لە ڕۆژانی ۱٥ و ۱٦ی مانگی ئاداری ئەم ساڵ، لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا، 'دادگای هەمیشەیی خەڵک'، سەبارەت تاوانەکانی تورکیا بەرامبەر بە کوردی باکوری کوردستان پێکهات. لە بەر گرنگی مژارەکە ئاژانسەکەمان فورات نیوز بە باشی زانی لەوبارەوە دیمانەیەک لەگەڵ"عوسمان ئیسماعیل، کاندیدی دکتۆرا لە یاسای نێودەوڵەتی/لەندەن" یەک لە بەشدارانی دادگاکە بکات. لەم دیمانەدا عوسمان ئیسماعیل، لە ڕوانگەی یاسای نێودەوڵەتییەوە بەڕێوەچوونی 'دادگای هەمیشەیی خەڵک' هەڵدەسەنگێنێت و وردەکاری لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەچوونی و ئامانج و بڕیارەکانی و گرنگی دادگا و کۆی گشتی پرۆسەکە دەدات.
"دادگای هەمیشەیی خەڵک دادگایەکی نێودەوڵەتیە بۆ لێکۆڵینەوە لە ستەم لێکروان"
فورات نیوز: دادگای هەمیشەی خەڵک چ جۆرە دادگایەکە و ئەرکی چییە؟
عوسمان ئیسماعیل: " دادگای هەمیشەیی خەڵک دادگایەکی نێودەوڵەتیە لەسەر داوای خەڵکی ستەم لێکراو پێکدێت بۆ لێکۆڵینەوە لەو تاوانانەی بەرامبەریان کراوە لەلایەن ڕژیمی سیاسی وڵاتەکەیان یان هەر ڕژێمێکی تر کە دادگاکانی نێودەوڵەتی دەسەڵاتیان سنوردارە لە ڕووی ماف یان دەسەڵات یان لەبەر هۆکاری سیاسی ناتوانن لێکۆڵینەوە لە قەزیەکە بکەن. ئەم دادگایە لەساڵی ١٩٧٩ لەلایەن سیناتۆرێکی ئیتالی بەناوێ "لێلۆ باسۆ"، دامەزراوە بۆ ئیدانەکردنی تاوانەکانی ڕژێمە سەربازی و دیکتاتۆریەکان بەرامبەر بە خەڵک. هەروەها ئەم دادگایە بریتی بوو لە گەشەپێدان و بەردەوامبوونی دادگای ڕوسێل کە بۆلێکۆڵینەوەی تاوانە جەنگیەکانی ئەمریکا لە ڤێتنام و تاوانی دیکتاتۆرەکانی ئەمریکای لاتین لەنێوان ساڵانی (١٩٧٤-١٩٧٦) دامەزرا"
"دادگای هەمیشەیی خەڵک یاسای جاڕدانی گەردوونی مافی مرۆڤ بە بنەما دەگرێت"
فورات نیوز: دادگای هەمیشەی خەڵک چ یاسایەک بە بنەما دەگرێت و پێکهاتەکەی چییە؟
عوسمان ئیسماعیل: " دادگاکە بەشێوەیەکی سەرەکی پشت دەبەستێت بەو ڕێسایانەی دیاری کراون لە یاسای جاڕدانی گەردوونی مافی مرۆڤی خەڵک، کە لە ووڵاتی جەزائیر لەساڵی ١٩٧٦ ڕاگەیاندراوە. ئەم جاڕنامەیەش لە نزیکەوە پەیوەستە بە بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ژمارە ١٥١٤ (١٥)ی نەتەوە یەکگرتوەکان لەساڵی ١٩٦٠ پەیوەست بەمافی چارەنوسی گەلانی بێ دەوڵەت.
جۆری پێکهاتەی ئەم دادگایانە بریتی دەبێت، لە سەرۆکێک و چوار جێگر و سکرتێری گشتی و ٦٦ ئەندامی شارەزای نێودەوڵەتی لە دیسیپلین و بواری جیاواز. لە ناو دادگادا پانێڵی دادگەران هەمەچەشنەن و لە خەڵکانی یاساناس و بە ئەزمون لە بواری بەڕێوەبەرایەتی سیستەمی حکومڕانی و ئەکادیمی یان بوارێک کە توانای بڕیاردانی یاساییان هەبێت، پێک دێت و بەسەرۆکایەتی کەسێکی یاساناسی بەتوانا بەڕێوە دەچێت. لەکاتێکدا کە لایەنی قوربانیان پشت بە مافناس دەبەستن بۆ پێشکەشکردنی داواکەیان لەبەردەم پانێڵەکە، هەروەها لایەنی خەتاباریش (ئایا دەوڵەت بێت یان تاکەکەس) بۆی هەیە مافناسی هەبێت بۆ ئەوەی بەرەنگاری لەخۆی بکات لەدژی لایەنی داواکار، بەڵام زۆر دەگمەنە لایەنی خەتابار ئامادەیی خۆیان لەدادگاکە دەربڕن.
