پارتی ژینگە، سەمینارێکیان لە سەر داگیرکردنی عەفرین بۆ 'ساڵح موسلم، بەرپرسی پەیوەندییە دبلۆماسیەکانی تەڤ-دەم'، ڕێکخست.
لە پەرلەمانی سوید، پارتی سۆسیال دیموکرات و پارتی ژینگە، سەمینارێکیان لە سەر داگیرکردنی عەفرین بۆ 'ساڵح موسلم، بەرپرسی پەیوەندییە دبلۆماسیەکانی تەڤ-دەم'، ڕێکخست.
دوێنێ پێنج شەممە ڕێکەوتی ٢٢/٣/٢٠١٨ کرستیانی، بەرامبەر بە ۰۲ی خاکەلێوەی ۲۷۱٨ کوردی، هەر دوو پارتی حوکمڕان لە سوید ( پارتی سۆسیال دیموکرات و پارتی ژینگە)، لە نێو پارلەمانی وڵاتەکەیان، سەمینارێکیان بۆ 'ساڵح موسلم، بەرپرسی پەیوەندییە دبلۆماسیەکانی تەڤ-دەم'، ڕێکخست تا لە بارەی داگیرکردنی عەفرین و دوایین پێشهاتەکانی ڕۆژئاوی کوردستان قسەوباس بکات.
لە سەرەتای سەمینارەکەدا، کە چەندین کە سایەتی سویدی، کوردی و تورکی تێیدا بەشداربوون، دوو وتەی کورتی نوێنەرانی هەر دوو پارتی خانەخوێ پێشکەش کران و وێڕای بەخێرهێنانی موسلم و ئامادەبووان تێیاندا، ئاماژە بە دۆخی عەفرین و داگیرکردنی لەلایەن تورکیاوە درا و سەرەڕای سەرکۆنەکردنی ئەو داگیرکارییەش، پشتیوانی خۆیان بۆ عەفرن دووپات کردەوە.
پاشان ساڵح موسلم، قسەی کرد و باسی لە چەند پرسێکی گرنگ کرد لەوانەش، داگیرکردنی عەفرین لە لایەن تورکیا و چەند گروپێکی توندڕەو و تەرۆریستی گرێدراوی خۆیەوە و ئەوەش ی پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتیی زانی. هەر بۆیەش جەختی کردوە، گرنگە لە ئێستادا، ئەوروپا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی داوای دەرچوونی دەست بەجێی تورکیا لە عەفرین بکەن.
ساڵح موسلم، هۆکای سەرەکی هێرشی سوپای تورکیا بۆ سەر عەفرین و پاشان داگیرکردنی گەڕاندەوە بۆ دژایەتیکردنی حکومەتی ڕەگزپەرستی تورکیا بۆ گەلی کورد. باسیشی لەوە کرد، کە کورد لە عەفرین و لە شوێنەکانی تری ڕۆژئاوای کوردستان لە بونیاتنانی کۆمەڵگایەکی دیمۆکرات، و یەکسان و ئازادا، کە مافەکانی تاک و کەمایەتێکانی تێدا پارێزراو بێت کاری جددی کردووە و بەکردەییش ئەوەی جێبەجێ کردوە. بەڵام تورکیا ئەمەی بە مەترسی دادەنا و هەمیشە لەدژی دەوستێتەوە.
لە میانەی قسەکانیدا، ساڵح موسلم، باسیشی لەو هەنگاوانە کرد، کە گرنگە سوید و وڵاتانی یەکیەتی ئەوروپا بینێن دژ بە تاوانەکانی ڕژێمی تورکیا و سنوردانانێک بۆ داگیرکاریەکەی.
باسکردن لە تەرۆریزم، تەوەرێکی دیکەی قسەکانی ساڵح موسلم بوو و لەو بارەشەوە وتی:" خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان هەر لە سەرەتاوە دژایەتی داعش و گشت گروپە تەرۆریستەکانی تریان کردووە. هەر خەڵک و شەرڤانی ڕۆژئاوای کوردستان بوون کە کاریگەریترین هێز بوون دژی تەروریستانی داعش. ئێستاش لە ژێر سێبەری حکومەتی تورکیا زۆر لەو گروپە تیرۆریستانە ژیاونەتەوە، ئەمەش مەترسییە بۆ سەر ئاساییشی ناوچەکە و وڵاتانی دیکەی جیهان".
هەر لەهەمان هۆل و پاش سیمینارەکە، کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی، بۆ ساڵح موسلم ڕێکخرا، کە تێیدا زۆرێک لە مەدیاکانی سوید و ژمارەیەک کاناڵ و تۆڕی هەواڵی کوردی جیهانی ئامادەبوون و موسلم وەڵامی زۆر پرسیاری لە بارەی عەفرین، ڕۆژئاوای کوردستان و تورکیا و تەرۆریزم و هەڵوێستی ئەوروپا و جیهان و قۆناغی نوێی بەرخۆدانی عەفرینی دایەوە.
پاشان ساڵح موسلم، لە لایەن هێزی ئەمنیی پەرلەمانی سویدەوە تاکوو شوێنی مانەوەی خۆی بەڕێکرا.
هـ.هـ