لە عێراق کێبڕکێیەک بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان بەڕێوەدەچێت، کە جیاوازە لە هەڵبژاردنەکانی پێشوو، ئەوەش بەهۆی ئەو پێشهاتە خێرایانەوەیە کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕوودەدەن، لەلایەک ڕەوتی سەدری بایکۆتی پرۆسەی هەڵبژاردن دەکات، لەلایەکی دیکە قەوارە سیاسییەکان و حزبەکان لە شەقام و لە ڕێگەی پلاتفۆرمەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و میدیاکانەوە بەردەوامن لە بانگەشەی هەڵبژاردن.
بە سەرپەرشتی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، بڕیارە ڕۆژی ١١ـی مانگی داهاتوو پرۆسەی دەنگدان بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت، هەربەو مەبەستەش لە ڕۆژی هەینی ڕابردووەوە، بانگەشەی هەڵبژاردن بە فەرمی دەستیپێکرد.
ئامارەکانی هەڵبژاردنەکە
بانگەشەکانی هەڵبژاردن بریتییە لە خستنەڕووی پلاننامەی سیاسی کاندید و قەوارەکان، لە ڕێگەی میدیا و پلاتفۆرمی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژارنەکان، ٢١ ملیۆن و ٤٠٤ هەزار دەنگدەر کارتی بایۆمەترییەکانیان تۆمارکراوە و مافی دەنگدانیان هەیە.
بۆ هەڵبژاردنەکەدا ٣١ هاوپەیمانی و ٣٨ پارت و ٧٥ کاندیدی سەربەخۆ، کە لە حەوت هەزار و ٧٦٩ کاندید پێکهاتوون، کێبڕكێ بۆ بەدەستهێنانی ٣٢٩ کورسی پەرلەمانی عێراق دەکەن.
پرۆسەی هەڵبژاردنیش لە ٨٠٩ ناوەندی هەڵبژاردن، لە سەرانسەری عێراق بەڕێوەدەچێت، کە بەسەر چوار هەزار و ٥٠١ سندووقی دەنگداندا دابەشکراوە.
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردەکان سەرپەرشتی هەڵمەتەکان دەکات، بۆ دڵنیابوون لەوەی هەموو لایەنەکان پابەندن بە ڕێنماییەکان و ستانداردە ئەخلاقییەکانەوە، ئەوەش بەمەبەستی ڕێگریکردنە لە هەر پێشێلکارییەک یان خراپبەکارهێنانی دەزگاکانی دەوڵەتە.
سیستەمی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن و دابەشکردنی دەنگەکان
هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٥ لەسەر بنەمای یاسای ژمارە ٤ـی ساڵی ٢٠٢٣، هەموواری سێیەمی یاسای ژمارە ١٢ـی ساڵی ٢٠١٨ـی تایبەت بە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پارێزگاکان بەڕێوەدەچێت، کە لە ٢٧ـی ئاداری ٢٠٢٣ لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەندکرابوو.
بەپێی ئەم یاسایە هەر پارێزگایەک بە یەک بازنەی هەڵبژاردن دادەنرێت و دەنگەکان لەسەر ئاستی پارێزگاکانیش، بەپێی سیستەمی سانتلیگۆ (١.٧) هەژمار دەکرێت، واتە؛ دەنگەکان دابەشدەکرێن بەسەر ژمارەی ئەو کورسیانەی بۆ پارێزگاکە تەرخانکراوە، لە ئەنجامدا ژمارەی ئەو دەنگانەی کە پێویستە بۆ بەدەستهێنانی کورسییەکی پەرلەمان بەگوێرەی ڕێژەی دەنگدەران دەستنیشان دەکرێت.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە کۆی حەوت هەزار و ٧٦٩ کاندید، دوو هەزار و ٢٤٨ کاندیدی ژنە و پێنج هەزار و ٥٢٠ کاندیدی دیکەش پیاون، ڕاشگەیاندراوە کە ئەنجوومەنی نوێنەران بەبڕی کە لانیکەم ٢٥٪ کورسییەکانی تەرخانکردووە بۆ ژنانی پەرلەمانتار، واتا ژنان دەتوانن لە ٢٥٪ـی کورسییەکانی پەرلەمانیش بەدەستبهێنن و ژمارەی کورسییەکانیان بەرزبکەنەوە.
