چەتەیەکی داعش لە کەرکووک دەستگیرکرا و لە نەینەوا چەندین مۆڵگە و حەشارگەی داعش لەناوبران

لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە کەرکووک چەتەیەکی داعش دەستگیرکرا و لە ئۆپەراسیۆنێکی دیکەدا لە نەینەوا چەند مۆڵگە و حەشارگەی داعش لە ناوبران.

دەزگای دژە تیرۆری عێراق ڕایگەیاند بە هاوکاری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی دەزگای دژەی تیرۆری سلێمانی ئۆپەراسیۆنێکیان دژی پاشماوەکانی داعش لە پارێزگای کەرکووک ئەنجامدا، توانرا چەتەیەکی داعش دەستگیر بکرێت.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە دەکات، ئەم چەتە فەرماندەیەکی مەفرەزە بووە لە ناوچەی بەناو "ویلایەتی فەلوجە" و لە ناوچەی "سەڵاحەدین" کاری کردووە، کە چەندین هێرشی تیرۆریستی دژی هێزە ئەمنییەکان و خەڵکی مەدەنی ئەنجامداوە، پاشان هەڵاتووە بۆ سنووری پارێزگای سلێمانی.

هاوکات جەختدەکاتەوە کە هێزەکانیان ئۆپەراسیۆنی کێوماڵکردنیان لە پارێزگای نەینەوا لە شارۆچکەی مەخموور ئەنجامدا و لە ئەنجامدا شەش حەشارگەی پاشماوەی چەتەکانی داعش لەناوبراون.