"تورکیا ئامادەی دادگای هەمیشەیی خەڵک لە پاریس نەبوو"
ئایا نوێنەی دەوڵەت و حکومەتی تورکیا ئامادەی دادگاکە بوو؟
عوسمان ئیسماعیل: " لە دادگای هەمیشەیی خەڵک بۆ قوربانیانی کورد، کە لە دژی تورکیا بەڕێوەچوو ، هەرچەندە داواکرابوو لە باڵیۆزی تورکیا کە ئامادەبن لە داداگا، بەڵام ئامادەییان پیشان نەدا و نەهاتنە داگادوە، بۆیە دوای دادگایەکە بێگومان ئەنجامەکە بە تورکیا ڕادەگەندرێت ".
"تا ئێستا جار دادگای هەمیشەیی خەڵک پێکهاتووە"
فورات نیوز: تا ئێستا چەند جار ئەم دادگایە دانیشتنی وای هەبووە؟
عوسمان ئیسماعیل: " تا ئێستا ئەمە ٤٣ ەمین جارە ئەم دادگاییانە دابمەزرێن و بڕیاری خۆیان لەسەر چەندین تاوانی جیاوازی وەک جینۆساید و تاوانی شەڕ و تاوانی دژی مرۆڤایەتی و چەندین تاوانی تر بدەن.
دادگای هەمیشەیی خەڵک لەسەر تاوانەکانی دەوڵەتی تورکیا بەرامبەر بەکورد لە ڕۆژانی ١٥ و ١٦ی ئاداری ٢٠١٨ لە پاریس بەئامادەبوونی کەسانێکی زۆری ئەکادیمی و سیاسی و ڕۆشنبیر و خەڵکانی سەربەخۆ بەڕێوەچوو. لەو دووڕۆژەدا چەندین گەواهیدەری شارەزاو ئاگادار و تێوەگلاو لەبارۆودۆخەکە ئامادەبون و گەواهی خۆیان پێشکەش بە دادگا کرد. دوای نزیکەی دوومانگ، واتە مانگی پێنجی ئەمساڵ، پانێڵی دادگەران بڕیار لەسەر جۆری تاوانەکان دەدەن".
"سکاڵاکاران داخوازیان لە دادگای هەمیشەیی خەڵک هەبووە"
فورات نیوز: داخوازی سکاڵاکارانی کورد بۆ تاوانبارکردنی تورکیا لە دادگاکە چی بوو؟
عوسمان ئیسماعیل: "مافناسی داواکەران (قوربانیان) داوای لەدادگا کرد کە:
١- پێویستە ووڵاتی تورکیا تاوانبار بکرێت بۆ ئەو تاوانانەی لە ڕۆژی ٠١/٠٦/٢٠١٥ بۆ ٠١/٠١/٢٠١٧ ئەنجامی داون کە بریتین لە: 'تاوانی شەڕ' لەچەند شارێکی کوردنشینی تورکیا، لەسەر ئەنجامی ڕوبەڕوبونەوەی لە گەڵ کوردەکان لە چوارچێوەی ململانێی سەربازی نادەوڵەتی.
٢- پێویستە دەوڵەتی تورکیا تاوانبار بکرێت بەڕێکخستن و فەرماندان و ئاسانکاری تاوانە گشتیەکانی وەک، هێرشی بۆمبارانکردن بۆ سەر خەڵکی سیڤیڵ و بەئامانج گرتن و کوشتنی کەسایەتیەکان و فڕاندن و چەندین تاوانی تر لە سەرخاکی تورکیا و لەدەرەوەی ووڵاتەکەی. بەتایبەتی لە دژی نوێنەرانی کورد و پەیمانگا و دەزگا کوردیەکان هەم لە تورکیا و هەم لە ئەوروپا و ووڵاتانی تر.
