چیک: هەمیشە دەرگامان بۆساڵح موسلم لە سەر پشتە
لە بەرلین، نوێنەرایەتی ڕۆژئاوای کوردستان بالیۆزخانەی چیکی بەسەرکردوە و بالیۆزی چیک وتویەتی:"ساڵح موسلم، کەی بیەوێت بێ کێشە دەتوانێت سەردانی چیک بکات".
لە بەرلین، نوێنەرایەتی ڕۆژئاوای کوردستان بالیۆزخانەی چیکی بەسەرکردوە و بالیۆزی چیک وتویەتی:"ساڵح موسلم، کەی بیەوێت بێ کێشە دەتوانێت سەردانی چیک بکات".
بەداواداچوونەکان بۆ ڕوداوی دەستبەسەرکردنەکەی"ساڵح موسلم"، هاوسەرۆکی پێشووی پەیەدە و بەرپرسی دەستەی دبلۆماسی تەڤ ـ دەم، لە ڕێککەوتی ڕۆژی شەمەی ڕابردوو لە پراگی پایتەختی چیک کەوتەوە، بەردەوامن.
لەو چوارچێوەیەدا، ئەمڕۆ لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا، دکتۆر مەسعود حەسەن، نوێنەری ڕۆژئاوای کوردستان لە بەرلین و شاندێکی یاوەری سەردانی بالیۆزخانەی وڵاتی چیکی کرد و لەلایەن باڵیۆزی ئەو وڵاتە ئۆسکار نۆڤاک و سارکا سترالۆڤا، بەرپرسی نوسینگەی سیاسی باڵیۆزخانەکەوە پێشوازیان لێکرا و پێکەوە کۆبوونەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، باس لە دەستبەسەرکردنەکەی ساڵح موسلم کرا و باڵیۆزی چیک بەناوی بالیۆزخانەکەوە نیگەرانی خۆی لە دەستبەسەرکردنەکە دەربڕیوە و وتویەتی:" وەزارەتی داد دڵنیایی داوە لە پاکی و بێتاوانی بەڕێز موسلم و هاوکات سکاڵاکەی دەوڵەتی تورکیای دژ بە ساڵح موسلمیشی بەناڕەوا زانیوە".
بالیۆزی چیک، جەختی کردوەتەوە:" هەمیشە دەرگای بۆ ساڵح موسلم لە سەر پشتە و کەی بیەوێت بێ کێشە دەتوانێت سەردانی وڵتەکەمان بکات".
لای خۆیشیەوە، دکتۆر مەسعود حەسەن، نوێنەری ڕۆژئاوای کوردستان، سپاسی پێشوازی و هەڵوێستی باڵیۆز و بەرپرسانی باڵیۆزخانەی چیکی لە ئەڵمانیا کردوە و هیوای خواستووە:"پەیوەندیەکانی نێوان هەردوولا زیاتر پەرەبستێن و پتەورتر بن و ئەوەی لەگەڵ ساڵح موسلم لە پراگ ڕوویدا هەرگیز دووبارە نەبێتەوە و ببێتە ڕابردوو".
پێشتریش، چەندین بەرپرسی باڵای وڵاتی چیک، دەسەبەسەرکردنی ساڵح موسلمیان بەکاریکی کەسی لەناو پۆلیسی ئەنتەرپول بەناو کردبوو.
هـ.هـ