لە کەیسی نارین گوراندا هیچ تۆمەتبارێک لە زیندان نەماوەتەوە

لە کەیسی نارین گوران سێ کەس کە بە تۆمەتی "شاردنەوەی تاوانبار" دادگایی دەکران، ئازاد کران. بەم ئازادکردنانە، ئیتر هیچ تۆمەتبارێک لەسەر ئەم تاوانە لە زینداندا نەماوەتەوە.

منداڵێکی هەشت ساڵان بە ناوی نارین گوران پاش ئەوەی لە ٢١ ـی ئابی ٢٠٢٤ لە گوندی چولی ناوچەی ڕەزانی ئامەد بێسەروشوێن بوو، لە ٨ـی ئەیلوول تەرمەکەی دۆزرایەوە. لە کەیسی کوشتنی نارین گوران، ١٥ کەس بە تۆمەتی "شاردنەوەی تاوانباران" دادگایی دەکران. حەڤدەهەمین دادگای سزای گشتیی ئامەد لە ٣٠ـی ئایاردا بڕیاریدا بە زیندانیکردنی هەموو ئەو تۆمەتبارانەی کە بەم تۆمەتە دادگایی دەکران.

دادگا ٣ ساڵ و ٦ مانگ سزای زیندانیکردنی بەسەر ئامۆزای نارین گوران، بیرسەن گوران و فوئاد گورانی مامی و ماشەڵا گورانی ئامۆژنی سەپاند.

حەوتەمین فەرمانگەی دادگای هەرێمی ئامەد، ئەمڕۆ بڕیاری ئازادکردنی ئەم سێ کەسەی دەرکرد. بەم بڕیارە، هیچ تۆمەتبارێکی ئەم کەیسە لە زیندان نەماوەتەوە.