ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی ڕاپۆتێکی دەربارەی زیندانی ئەوین بڵاوکردەوە

ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند کە هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر زیندانی ئەوین پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤی نێونەتەوەییە و دەبێت وەک تاوانی جەنگ سەیربکرێت.

زیندانی ئەوین

ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی ڕاپۆرتێکی بەرفراوانی دەربارەی هێرشەکەی ئیسرائیل لە ٢٣ـی حوزەیرانی ٢٠٢٥ بۆ سەر زیندانی ئەوینی تاران کە ژنانی کورد پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی تێدابوون، بڵاوکردەوە. لە ڕاپۆرتەکەدا دووپاتکراوەتەوە، هێرشەکەی سەر زیندانی ئەوین، پێشێلکارییەکی جدیی یاسا نێونەتەوەییەکانە و دەبێت وەک تاوانی جەنگ لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت و بەرپرسانی هێرشەکە دادگایی بکرێن.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، لە لێکۆڵینەوەکان دەرکەوتووە بەهۆی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر زیندانی ئەوین کوژران و برینداربوون و زیانی گەورەی لێکەوتووەتەوە، کە ٨٠ هاوڵاتیی مەدەنی کوژراون لەو ژمارەیەش منداڵیکی تەمەن پێنج ساڵانی تێدایە.

ئاماژە بەوەشکراوە، هێرشە ئاسمانییەکەی ئیسرائیل بۆ سەر زیندانی ئەوین پێشێلکارییەکی گەورەی یاسای مرۆڤایەتی نێونەتەوەیی بووە و دەبێت وەک تاوانی جەنگ سەیر بکرێت، سوپای ئیسرائیل بە ئەنقەست هێرشی کردووەتە سەر بینا مەدەنییەکان و ئەم جۆرە هێرشە بە تاوانی جەنگ هەژمار دەکرێت.

باس لەوەشکراوە، لێکۆڵینەوەکانی ڕیکخراوەکە بریتین لە، پێداچوونەوە بە وێنەی مانگە دەستکردەکان پێش و پاش هێرشەکە، ٢٢ ڤیدیۆ، ٥٩ وێنە و چوار فایلی دەنگی، چاوپێکەوتن لەگەڵ ٢٣ کەس لە ناوەوە و دەرەوەی ئێران، کە قسە لەگەڵ کەسوکاری زیندانییەکان دەکەن، دوو سەرچاوەی ئاگادار، دوو ڕۆژنامەنووس و ١١ زیندانی پێشوو کە داکۆکیکارانی مافەکانی مرۆڤ بوون.

جێگای ئاماژەیە، ئیسرائیل تا ئێستا هیچ کاردانەوەی لەسەر ئەم ڕاپۆرتە نەداوە، بەڵام پێشتر ڕایگەیاندبوو، هێرشەکەی بۆ سەر زیندانی ئەوین کە هێمای چەوساندنەوەی خەڵکی کورد و ئێرانە، هێرشێکی "ئامانجدار" بووە کە بە ئەوپەڕی هەوڵەکان ئەنجامدراوە، حکومەتی ئێران ئۆپەراسیۆنی هەواڵگیریی دژی ئیسرائیل لەو بنکەیەدا ئەنجام دەدات.