'پێویستە هەموو لایەنە سۆسیالیستەکان لە پارادایمی ئۆجالان تێبگەن'

سیاسەتمەدار عومەر ئاگن ڕایگەیاند، پارادایمی ڕێبەر ئاپۆ پێویستە لە ڕووی مێژوویی، کۆمەڵایەتی و فەلسەفییەوە درکی پێ بکرێت و وتی، "پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک و ئەنتێگراسیۆن پێویستە لەلایەن لایەنە سۆسیالیستەکانەوە درکی پێ بکرێت."

عومەر ئاگن

ئەندامی پێشووی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی کۆمۆنیستی تورکیا (TKP MK) عومەر ئاگن لە بارەی تێڕوانینی "ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک"ـی ڕێبەر ئاپۆوە بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد و ئاماژەی بەوە کرد، کە پێویستە پارادایمەکە تەنها لە ڕووی تیۆرییەوە هەڵسەنگاندنی بۆ نەکرێت، لە ڕووی کۆمەڵایەتیشەوە پێویستە درکی پێ بکرێت و بەجێبهێنرێت.

عومەر ئاگن ڕایگەیاند، پارادایمی ڕێبەر ئاپۆ پێویستە بەشێوەیەکی گشتی لەلایەن لایەنە سۆسیالیستەکانەوە درکی پێ بکرێت و وتی، "بۆئەوەی کۆمەڵگە لەم فکرە تێبگات، هاوکاریی ڕۆشنبیر و لایەنە دیموکراتیکەکان گرنگە. کاتێک جەماوەر و خەڵک لە تیۆرێک تێدەگات و درکی پێ دەکات، دەبێتە بۆ هێزێکی ماددی. بێگومان گەلی کورد بە تایبەتی بە نەریتی تێکۆشانی ئەم ٥٠ ساڵەی ڕابردوو بووەتە هێزێکی ماددی و جەماوەری. گەل بەهۆی بەجێهێنانی تیۆرییەکەوە هەنگاوی گەورەی نا."

ئاگن ڕایگەیاند، کە پارادایمی کورد لە تورکیا، کوردستان، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و زۆر شوێنی جیهان قسەی لەسەر دەکرێت و وتی، "لەلایەن شارەزایانەوە قسەی لەسەر دەکرێت. ئەو ڕۆشنبیرانە پشتیوانی دەکەن و قسەی لەسەر دەکەن، کە خاوەنی خەڵاتی نۆبڵن. لەلایەن هونەرمەندانەوە قسەی لەسەر دەکرێت. واتا بووەتە ڕۆژەڤێکی بەرفراوان؛ ڕاستەوخۆ بووەتە ڕۆژەڤێکی سیاسی."

لە درێژەی قسەکانیدا ئاگن پارادایمی تەڤگەری ئازادیی کوردی بە شێوەی "ئاشتی، کۆمەڵگەی دیموکراتیک و ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیک" پێناسەکرد و وتی، "سەرەتا چەمکی ئاشتی و تێڕوانینی ئاشتییە. پێویستە لەوە تێبگەین کە ئاشتی مانای چییە و مەبەستی تەڤگەری ئازادیی کورد لە ئاشتی چییە."

مەبەست و داخوازی تەڤگەری ئازادیی کورد و هێزە دیموکراسییەکان لێکتێگەیشتنی کۆمەڵگەیە، کە پێکهاتە دیموکراتیکە جیاوازەکان تایبەتمەندییەکانیان بپارێزن و بتوانن خۆیان بەڕێوەببەن. عومەر ئاگن ئاماژەی بەوە کرد، کە بۆ بەدیهاتنی ئاشتی، مەرجە کە پێکهاتەیەکی دیموکراتیک هەبێت و وتی، "گرنگترین هێمای بەدیهێنانی ئاشتی، پێکهاتەیەکی دیموکراتیکە، واتا کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک."

ئاگن وتنی، ڕێخستنیی دیموکراتیک، کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک و دەوڵەت-نەتەوە جێگرەوەی یەکدین و وتی، "دەوڵەت-نەتەوە لەژێر تاکڕەوی کاپیتاڵیزمدا دامەزرا. هەموو دەوڵەت نەتەوەکان لەوەوە سەچاوە دەگرن؛ واتا کۆنفیدراڵیزم، فیدراڵیزم، خودموختاری و هەموو شێوەیەکی ڕێکخستنی دەوڵەت، لەژێر تاکڕەویی سەردەمی کاپیتاڵیزمدان.

ئەوەی کە لێرەدا پێویستە لە پارادایمی کورد فێری بین ئەوەیە؛ لەبری ئەم پێکهاتە و ڕێکخستنییانە، ناناوەندیبوونی دیموکراتیک ڕێکخستنێکە کە تێیدا هەموو کەسێک دەتوانێت خۆی خۆی بەڕێوەببات، کاتێک خۆشی بەڕێوەبرد، هاوکاری دروستدەبێت، واتا بەهای نوێ دروستدەکات، لە دەوری ئەم بەها نوێیانە بەرهەمهێنان ڕوودەدات. ئەمە بە مانای دانانی بناغەی ئابووری دێت.

لەسەر چەمکی ئەنتێگراسیۆنیش عومەر ئاگن ڕایگەیاند، "سێیەم شت ئەنتێگراسیۆنە، ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیکە. ئەو ئەنتێگراسیۆنەی تەڤگەری ئازادیی کورد باسی دەکات و هێندەی ئێمە لێی تێدەگەین ئەوەیە، کە تواندنەوە بوونی نەبێت. تواندنەوە پرۆسەیەکی فشار و زۆردارییە، کە بۆ لەناوبردنی فرەڕەنگی بەکاردەهێنرێت یاخود 'گۆڕین بە خوازیاری' دەسەپێنێت.

بێگومان ئەنتێگراسیۆن وەکو تێڕوانینێک پێویستە درکی پێ بکرێت کە فرەڕەنگی دەپارێزێت، بەهای نوێ بەرهەمدێنێت و لە دەوری ئەم بەهایانە ڕێبازی دیموکراتیکەکانی دەگەیەنێتە داهاتوو."

ئاگن ئاماژەی بەوە کرد، کە ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیکیش تەنها بە ناوی پێکهاتەیەکی دیموکراتیک دەتوانێت بێتەدی و وتی، "تاوەکو ئاشتی نەیەتەدی، پێکهاتەیەکی کۆنفیدراڵی دیموکراتیک نایەتەدی، ئەگەر لە جێی شێوازی خودموختاری، ئەو فیدراڵییانەی کاپیتاڵیزم یاخود دەوڵەت-نەتەوە دروستیانکردووە، پێکهاتەیەکی دیموکراتیک دانەمەزرێت، ئەنتێگراسیۆن نایەتەدی. بەر لە هەر شتێک پێویستە دەوڵەت دیموکراتیک ببێت، هەموو پێکهاتە دژە-دیموکراتیکەکانی خۆی بگۆڕێت. ئەمەش بە سەرلەنوێ بەرهەمهێنانەوەی خۆی لەناو سیستەمی دیموکراتیکدا دەبێت. پێویستە بەم شێوەیە لە ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیکی تەڤگەری ئازادیی کورد تێبگەین."