کەمپەینێکی ئیمزاکۆکردنەوە رێکخرا بۆ داخستنى ئەو رێکخراوانە، کە لە ئەڵمانیا هانی شەڕ دەدەن و پڕوپاگەندە بۆ ئاکەپە دەکەن. کەمپەینەکە لە شارى بەرلین بە ئەنجامدانى کۆنفڕانسێکى رۆژنامەنووسى، ئامانج و هۆکارەکانى خستەڕوو.
دواى ئەوەى دەوڵەتى تورکیا و چەتەکانى دەستیان بە هێرشى داگیرکەرانە بۆ سەر عەفرین کرد، رێکخراوەکانى رژێمى ئاکەپە لە ئەڵمانیا زۆرزیاتر دەستیان کرد بە کارى هاندانى شەڕ و پڕوپاگەندەى نەژادپەرستانە. لە دوایین کارییاندا لە مزگەوتێکى سەر بە (DÎTÎB) لە شارى هێرفۆردی ئەڵمانیا جلوبەرگى سەربازییان کردە بەر منداڵان و بە سرودى نەژادپەرستانە نمایشیان پێکردن.
ئەڵمانیا یەکێکە لەو وڵاتانە باجى زۆر قورسی بۆ فاشیزم داوە. لەبەر ئەوەى جارێکیتر شتێکى لەو جۆرە روونەداتەوە و ئەو مزگەوت و رێکخراو و کۆمەڵانەى بوونەتە ئامێرى پڕوپاگەندەى شەڕی دەوڵەتى تورک دابخرێن، کەمپەینێکى ئیمزا کۆکردنەوە دەستیپێکرد. لە شارى بەرلین دەستەیەک بۆ کەمپەینەکە دامەزرێندرا.
کەمپەینەکە بە کۆنفرانسێکى رۆژنامەوانى لە بیناى کۆنفرانسە رۆژنامەنوانییەکانى فیدراڵ (Bundespressehaus) دەستى بەکارەکانى کرد. کلاوس فابێر لە کۆمەڵەى ئەنتى سمیتیسم، یەکۆ ئەرداڵ هاوسەرۆکى ناڤدەم (NAV-DEM) لە بەرلین، گیاسەتین سایان سەرۆکى کۆمەڵگەى کورد بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان (UNA-KURD)، مەلا داود لە مزگەوتى میزۆپۆتامیا، ئیسماعیل پارماکسز سەرۆکى کۆمیتەى کەمپەینى کۆکردنەوەى ئیمزا لە دژى نەژادپەرستى و هاندانى شەڕ، بەشداریى کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکە بوون.
لە کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکەدا راگەیاندرا، دەوڵەتى تورکیا لە دژى ئەو کەسانەى لەگەڵ خۆیدا نین بە تایبەتى لە دژى کورد شەڕی راگەیاندووە، بۆیە نابێت ڕێگای پێ بدرێت ئەو عەقڵییەتە تاکپەرستییە لە ئەڵمانیا برەو پێبدات.
لە کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکەدا دەقی راگەیاندراوى کەمپەینەکە خوێندرایەوە و تیایدا هاتووە، دەوڵەتى تورکیا ئایین بەشێوەیەکى تایبەت بۆ بەرژەوەندیى خۆى بەکاردەهێنێت و لەو ڕێگەیەوە بڕواداران دەکاتە ئامێرێک بۆ ئامانجە چەپەڵ و داگیرکارانە و تاڵانکارییەکانى.
"هەڕەشە لە گەشبینیى نێوان مرۆڤەکان دەکرێت"
ئەوە بە بیرخرایەوە، کە ژمارەیەکى زۆر لە خوێندنگەکان لە بەرلین پڕوپاگەندەی ئاکەپە بۆ خوێندکارانى تورک دەکەن و ئەوەش بووەتە هۆى ئەوە خوێندکارانى تورک سوکایەتى بەخوێندکارانى کورد بکەن.
چالاکوانەکان رایانگەیاند، لەو ڕێگەیەوە لە ئەڵمانیا هەڕەشە لە گەشبینیى نێوان مرۆڤەکان دەکرێت. بۆ ئەوەش داوایانکرد هەموو ئەو ڕێکخراوانەى دەوڵەتى تورک، کە لە ئەڵمانیا بوونەتە هاندەری شەڕ، توندوتیژى و دوژمنایەتى دابخرێن.
لە راگەیاندراوەکەدا و لە بەشى "بۆ پاراستنى ئارامیى ناوخۆیى و ئاشتى لە ئەڵمانیا" ئەم خاڵ و داواکارییانە خرانەڕو:
- یەکێتیى ئیسلامیى دەزگاى دیانەتى تورکەکان (DÎBÎT) بووەتە شوێنى بڵاوکردنەوەى عەقڵیەتى دوژمنایەتیکردن و هاندانى شەڕ. مزگەوتەکانی ئەو دەزگایە و کۆمەڵە و رێکخراوەکانى بوونەتە ناوەندى داعش و دەبێت دابخرێن. ئەو مزگەوتانە هیچ پەیوەندییەکیان بە ئیسلامەوە نییە.
- پێویستە ڕێکخراوەکانى وەک ئۆجاخی تورک – ئالپەرەن – عوسمانی، کە نەژادپەرستى و جیاکاریى ئایینى ئەنجام دەکەن و گەلان دەکەنە دوژمنى یەکتر دابخرێن.
- دەبێت ڕێگا نەدرێت دەوڵەتى تورک دەستوەردان لە کاروباری ئەو کوردستانیانە و ئەو تورکیایانەى لە ئەڵمانیا دەژین بکات.
- هەموو ناوەندەکانى بەرهەمهێنانى عەقڵیەتى نەژادپەرستیى دەوڵەتى تورک لە ئەڵمانیا قەدەغە بکرێن. دەبێت دین و ئایین بۆ سیاسەت بەکارنەهێنرێن. گرنگە مزگەوت و شوێنى هەموو ئایین و باوەڕەکان ببنە شوێنى گەشبینى.
- دەبێت لە خوێندنگەکان، وانەکان بە زمانى دایک بە خوێندکاران بوترێنەوە، بەڵام گرنگە لە وانەکاندا، بابەتى نەژادپەرستانە بە خوێندکارانە نەوترێنەوە. دەبێت کۆتایى بە کارى مۆستا – مەلاکانى سەر بە دەوڵەتى تورکیا بهێنرێت.
ئەو کەسانەى دەیانەوێت پشتیوانى لە کەمپەینەکە بکەن، دەتوان لە رێگەى ئەم ئیمێڵەوە ([email protected]) ئیمزا و پشتیوانیى خۆیان بۆ کەمپەینەکە بنێرن.
[email protected]