کۆردیناسیۆنی ڕاگەیاندنی ئازادیی ژن (ڕاژن) ڕاگەیاندراوێکی بە ناونیشانی "لەسەر ڕێگەی غوربەتلی ئەرسۆز، کە گوتاری لەگەڵ حەقیقەت ئاوێتە کرد، پەردە لەسەر تاریکییەکان هەڵدەماڵین." بڵاوکردەوە.
ڕاژن ئاماژەی بەوەدا لە مێژوودا چەندین ژن لە پێشکەوتنەکانی مرۆڤایەتییدا بەشدارییان کردووە و بەڵام ناویان نەهێنراوە و گوتی: "هەندێک ژن ئەم سیستەمەیان ڕەتکردەوە و لە بەرانبەردا بە پیتی زێڕین ناوی خۆیان لە مێژوودا نووسی. غوربەتلی ئەرسۆز یەکێک لەوانەیە. ئەو تەنها ناوی خۆی لە کوردستان و تورکیا نەنووسی، لە هەمانکاتدا لە دژی نکۆڵیکردن و پشتگوێخستنی هەبوونی گەلەکەی وەستایەوە.
ئەکادیمیست، زانا، ڕۆژنامەوان، یەکەم ژنە سەرنوسەری تورکیا و کوردستان، شۆڕشگێڕ و ژنی ئازاد غوربەتلی ئەرسۆز لەگەڵ هاوڕێیانی لە شەوی ٧-٨ی تشرینی ١٩٩٧ لە باشووری کوردستان، لە بۆسەیەکی پەدەکەدا و لە ژێر گولـلەبارانی تانکەکانی تورکیادا شەهیدبوو."
لە ڕاگەیاندراوەکەی ڕاژن ئاماژەش بەوەکراوە غوربەتەلی ئەرسۆز ساڵی ١٩٦٥ لە ناوچەی خارپیتی ئەلعەزیز لەدایک بووە، خوێندنی سەرەتایی لە گوندەکەی خۆی و ناوەندی لە شاری ئەدەنە تەواو کردووە. دوای تەواوکردنی بەشی کیمیا لە زانکۆی چوکرۆڤا، بڕوانامەی ماستەری لە بواری ژینگە و وزە بەدەستهێناوە، تاوەکو ساڵی ١٩٩٣ وەک یاریدەدەری کیمیا کاری کردووە. لە دوای کۆمەڵکوژی هەڵەبجە (١٩٨٨) لێکۆڵینەوەکانی لە بەرانبەر ژیان دەستیپێکرد. لە ساڵی ١٩٨٩دا بەهۆی ڕامانە سیاسییەکانییەوە زیندانی دەکرێت و ئەشکەنجە دەدرێت. لە ساڵی ١٩٩٣دا بوو بە سەرنووسەری ڕۆژنامەی ئۆزگور گوندەم و بوو بە یەکەم سەرنووسەری ژن لە مێژووی تورکیادا.
لە بەردەوامی ڕاگەیاندراوەکەی ڕاژن هاتووە: "گوربەتلی ئەرسۆز، بە ژیانی خۆی، بوو بە سیمبولی تەڤگەری ئازادی کورد و شوناسی ژنی ئازاد. لە ڕۆژنامەوانییدا هەڵوێستێکی زۆر بەهێزی نیشان دەدا، بە دوای ڕاستییەکاندا دەگەڕا. لە ڕۆژنامەکەدا بە درووشمی "ڕاستی لە تاریکیدا نامێنێت" ڕاستییەکانی ئاشکرا دەکرد. کاتێک ڕۆژنامەکە بۆردومان کرا، بە مانشێتی "ئەم ئاگرە تۆش دەسوتێنێت" ڕاپەڕی و بوو بە سیمبولی بەرخۆدان."
لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژەش بەوەکراوە غوربەتلی گوتار و حەقیقەتی ئاوێتە کرد گوترا: "لە بنیاتنانی نەریتی ڕاگەیاندی ئازاددا پێشەنگێکە. دوای شەهیدبوونی ژنە شوێنکەوتووانی ساڵیادی شەهیدبوونی ئەویان وەک ڕۆژی ڕۆژنامەوانی ژنانی کوردستان ڕاگەیاند. ئەمڕۆ بە سەدان ژن بە کامێرا، گوتار و نووسینەکانیان درێژە بە ