قەسەدە لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت: "بەرەبەیانی ئەمڕۆ، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی خۆکوژی چەکدارەکان، هێرشی کردە سەر ئۆتۆمبێلێکی سەربازی لە دەوروبەری دێرحافر، کە بووە هۆی برینداربوونی سێ لە شەڕڤانانمان. هەروەها ئێوارەی ئەمڕۆ، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانیان ئۆتۆمبێلێکی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی کردە ئامانج کە لە ئەنجامدا چوار شەڕڤان بریندار بوون".
قەسەدە لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بەوەداوە: " ناوچەکانی نیشتەجێبوون لە ناوچەکە ڕووبەڕووی بۆردومانی هەڕەمەکی دەبنەوە، کە هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ژیانی هاوڵاتیانی سڤیل و ئامانج لێی بڵاوکردنەوەی ترس و دڵەڕاوکێیە لەنێو دانیشتواندا".
لە کۆتاییدا ڕایگەیاندووە کە ئەم دەستدرێژییە بەردەوامانە بە ڕوونی مەرامی چەکدارانی حکومەتی دیمەشق بۆ دروستکردنی پشێوی و تێکدانی سەقامگیری لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا نیشاندەدات و دەشڵێت: "هێزەکانی سوریای دیموکراتیک جەخت لەوە دەکەنەوە کە بەردەوام دەبن لە ئەرکی خۆیان لە پاراستنی گەلەکەیان و بەرپەرچدانەوەی هەموو هەوڵێک بۆ تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە".