هاوسەرۆکانی گشتیی کۆمەڵەی یاساناسان بۆ ئازادی (ئۆهەدە)، سەرحات چاکماک و ئەکین یەتەر مۆرای، لە ١٣هەمین کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنی دیموکراسی خوشک-برایەتیی، یەکگرتنی نەتەوەیی قسەیان کرد. چاکماک ڕایگەیاند کە لەگەڵ "بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک"دا، دەرفەتێک بۆ بنیاتنانی هەلومەرجی ژیانێکی یەکسان و ئازاد بۆ گەلان، ناسنامەکان، باوەڕەکان، ڕەگەز و ژینگە ڕەخساوە و وتی: "کۆمەڵەکەمان ئەم دەرفەتە بە زۆر گرنگ دەزانێت بۆ دیموکراتیکبوونی وڵات. لە دامەزراندنی کۆمارەوە تا ئێستا، لە وڵاتدا چەمکەکانی دۆزی سیاسی یان دۆزی پۆلیتیکی بوونیان هەیە. لە قۆناغە جیاوازەکاندا لایەنی جیاواز ڕووبەڕووی بوونەتەوە، بەڵام ئەمە ڕاستییەکە. لە دادگاییکردنی شێخ سەعیدەوە تا سەید ڕەزا، لە دۆزی ٤٩کانەوە تا کودەتای ٦٠ـەکان، لە کودەتای ٨٠کانەوە تا کودەتای ٩٠کان، نموونەی زۆری ئەم دۆسیانە هەن. دادگاییکردنەکانی پرۆسەی ئۆهال، ڕاستی دۆسیە سیاسییەکانی ئەم وڵاتە دەخەنەڕوو، دەبێت ئاماژە بەوە بکرێت کە ئەم دادگاییکردنانە، هەروەها لە ڕێگەی ڕژێمە نائاساییەکانەوە ئەنجام دەدرێن."
'دامەزراندنەکان تێکەڵیی نێوان دەسەڵاتی دادوەری و جێبەجێکردن دەخەنەڕوو'
لە درێژەدا چاکماک ئاماژەی بەوەدا کە دادگاییکردنەکان، پەیوەندی نێوان دەسەڵاتی دادوەری و دەسەڵاتی سیاسی و پەیوەندی نێوان یاسا و دەسەڵات دەخەنەڕوو و وتی: "ئەگەر گفتوگۆیەک لەسەر بێلایەنی و سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری بکەین، دەبێت ئەقڵیەتی دۆزی سیاسی و تێڕوانینی دادگاییکردنە نائاساییەکان هەڵبسەنگێنین. لەم چوارچێوەیەدا، پێویستە ئەو کارانەش هەڵبسەنگێنین کە دەبنە هۆی گۆڕانکاری لە یاساکاندا. هەروەها، لایەنێکی دیکەی سەربەخۆیی دادوەری، ئەو چاکسازییە ڕووکەشیانەن کە لە یاساکاندا کراون بەڵام لە پراکتیکدا کێشەی جددی دروست دەکەن. دیارترین نموونەی ئەمەش ئەوەیە کە ئەندامێکی دادگای دەستووری ڕاستەوخۆ لەلایەن سەرۆکی گشتیی پارتێکی سیاسییەوە دادەمەزرێنرێت. نموونەیەکی دیکەش دامەزراندنی ئەندامانی دەستەی دادوەران و داواکارانی گشتییە لەلایەن سەرۆک کۆمار و پەرلەمانەوە."
لە بەردەوامیدا چاکماک ڕایگەیاند کە لە مێژووی کۆمارەوە تا ئێستا، نەریتێکی دامەزراندنی بیرۆکراتی بوونی هەیە و وتی: "ئایا ئەم نەریتی دامەزراندنە بیرۆکراتییە چییە؟ بەداخەوە هێندەی لە دادوەر و داواکاراندا هەیە، لە بیرۆکراسیی باڵاشدا زۆر ڕووبەڕووی دەبینەوە. دیاریکردنی دادوەران و داواکارانی گشتی لەلایەن دەسەڵاتی سیاسییەوە، بەربەستێکی گەورەیە لەبەردەم سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەریدا. بۆ دادوەرییەکی بێلایەن و سەربەخۆ، پێویستە شێوازەکانی دیاریکردنی پێکهاتەی دەستەی داواکاران، شێوازەکانی کارکردن و بەتایبەتی دیاریکردنی ئەندامان بگۆڕدرێت."
چاکماک، ڕەخنە و پێشنیارەکانی خۆی سەبارەت بە بەکارهێنانی مافی زمانی دایک لە تورکیا خستەڕوو و وتی: "وەک دەزانرێت، مافی زمانی دایک بەو مانایەیە کە کەسێک بتوانێت بە زمانی دایکی خۆی پەروەردە ببێت، لە بواری گشتیدا بەکاری بهێنێت و کەلتووری خۆی بژی. وەک دەقێکی گشتی، هەم لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، هەم لە بڕگەکانی دوو و ٢٦ـی جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤ و هەم لە پەیماننامەی نێونەتەوەیی تایبەت بە مافە مەدەنی و سیاسییەکاندا ئەم مافە قبوڵ کراوە. لە پەیماننامەی ئەوروپی بۆ زمانە ناوچەیی و کەمینەکان و پەیماننامەی مافەکانی منداڵاندا، تورکیا ئەم خاڵانەی قبوڵ نەکردووە. بە قبوڵکردنی ئەم خاڵانە، دەکرێت بەربەستێکی گەورە لاببرێت."
'دەبێت بڕینەوەی دارستانەکان کۆتایی بێت و زیانەکان قەرەبوو بکرێنەوە'
چاکماک ئاماژەی بەوەدا کە بەهۆی چۆڵکردنی گوندەکانەوە پێکهاتەی جڤاکی و ئیکۆسیستەم گۆڕاوە، بە سووتاندنی دارستانەکان، بڕینەوەی درەختەکان و دروستکردنی بەنداو و ڕێگاوبانەکان، سیستەمی ئیکۆلۆژی لە ناوچەکەدا تێکدراوە و وتی: "پێویستی بە گۆڕانکاری جددی هەیە. سەرەتا دەبێت یاساکانی وەک یاسای ژینگە، یاسای کانزاکان، یاسای لەوەڕگاکان و چەندین یاسای دیکە کە لە بەرژەوەندی کۆمپانیاکانن و لە چوارچێوەی دەستووردا نین، سەرلەنوێ پێداچوونەوەیان بۆ بکرێت و هەموار بکرێنەوە. دەبێت ئەو زیانە هەمیشەییانەی کە بەهۆی شەڕەوە دروست بوون، قەرەبوو بکرێنەوە. دەبێت بڕینەوەی دارستانەکان و ئەو سوتانانەی کە بەهۆی دەستوەردانەوە ڕوودەدەن، ڕابگیرێن."
هاوسەرۆکی گشتیی ئۆهەدە ئەکین یەتەر مۆرای وتی، ئەگەر "مافی هیوا" جێبەجێ بکرێت، ئەوا دەبێتە پێشکەوتنێکی گەورە بۆ هەموو زیندانیانی سیاسی و وتی: "بۆ دیموکراتیکبوونی تورکیا و بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی تەندرووست هەنگاوێکی گرنگ دەبێت. بە بڕوای من لەگەڵ مافی هیوادا، ڕێگا بۆ زۆر پێشکەوتنی دیموکراسی دەکرێتەوە. لە زیندانەکاندا، قەیرانێکی مرۆیی لە ئارادایە."
'بارودۆخە نائاساییەکان بوونەتە یاسا'
ئەکین یەتەر مۆرای وتی کە بارودۆخە نائاساییەکان ئێستا بوونەتە یاسا و قسەکانی بەم شێوەیە کۆتایی پێهێنا: "ئەم ڕژێمە، ڕژێمێکە کە بارودۆخە نائاساییەکانی کردووەتە یاسا. مەرسومێکی باری نائاسایی کە دوای ساڵی ٢٠١٦ دەرچوو، دواتر بوو بە یاسا و بەهۆیەوە ٩٣ شارەوانی دەستیان بەسەردا گیرا. مافی هەڵبژاردن و خۆهەڵبژاردنی پێنج ملیۆن دەنگدەر زەوت کرا. ئەم کارە لە ساڵی ٢٠١٩دا بەسەر ٥٦ شارەوانیی دیکەشدا بەردەوام بوو. ئەمە تەنها لە ناوچەیەک سنووردار نەبوو، بەڵکوو زۆرێک لە شارەوانییەکانی دیکەی تورکیاشی گرتەوە."