ئەم کورسییانە دەبەخشرێن بەو کاندیدە ژنانەی کە زۆرترین دەنگیان لە هەر پارێزگایەک بەدەستدەهێنن، وە ئەگەر ڕێژەی پێویست بەدەست نەهێنرێت، ئەوا کورسییەکان لەلایەن ئەو ژنە کاندیدە سەرکەوتووانە پڕدەکرێنەوە کە زۆرترین دەنگیان بەدەستهێناوە، ئەمەش نوێنەرایەتی ژنان لە سەرجەم پارێزگاکان مسۆگەر دەکات.
لە یاساکەدا ئەوەش هاتووە کە کورسی تایبەت بۆ نەتەوە و ئاینەکان لەسەر ئاستی پارێزگا یان نیشتیمانی تەرخان بکرێت، لەوانەش مەسیحی، مەندائی، ئێزدی، شەبەک و کوردی فەیلی، ئەم کورسییانەش دەدرێت بەو کاندیدانەی لەم گرووپانەدا زۆرترین دەنگ لە چوارچێوەی ئەو پشکە تەرخانکراوەدا بەدەست دەهێنن.
بەپێی ڕێنماییەکان، کاندیدەکان لە ٣ـی تشرینی یەکەمەوە بانگەشەی هەڵبژاردنەکانیان دەستپێدەکەن و تا ڕۆژێک پێش هەڵبژاردنی تایبەت کە لە ١٠ـی تشرینی دووەم بەڕێوەدەچێت بەردەوام دەبن، دەنگدانی گشتی لە ١١ـی هەمان مانگ لە سەرتاسەری پارێزگاکانی عێراق ئەنجام دەدرێت، بەڵام بێباکییەکی لایەنە حوکمڕان و سیاسییەکان بەرامبەر بە خەڵکی، ڕەنگە کاریگەریی لەسەر ڕێژەی بەشداریکردن هەبێت، بەتایبەتی دوای ئەوەی بزووتنەوەی سەدری کشانەوەی خۆی لە پرۆسەکە ڕاگەیاند.
دیارترین لایەنە کوردییەکان
– پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق (پەدەکە)
ئەم پارتە لەلایەن مەسعوود بارزانییەوە سەرۆکایەتی دەکرێت، هەژموونی خۆی بەسەر پارێزگاکانی هەولێر و دۆهوکدا سەپاندووە، بە گەورەترین هێزی سیاسی و ئابووری و ڕێکخراویی کوردی دادەنرێت لە هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ تورکیا و هەندێک لە دەوڵەتانی کەنداودا هەیە.
سەرەڕای ڕەخنەی جەماوەریی لە تێکچوونی خزمەتگوزارییەکان و شێوازی حوکمڕانی ئەم پارتە، هێشتا بناغەی سیاسەتی هەژموونگەرانەی خۆی پاراستووە کە وای لێدەکات زۆرترین کورسی بەدەستبهێنێت، لەگەڵ توانای دروستکردنی ئاستەنگیی لە ناوچە دابڕێندراوەکان.
– یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان (یەنەکە)
یەنەکە لەلایەن بافڵ تاڵەبانی سەرکردایەتی دەکرێت، کە بنکە جەماوەرییەکەی لە پارێزگاکانی سلێمانی و بەشێک لە کەرکووک و هەڵەبجەدا بەهێزە، لەدوای کۆچی دوایی مام جەلال تاڵەبانییەوە، ئەم پارتە تووشی هەندێک کێشەی ناوخۆیی بووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەژموونی ئەمنی و دامەزراوەیی خۆی پاراستووە و سوود لە هەماهەنگی و پەیوەندییە سیاسییەکانی خۆی لەگەڵ هێزەکانی تری عێراق وەردەگرێت.
– نەوەی نوێ
نەوەی نوێ لەلایەن شاسوار عەبدولواحید سەرکردایەتی دەکرێت، پشت بە وتارێک دەبەستێت کە لە دژایەتیکردنی هەردوو پارتە گەورەکەی دیکەدا خۆیان دەبیننەوە، بنکەی جەماوەریی ئەم بزووتنەوەیە لە ناوەندی شارەکاندا چڕبووەتەوە و لە دەرەوەی شارەکاندا دەرفەتەکانی لاوازن.
بەڵام دەستگیرکردنی شاسوار عەبدولواحید، پێشهاتێکی نوێیە و پێدەچێت کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ئایندەی نەوەی نوێش هەبێت.
– بەرەی گەل
بەرەی گەل لەلایەن لاهور شێخ جەنگییەوە سەرکردایەتی دەکرێت، دوای جیابوونەوەی لە یەنەکە دایمەزراند و لایەنگرانی بەسەر شارەکانی هەرێمی کوردستاندا دابەشبوون، لە کۆتا هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستاندا دوو کورسی بەدەستهێنا.
هاوشێوەی شاسوار عەبدولواحید، دەستگیرکردنی لاهور شێخ جەنگی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی سلێمانییەوە لە ٢٢ـی ئابی ئەمساڵ پیشهاتێکی نوێیە بۆ بەرەکە و پێدەچێت کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ئایندەی بەرەی گەل و ڕێژەی دەنگەکانی هەبێت.
– ڕەوتی هەڵوێست
ڕەوتی هەڵوێست لەلایەن عەلی حەمەساڵحەوە سەرکردایەتی دەکرێت و لایەنگرانی بەسەر شارەکانی هەرێمی کوردستاندا دابەشبوون، لە کۆمەڵێک پەرلەمانتاری پێشووی عێراق و هەرێمی کوردستان و چالاکوانان پێکدێن، لە کۆتا هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستاندا چوار کورسی بەدەستهێنا، دواتریش یەکێک لە پەرلەمانتاران جیابوونەوەی خۆی لە ڕەوتەکە ڕاگەیاند.
– یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان
یەکگرتوو لەلایەن سەڵاحەدین بەهادینەوە سەرکردایەتی دەکرێت و نفووزی لایەنگرانی بەسەر پارێزگاکانی دهۆک و هەڵەبجەدا دابەشبووە، وەک لایەنێکی ئیسلامی سیاسیی لە بواری سیاسەتدا کاردەکات.
– کۆمەڵی دادگەریی کوردستان
کۆمەڵی دادگەریی وەک پارتێکی ئیسلامی سیاسیی لەلایەن عەلی باپیرەوە سەرکردایەتی دەکرێت و لایەنگرانی بەسەر هەموو ناوچەکانی هەرێمی کوردستاندا دابەشبوون.
چەندین لایەنی دیکەی سیاسیی لە چوارچێوەی لیست و هاوپەیمانێتیی و کاندیدی سەربەخۆدا بەشداریی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا دەکەن.
هەروەها لایەنە سیاسییە کوردییەکان لە ناوچە دابڕێندراوەکانیش و بەشێک لە پارێزگانی عێراق کاندیدیان داناوە لەناو هاوپەیمانێتییەکانی دیکەدا، ئەمەش لە ناوچەکانی گوڵاڵە، خورماتوو، مەخموور، شنگال، موسڵدا زیاتر دەبێندرێن.
بە گشتیی لە سنووری پارێزگاکانی هەرێمی کوردستاندا کە هەڵگری ٤٤ کورسین بۆ پەرلەمانی عێراق، بە تێکڕای لایەنە سیاسییەکان ٣٠٣ کاندیدیان داناوە.
دیارترین قەوارە شیعییەکان
لە ئێستادا زۆرینەی هێز و بزووتنەوە شیعەکانی ناو پەرلەمانی عێراق لەو قەوارانە پێکدێن کە بە “چوارچێوەی هەماهەنگی” ناسراوە، ئەوەش گەورەترین قەوارەی پەرلەمانیی شیعەیە، کە هەشت هاوپەیمانی گەورە لەخۆدەگرێت و لە کۆی گشتیی ٣٢٩ کورسی، نزیکەی ١٤٠ کورسی پەرلەمان پێکدەهێنن.
لەناو چوارچێوەی هەماهەنگیی، یەکێک لەلایەنەکان “هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان”ـە، بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی ئێستای عێراق کە پێش دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردنەکان پێکهێنرا، ئەم هاوپەیمانییە ڕەنگدانەوەی هەوڵێکە بۆ دووبارە ئەندازەکردنەوەی هاوسەنگیی لە ناو ماڵی شیعە.
هاوپەیمانییەکەی سوودانی حەوت قەوارەی سیاسی و چەند کەسایەتییەکی سیاسی و ئابووریناس، وەک فالح فەیاز، سەرۆکی هێزەکانی حەشدی شەعبی و ئەیاد عەلاوی، سەرۆکی بزووتنەوەی بەخشین (عەتاء)، جگە لە هەندێک کەسایەتیی سەربەخۆ و نوێنەری خێڵ و هۆزەکان لە خۆدەگرێت.
– هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا
هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نووری مالیکی سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق، یەکێکە لە دیارترین قەوارە شیعەکان لە عێراق و پشت بە بنکەیەکی جەماوەریی تەقلیدی دەبەستێت لە ناوەڕاست و باشووری عێراق.
هاوپەیمانییەکە ١١ لایەن لەخۆدەگرێت، لەوانە پارتی دەعوەی ئیسلامی و بزووتنەوەی لاوانی بەشائر، کە پشت بە ستراتیژی پێکهێنانی لیستی دووەمیی لە پارێزگاکاندا بوونیاددەنێن، بۆ بەهێزکردنی هەژموونی خۆی، کە سەرەڕای نەبوونی دیدێکی یەکگرتوو بۆ چاکسازیی.
ئەم هاوپەیمانییە بەردەوامە لە دژایەتیی هاوپەیمانییەکەی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەگەڵ هەوڵدان بۆ دووبارە کاندیدکردنەوەی مالیکی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی داهاتوو.
– هاوپەیمانی دەوڵەتی نیشتیمانی
ئەم هاوپەیمانییە لەلایەن عەمار حەکیم سەرۆکایەتی دەکرێت، حەوت پارت لەخۆدەگرێت، دیارترینیان ڕەوتی حیکمە و هاوپەیمانی نەسر (سەرکەوتن)ـە کە حەیدەر عەبادی سەرۆکایەتی دەکات، کە وتارێکی میانڕەوی هەیە و کاریگەریشی لەسەر هەڵبژاردنەکان سنووردارە و پشت بە پێگەی ئاینی و کۆمەڵایەتی عەمار حەکیم دەبەستێت.
– لیستی بەدر
بە سەرۆکایەتی هادی عامری، نوێنەرایەتی درێژکراوەی سیاسی و سەربازی ڕێکخراوی بەدر دەکات، بنکەیەکی تۆکمەی هەیە لە پارێزگاکانی وەک دیالە، بەسرە، و واست و بەهۆی ڕێکخستن و سەرچاوەکانیەوە چانسی بەهێزە، بەڵام بەهۆی پەیوەندی لەگەڵ کوتلە چەکدارەکان ڕووبەڕووی ڕەخنە دەبێتەوە.
– لیستی سادقون
ئەم هاوپەیمانییە لەلایەن ڕەوتی عەسائیبی ئەهلی حەق، بە سەرۆکایەتی قەیس خەزعەلی سەرکردایەتی دەکرێت، کە هەوڵ دەدات سیمای تائیفی بشکێنێت و کەسایەتیی سوونە لە ناوچەکانی خۆیان کاندید دەکات، هەروەها لەدوای هاوپەیمانییەکەی سوودانی، ئەمانیش پشت بە کاریگەرییە سیاسییەکانی بزووتنەوەکە دەبەستن لەناو دامەزراوە حکومییەکان.
