بەهۆی بەکارهێنانی وشەی "بەڕێز" بۆ ڕێبەر ئاپۆ ئازادکردنی زیندانییەک دواخراوە

پەرلەمانتاری دەم پارتی نەورۆز یوسال، سەبارەت بە دواخستنی ئازادکردنی زیندانی سۆنجان گەدیک، کە یەکێکە لەو ٥٣ کەسەی بەهۆی بەکارهێنانی دەستەواژەی "بەڕێز ئۆجالان" سزای دیسیپلینیان بەسەردا سەپێنرابوو، داواکارییەکی پێشکەشی پەرلەمان کرد.

لە ٢٧ـی تەمووزی ٢٠١١دا، ٥٣ زیندانی لە زیندانی جۆری ئێفی کرککالە، یاداشتێکیان بۆ وەزارەتی داد نارد و تێیدا ڕایانگەیاندبوو کە بەکارهێنانی وشەی "بەڕێز" بۆ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، بە تاوان هەژمار ناکرێت. دوای ناردنی یاداشتەکە، ئیدارەی زیندان بە تۆمەتی "پڕوپاگەندەی ڕێکخستن" سزای دیسیپلینی بەسەر ٥٣ زیندانییەکەدا سەپاند. لەسەر تانەی زیندانییەکان لە دادگای جێبەجێکردن، سزای دیسیپلینیی ٥٢ زیندانی هەڵوەشێنرایەوە، بەڵام دۆسیەی سۆنجان گەدیک کە داوای کردبوو بە زمانی کوردی بەرگری لە خۆی بکات، لە زیندانییەکانی تر جیاکرایەوە. گەدیک کە دژی سزای دیسیپلینییەکە بە کوردی بەرگری لە خۆی کردبوو، دادوەر سزاکەی پەسەند کردبوو و هەروەها ئازادکردنی دواخرا.

'بەهۆی بەرگریکردن بە زمانی کوردی سزا درا'

پەرلەمانتاری شرنەخی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) نەورۆز یوسال سەبارەت بەم بابەتە داواکارییەکی پێشکەشی لیژنەی لێکۆڵینەوەی مافەکانی مرۆڤی پەرلەمان کرد. لە داواکارییەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە سزای دیسیپلینیی سەپێنراو بەسەر ٥٢ کەسدا هەڵوەشێنراوەتەوە. بەڵام گەدیک کە بە کوردی بەرگری لە خۆی کردبوو، بەهۆی بەرگرییە کوردییەکەیەوە سزا دراوە. لە داواکارییەکەدا ڕوون کراوەتەوە کە بەپێی بڕیارەکانی دادگای دەستووری، بەکارهێنانی دەستەواژەی "بەڕێز ئۆجالان" بە تاوان دانانرێت. هەروەها جەخت کراوەتەوە کە ئەمە پێشێلکارییەکی ئاشکرای بنەماکانی یەکسانی و دادگاییکردنی دادپەروەرانەیە.