ئەردۆگان و جەنەڕاڵ ئادەم هودوتی کە سەرپەرشتی شەڕەکانی کردوە وەک تاوانبار ناسێنران"
فورات نیوز: ئایا سکاڵاکارانی کورد هیچ کەسان وەک تاوانباری سەرەکی نیشان دا؟
عوسمان ئیسماعیل: " بەڵێ، لەم چوارچێوەدا مافناسی داواکار داوای لە دادگا کرد، کە جگە لە دەوڵەتی تورکیا، داوادەکرێت دادگا دوو کەس وەک تاوانباری سەرەکی بناسێنێت کە ئەوانیش بریتی بوون لە:"ڕەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆکی وڵاتی تورکیا و جەنەڕاڵ ئادەم هودوتی"، کە سەرپەرشتی شەڕەکانی دژ بە کوردی کردوە لە شارەکانی باکوری کوردستان. دیسان لایەنی داواکار جەختی کردەوە و بە پێویستی زانی دادگا ئاگاداری ئەوە بێت ئەم جۆرە تاوانانەی تورکیا ئەنجامی داون لە چوارچێوەی ئەوە بووە کە کورد وەک پێکهاتەیەکی سەرەکی لە ووڵاتەدا داوای مافی چارەنوسی خۆی کردوە، کە ئەوەش وەک مافێکی چەسپێندراو لە یاسا نێودەوڵەتیەکاندابوونی هەیە و چالاکیەکانیان لەوچوارچێوەیەدابووە، نەک لەبەر هەر هۆکارێکی تر. هەروەک ئەوەش وترا تورکیا دەیەوێت هێرشەکانی بخاتە چوارچێوەی بەرەنگاری لە دژی تەرۆریستان. هەربۆیەش کەسانێکی شارەزا لە کاروباری تورکیا و یاسا نێودەوڵەتیەکان بانگهێشت کرابوون بۆ پێشکەش کردنی گەواهی لەسەر بارودۆخەکە لەووڵاتی تورکیا.
"ئەرکی کوردە ئەو تاوانەی کە بەرامبەری کراون بگەیەنێتە کۆمەڵگە و دادگا نێودەوڵەتییەکان"
فورات نیوز: ئەرکی کێیە تاوانەکان کە دژی گەلی کورد کراون بگەیەنێتە ناوەندە جیهانییەکان و دادگا نێو دەوڵەتیەکان؟
عوسمان ئیسماعیل: "بێگومان ئەمە ئەرکی هەر تاکێکی گەلی کورد و ڕێکخستنەکانیەتی تا هەوڵ بۆ ناساندنی ئەو تاوانانەی بەرامبەری کورد کراون بدەن و بیانگەیێنە ناوەندە جیهانییەکان و دادگا نێو دەوڵەتیەکان و لەچوارچێوەی تایاسای نێوەدەوڵەتیدا کاریان لەسەر بکرێت. گەلی کورد لەسەردەمی ڕابردوەوە بەرەوڕووی چەندین تاوانی گەورە بوەتەوە لەوانەش: ئەنفال و هەڵەبجە. هەروەها تاوانکاری دەوڵەتانی سوریا و عیراق و تورکیا و ئێران تا ئیستاش لە دژی کورد هەر بەردەوامن، بەڵام خەمساردی و گەندەڵی بووەتە هۆی ئەوەی نەتەوەکەمان بێ بەش بێت لە ناساندنی تاوانەکان لە دادگا نێودەوڵەتیەکان. لەکاتێکدا پارەیەکی زۆر بۆ چەندین چالاکی و دامو دەزگای ناپێویست خەرج دەکرێت، بەڵام چەند هەزار دۆلارێک بۆ ئەم کارە یاساییانە تەرخان ناکرێت. لەکاتێکدا جولەکەکان و بۆسنیەکان توانیان لەم ڕێگایەوە هەم ئەو تاوانانەی بەرامبەریان کراوە بە جیهانی بناسێنن، هەم بناغەی دەوڵەتی پێ دابنێن. بۆ نمونە، قەزیەی جینۆسایدی ئێزیدیەکان لەبەر نەبوونی یەکدەنگی و شێواندنی ڕاستیەکان، تائێستا نەتوانراوە بەپێی پێویست ئیشی لەسەر بکرێت، یان بەلایەنی کەمەوە دادگاییەکی لەم شێوەی بۆ دابمەزرێت".