– هاوپەیمانی “ئیبشر یا عێراق”
بە سەرۆکایەتی هومام حەمودی و هەندێک لایەنی شیعی خۆیان دامەزراندووە، کە پشت بە میراتی سیاسیی “ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی” دەبەستێت، بەڵام ئامادەییەکی بەرفراوانی جەماوەرییان نییە و تەنیا لە هەندێک جێی جەماوەرێکی بچووکی تەقلیدییان هەیە، هەروەها کەسایەتییەکی سیاسیی بەناوی عەبدولحسێن عەبتان کردووە بە کاندید بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران.
– هاوپەیمانی “بناغەی عێراق”
لەلایەن موحسین مەندەلاوییەوە سەرۆکایەتی دەکرێت، هەشت پارتی بچووک لەخۆدەگرێت، کە هەوڵ دەدەن گەنجان و کەسانی سەربەخۆ ڕابکێشن بەلای خۆیاندا، بەڵام بەگوێرەی هەڵبژاردنەکانی پێشووتر، ئەم هاوپەیمانییە بەدەست لاوازی ڕێکخراوەیی و کەمی ئەزموونەوە دەناڵێنێت.
– هاوپەیمانی تەسمیم
بە سەرۆکایەتی عامر فائیز و بە بەشداری ئەسعەد عیدانی دامەزراوە، پشت بە بنکەیەکی جەماوەریی ناوخۆیی دەبەستێت لە پارێزگای بەسرە و کەسایەتییە خێڵەکییەکانی ئەو هەرێمە.
کاریگەریی ئەم بزووتنەوەیەش لاوازە، بەڵام پێشبینی دەکرێت لە بەسرە ئەنجامێکی باش بەدەستبهێنن و ئەسعەد عیدانی هەوڵدەدات لە قۆناغی داهاتوو ڕۆڵێکی سیاسیی زیاتری هەبێت.
– نائامادەیی ڕەوتی سەد
بایکۆتکردنی هەڵبژاردن لەلایەن موقتەدا سەدرەوە، بۆشاییەکی بەرچاو لەناو گۆڕەپانی شیعەدا دەخوڵقێنێت، بەو پێیەی بزووتنەوەکە یەکێکە لە هێزە ڕێکخراو و جەماوەرییەکان، هەروەها بۆشایییەکی درووستکردووە کە ئەستەمە هیچ کام لە لایەنەکانی تر بۆیپڕبکرێتەوە.
دیارترین لایەنە سوونەکان
– هاوپەیمانی سەروەریی
لەلایەن خەمیس خەنجەر سەرکردایەتی دەکرەێت، لە چوار پارت پێکهاتووە و دیارترینیان پارتی سەروەری و بزووتنەوەی هاووڵاتیبوونە، کە دوای هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٢١ وەک گەورەترین هاوپەیمانی سوونە سەریهەڵدا و خەمیس خەنجەر و محەمەد حەلبوسی بەیەکەوە کۆکردەوە، بەڵام دواتر بە ڕۆیشتنی محەمەد حەلبوسی هاوپەیمانییەکە هەڵوەشایەوە.
خەنجەر تا ئێستاش هەژموونی خێڵەکی و سیاسی خۆی لە ئەنبار و سەڵاحەدین پاراستووە و پشت بە پەیوەندییە ناوچەییەکان لەگەڵ وڵاتانی وەک تورکیا و قەتەر دەبەستێت، هەروەها هێزی ڕێکخراوەیی ئەم هاوپەیمانییە کەمی کردووە، بەڵام خودی خۆی وەک کەسایەتییەکی کاریگەر دەمێنێتەوە.
– هاوپەیمانی پێشکەوتن
ئەم هاوپەیمانییە لەلایەن محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی پێشووی پەرلەمانەوە سەرۆکایەتی دەکرێت، پارتی پێشکەوتن و ژمارەیەک کەسی سەربەخۆی ئەنبار و بەغدا و سەڵاحەدین لەخۆدەگرێت، کە وتارێکی دامەزراوەیی دەگرێتەبەر کە تیشک دەخاتە سەر بەڕێوەبردن و گەشەپێدان، پێدەچێت ڕێکخراوترین هاوپەیمانی بێت لە نێوان هێزە سوونەکاندا.
