تەڤگەری ژنانی ئازاد (تەژەئا) بە درووشمی "بەهیواوە بەرەو ئازادیی ڕێپێوان دەکەین" لە ئامەدەوە تا ئەنقەرە ڕێپێوان دەکات. لە کوردستان و تورکیاوە هاووڵاتیان بەشداری ڕێپێوانەکە دەکەن، ناوچەکانی جورنەڕەشی ڕحا و دیلۆک و ئەدەنە و مێرسین و کۆنیا و ئەنقەرە، دەبنە وێستگەی ڕێپێوانەکە. داخوازیی سەرەکی ڕێپێوانەکە ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ و هەنگاوی یاساییە بۆ چارەسەری دیموکراتیکی پرسی کورد.
لەیلا گوڤەن لە زیندانی ژنانی سینجانەوە دەربارەی ڕێپێوانەکە پەیامێکی نارد. لەیلا گوڤەن ڕایگەیاند سەرەڕای هەموو فشارەکانی سیستەمی باڵادەست، ئەوان لە زیندانەکاندا لە هەموو ساتەکانی ژیاندا بیردەکەنەوە و داهێنان دەکەن و دەنووسن و دەنەخشێنن، گوتی: "هاواری 'ژن، ژیان، ئازادی' کە دەم بە دەم، وڵات بە وڵات لە گۆڕەپانێکدا بە گوێی مرۆڤایەتییدا دەدرێت، باشترین نموونەی ئەم بەرخۆدانەی ژنانە. دەبێت بزانرێت ژنان وەک بەردی نێو ڕووبارەکانن و بە ئاسانی لەناونابرێن".
لەیلا گوڤەن پشتگیری ژنانی لەنێو زیندانەکانەوە بۆ چالاکوانان دووپاتکردەوە، گوتی: "بە ڕۆحییەتێکی هەڤاڵێتی کۆمیناڵ و لەسەر بناغەی هەستیاریی ژنان بۆ "بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک"ـی فەیلەسووفی سەردەمەکەمان، ڕێبەر گەلان بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان، سڵاو لە ڕێپێوانەکەتان دەکەین. ئازادیی ڕێبەرەکەمان کە گوتی 'بەبێ ئازادیی ژنان، کۆمەڵگە ئازاد نابێت' و یەکەمین شۆڕشی جیهانیی ژنانی بەدیهێنا، هێڵی سووری ئێمەیە. ڕەوشی ئەو وەک دانوستانکاریی سەرەکی، پێویستی بە ئازادیی وییە. لەژێر ڕۆشنایی ئازادیی ڕێبەرەکەماندا، ڕێگە و چارەنووسی خۆمان دەستنیشان دەکەین، هەزار سڵاو لەو هەڤاڵانەی بوونە ئەستێرەی ئەم ڕێگەیە".
پاشان هاوسەرۆکی گشتیی دەبەپە، چیدەم کلیچگون ئوچار تیشکی خستەسەر گۆشەگیریی ئیمراڵی و گوتی: "کۆمیسیۆن لە چارەسەری پرسی کورددا گوێی لە هەمووان گرت، کەچی گوێی لە بەڕێز ئۆجالان نەگرت کە ئەکتەری سەرەکیی چارەسەری یەم پرسەیە. پێویستە کۆمیسیۆنەکە گوێ لە بەڕێز ئۆجالان بگرێت".
ڕێپێوانەکە بە بەرزکردنەوەی درووشم تا بینای دەم پارتیی ناوچەکە بەردەوام بوو.