"بڕیارەکانی دادگا ڕاستەوخۆ لەسەر تاوانباران جێبەجێ ناکرێن"
فورات نیوز: بڕیارەکانی دادگا چەندە گرنگن و چۆن لە سەر تاوانباران جێبەجێ دەکرێن؟
عوسمان ئیسماعیل: " گرنگە بزانرێت کە ئەم جۆرە دادگایانە کاتی و تایبەت و سەربەخۆن و لەسەرداوای خەڵکی قوربانی و ستەم لێکراو دادەمەزرێن بۆ لێکۆڵینەوە و شیکاریکردن و بڕیاردان لەسەر جۆری ئەو تاوانانەی ئەنجام دراون لەکات و شوێنیکی دیاریکراودا. هەرچەندە بڕیاری کۆتایی دەسەڵاتی دادوەری ئەم دادگایانە لەسەر ئەو کەسانە یان ئەو وڵاتانە جێبەجێ نابێت، بەڵام گرنگی ناساندنی تاوانەکان لە لایەن ئەم دادگایە لە کۆمەڵێک خاڵدا خۆی دەبینێتەوە:
١- ڕەئیەکی یاساییانە پێشکەش بە داداگا و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکات. ئەمەش دەبێتە پاڵپشتیەکی گشتی نێونەتەوەیی مەعنەوی بۆ قوربانیان لە چوارچێوەی یاسا و دروستکردنی ڕەئی نێو نەتەوەیی بەرامبەر بە تاوانبار و قوربانیان.
٢- قۆناغێکی سەرەتایی گرنگە بۆ بە یاساکردنی ئەو تاوانانە کە لەناوچەیەک و کاتێکی دیاریکراو بەرامبەر بە قوربانیان ئەنجام دراوەن.
٣- لەڕێگەی بەدواداچوونی یاسایی قوڵ و لێکۆڵینەوەی چڕ و پڕ، بڕیار ئیشەکانی دادگاکە وەک ئەمرێکی واقع، لە غیابی نەبوونی دادگایەکی منافس بۆ بەدواداچوون لەسەر تاوانەکان، بە بەهادار وەردەگیردرێن.
٤- دەبێت بە هەوێنیک بۆ داهاتو تا لیکۆڵینەوەی زیاتر و ئامادەکاری بۆ گەیاندنی تاوانەکان بۆ قۆناغێکی بەرزتر بۆ دامەزراندنی دادگا بەپێی یاسای نێودەوڵەتیی، یان بریاڕی تایبەتی ئەنجومەنی ئاساییش نێودەوڵەتی لێبکەوێتەوە. بۆ نمونە: دادگای تاوانی نێودەوڵەتی هەریەکە لە ڕواندا و یوگسلاڤیا کە تایبەت بە جینۆساید و تاوانە نێودەوڵەتیەکان دامەزران، لەو چوارچێوەیەدا بوون. هەروەها هەندێک جار لەئەنجامی گۆرینی ڕژێمی ووڵاتەکەوە دەرفەت دروست دەبێت بۆ بەدواداچوونی تاوانەکان بۆ نمونە: لەگەڵ لابردنی سەددام حسێن و نەمانی ڕژێمی بەعس لە عیراق، دادگای کاتی و تایبەتی بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی ئەو ڕژێمە دامەزرێنرا.
٥- لێکۆڵینەوە لەهەندێک تاوان کە هێشتا لە یاسای نێودەوڵەتی یاسایەکیان بۆ نەخوڵقێنراوە یان یاساکە وەک پێویست پێشکەوتوو نییە بۆ بەتاوان ناساندنی ئەو جۆرە تاوانانە. هەربۆیە یارمەتی گەشەسەندنی یاسای نێودەوڵەتی دەدات بۆ داهێنانی یاسای نوێ بۆ لێکۆڵینەوە لەو تاوانانەی نەخراونەتە بواری یاسای پێویستەوە جا لەبەر هۆکاری سیاسی یان یاسایی".