هاوپەیمانییەکە لە شارەکاندا، بە تایبەتی لە ئەنبار پشتیوانییەکی بەرچاوی هەیە، هەروەها خودی حەلبوسی بە دیارترین کەسایەتی سیاسی مەدەنی دادەنرێت لە گۆڕەپانی سیاسیی سوونەکان، ئەمەش دەرفەتێکی بەهێزی پێدەبەخشێت بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو.
– هاوپەیمانی عەزم
هاوپەیمانییەکە لەلایەن موسەنا سامەڕائی سەرکردایەتی دەکرێت، کە لە پارتە بچووکەکانی وەک هاوپەیمانی مەدەنی ئەزم و قەوارەی سەرکەوتن و ئاشتی عێراق پێکهاتووە، کە دوای ناکۆکییەکانی نێوان خەمیس خەنجەر و محەمەد حەلبوسی وەک ئەلتەرناتیڤ سەریهەڵدا.
بنکەی جەماوەریی ئەم هاوپەیمانییە لە هەندێک ناوچەی پارێزگاکانی سەڵاحەدین و نەینەوا چڕبووەتەوە، هاوپەیمانییەکەش لە سرووشتی خۆیدا زیاتر ناوچەییە، نەوەک نەتەوەیی و زۆرجار وەک بزووتنەوەیەکی هاوسەنگیکردن لەناو شەقامی سوونەدا خۆی دەنوێنێت، دەرفەتی سەرکەوتنیشی سنووردارە.
– هاوپەیمانی یەکلاکەرەوەی نیشتیمانی “حەسمی وەتەنی”
هاوپەیمانییەکە لەلایەن سابت محەمەد سەعیدەوە سەرکردایەتی دەکرێت و پێنج لایەنی سیاسی لەخۆدەگرێت، لەوانە بزووتنەوەی چارەنووسساز بۆ چاکسازی، پارتی دڵسۆزی و پارتی چارەسەر، ئەم هاوپەیمانییە خاوەنی کەسایەتییەکی دیاری پێشەنگ و نیشتیمانی نییە، تەنیا پشت بە کەسایەتییە لۆکاڵییەکان دەبەستێت، ئەمەش کاریگەرییەکی سنوورداری پێدەبەخشێت لە گۆڕەپانی سیاسییدا.
دیارترین هاوپەیمانییە مەدەنییەکانی عێراق
– هاوپەیمانی بەدیل
ئەم هاوپەیمانییە لەلایەن عەدنان زورفی سەرکردایەتی دەکرێت، حزبی شیوعی عێراقی و هێزە مەدەنییەکانی دیکە لەخۆدەگرێت، کە پاڵپشتی دەوڵەتێکی مەدەنی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دەکەن، هەروەها هەوڵ دەدەن هەژموونی حزبە تەقلیدییەکان لاواز بکەن.
لە پارێزگاکانی بەغدا و نەجەف و ناسریە لایەنگریان هەیە، بەڵام بودجە و دەزگای میدیایی هەڵبژاردنی ئەوان لاوازە، بەو هۆیەوە ناتوانن دەنگی خۆیان بگەیەننە هەموو ناوەندەکانی عێراق.
هاوپەیمانی دیموکراتی مەدەنی
ئەم هاوپەیمانییە لەلایەن عەلی ڕەفیعی سەرکردایەتی دەکرێت، چەندین بزووتنەوەی مەدەنی و سەندیکای کرێکاریی لەخۆدەگرێت، کە تیشک دەخاتە سەر ئازادییەکان و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و مافەکانی مرۆڤ.
هاوپەیمانییەکە هێزی خۆی لەناوجەرگەی شارەگەورەکان و لەناو نوخبەی ئەکادیمییکاران کۆبووەتەوە و دەرفەتی لە ناوچە گوندنشین و خێڵەکییەکان سنووردارە.
پەیڕەوی تایبەت بە بانگەشەی هەڵبژاردن لە عێراق
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بەپێی پەیڕەوی بانگەشەی هەڵبژاردنەکان ژمارە ٤ـی ساڵی ٢٠٢٥، کۆمەڵێک ڕێسای داناوە کە دیارترینیان بریتین لە:
– بانگەشەکردن بە بڕیاری فەرمی کۆمیسیۆن دەست پێدەکات و ٢٤ کاتژمێر پێش ڕۆژی هەڵبژاردنی تایبەت کۆتایی دێت.
– بەکارهێنانی دامەزراوەکانی دەوڵەت، سامانی گشتی، شوێنە پیرۆزەکان یان کاریگەری پێگەی فەرمی بۆ هەر چالاکییەکی پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن قەدەغەیە.
– دانانی ڕیکلام لە دووریی کەمتر لە ١٠٠ مەتر لە بنکە و ناوەندەکانی دەنگدان قەدەغەیە.
– خەرجکردنی پارەی گشتیی یان دەستەبەرکردنی پشتیوانیی دەرەکی قەدەغەیە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن، هەروەها دابەشکردنی دەستکەوتی دارایی یان بەڵێنی کار بۆ مەبەستی هەڵبژاردنیش بە هەمان شێوە قەدەغەیە.
– پڕوپاگەندەی ناوزڕاندن و تەشهیر قەدەغەیە، هەروەها داواکاریی بۆ توندوتیژی و ڕق و کینە، یاخود هاندان بۆ نانەوەی ململانێی نەتەوەیی و تائیفی قەدەغەیە.
– پێشخستنی ئایدۆلۆژیای حزبی بەعس یان هەر چالاکییەکی ڕەگەزپەرستی، تیرۆریستی یان تەکفیری قەدەغەیە.
– کاندید و لایەنەکان پێویستە پلاتفۆرمێکی واقیعی هەڵبژاردن بگرنەبەر و خۆیان لە بانگەشەی ڕووخاندن و خۆهەڵواسین بە سیمبوولە سیاسییەکان بەدووربگرن.
کاریگەرییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان لەسەر هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٥
هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بە ئاشکرا کەوتووەتە ژێر کاریگەریی وڵاتانی دراوسێی خۆی کە دیارترینیان ئێران و تورکیان، تاران وەک سپۆنسەر و هاریکاریی سەرەکی پارت و لایەنە شیعەکان دەمێنێتەوە و سوود لە مێژوویی هەژموونی خۆی وەردەگرێت لە عێراق، کە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠٠٣ ، کە پشت بە تۆڕێک لە پەیوەندییە سیاسی و مەزهەبییەکان دەبەستێت لەگەڵ هەندێک لایەنی عێراقی، کە خاوەنی هەژموون و کاریگەرییەکی بەرچاون لە گۆڕەپانی سیاسی ئەو وڵاتەدا.
سەبارەت بە ئەنقەرە، بەوە تۆمەتبارە کە دەسەڵاتی سیاسی خۆی لە ڕێگەی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و باکووری عێراقەوە بەکاردەهێنێت، بۆ دەستڕاگەیشتن بە قەوارەی سوونەکان، بەجۆرێک زۆربەی هێزە سوونییەکانی باکوور و ناوەڕاستی عێراق لە پەیوەندییە ئابووری و مەزهەبییەکانی خۆیاندا لەگەڵ تورکیا سوودمەندن.
ئەمەش جگە لە کاریگەریی ئەمنی و سەربازیی ڕاستەوخۆی تورکیا لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی تری باکووری عێراق، کە وەک پردێکی پەڕینەوە بەکاریدەهێنێت بۆ دەستڕاگەیشتن بە ناوچە سوونییەکان.
سەرەڕای ئەوەش لایەنە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکانی تری هاوسنوور یان خاوەن هەژموون لەسەر عێراق، کەم تا زۆر لە ڕێگەی دەستوەردان و هاریکاریکردنی قەوارە و هێزی جیاوازەوە، هەوڵدەدەن لە داڕشتنەوەی ئاڕاستەی سیاسی عێراق و سیستەمی حوکمڕانی ئەو وڵاتە بەرژەوەندییەکانی خۆیان بپارێزن.