"تورکیا ئەندامی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی نییە و بەبیانوی شەڕی دژی تەرۆر شەرعیەت بە تاوانەکانی دەدات"
فورات نیوز: ئایا تورکیا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەچنە ژێری بار بڕیارەکانی دادگاوە؟
عوسمان ئیسماعیل: " لە کۆتاییدا، دامەزراندنی ئەم دادگایە لەوە سەرچاوەی گرت کە تورکیا وەک دەوڵەت ئەندامی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی نییە، هەروەها پێگەی ستراتیجی ئەو ووڵاتە لەڕوانگەی سیاسی و ئابووریەوە بەهێزە. ئەمەش دەرفەتی ئەوەی پێداوە، هەم کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و هەم ئەنجومەنی ئاساییش ناچار بکات تا چاوپۆشی لە تاوانەکانی بکەن لەلایەکەوە و هەروەها لەلاکەی ترەوە تورکیا بەرژەوەندی تەواوی وەرگرتوە لە ناساندنی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) وەک ڕێکخراوێکی تەرۆریست. ئەمەش دیسان کێشەیەکی تری یاسایی بەرچاوی بۆ کورد دروست کردوە، چونکە تورکیا هەمیشە هەوڵ دەدات شەرعیەت بە تاوانەکانی بدات بەرامبەر بە گەلی کورد لە چوارچێوەی شەڕ لەدژی تەرۆر. تائێستا دادگای مافی مرۆڤی یەکێتی ئەوروپا (٢٩٩٨) جار تورکیا وەک تاوانبار ناساندوە، زۆرترین ڕێژە کە دەکاتە لە ١٧% هەمو بریارەکانی دادگاکە، لە ڕووی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و هەروەها چەندین هەزار قەزیەی تر ماوە کە بریاری لەسەر بدرێت. بەڵام 'دادگای هەمیشەیی خەڵک' جیا لەدادگاکانی تر تایبەتە بە تاوانە نێودەوڵەتیەکان و بەدڵنیاییەوە لەڕووی یاسا و مەعنەویی ڕەئی نێودەوڵەتیەوە پاڵپشتیەکان بۆ نەتەوەی کورد زۆر بەهێزتر دەکات.
کاریگەری بریاری دادگا لەڕووی سیاسیەوە، لە کاتێکدا تورکیا سنوری تاوانکاریەکەی بەرامبەر بە خەڵکی کورد تێپەڕاندوە و گواستویەتیەوە بۆ ووڵاتەکانی تریش، بارودۆخی سیاسی ناوچەکە و نێودەوڵەتی زۆر نالەبارە بۆ ڕێگرتن لە تاوانەکانی تورکیا، هەروەک بەرژەوەندی هاوبەشی دەوڵەتە زلهێزەکان لەسەر حسابی گەلانی قوربانیدەر ڕێگە پێدەرە بۆ دەست درێژیەکانی ئێستای تورکیا. بەڵام ئەگەر بڕوانین، لەسەردەمی جەنگی سارد، سەرەڕای ئەم هەموو تاوانکاریە نێودەوڵەتیانەی ئەنجام دران، بەداخەوە ڕۆڵی یاسا زۆر سنوردار بوو. لەگەڵ نەمانی جەنگی سارد، جگە لە دامەزرادنی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی و چەندین داگای نێودەوڵەتی کاتی، ووڵاتانی ڕۆژئاوا، ئەگەر چی ڕۆڵیان وەک پێویست بەرز نە نرخێندراوە بەرامبەر بە قەزیەی کورد، بەڵام دەیانەوێت یاسای نێودەوڵەتی بەرەو پێشەوە بچێت، بەتایبەتی لە چوارچێوەی مافەکانی مرۆڤدا. هەڵبەتە ڕوو وەرگێڕانی تورکیا بۆ جیهانی ڕۆژهەڵات و ڕووسیا بەشێکە لە خۆبەدوورگرتنی خۆی لە جێبەجێکردنی یاسا نێودەوڵەتیەکان، چونکە ئەم تەوژمەی بەیاساکردن و لێکۆڵینەوە لە تاوانەکان لەلایەن جیهانی ڕۆژئاواوە لە بەرژەوەندی خۆیی و نەتەوەی تورک نابینێت. سەرەڕای ئەوەی گەلی کورد بە بارودۆخێکی سیاسی و مرۆڤایەتی زۆر سەختدا تێپەڕ دەبێت و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە خەتابار تەماشا دەکرێت، بەڵام چەسپاندنی مافەکان لە چوارچێوەی یاسادا بەرامبەر بە تورکیا کارێکی ئاسان نییە بە تایبەتی کاتێک کورد لەدوای جەنگی جیهانی یەکەم لەبەر چەندین هۆکاری سیاسی ناوخۆیی و دەرەکی نەیتوانی مافە سیاسیەکان بەیاسا بکات و سەرنەکەوت لە بەدەست هێنانی دەوڵەت. لەوانەیە ئەم گۆڕانکاریە سیاسیانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەرفەتێکی تر بێت بەمەرجێک کورد دەرسی لەڕابردو وەرگرتبێت. هەربۆیە بەیاسایی کردنی تاوانی ڕژێمەکان بەرامبەر بەکورد دەبێتە بنچینەیەک بۆ دروست کردنی پایەکانی پێگەی نێودەوڵەتی کورد و بە لامەرکەزی کردنی دەسەڵات لەو ووڵاتانەی مافەکانیان تیادا پێشێل دەکرێت.
هـ.هـ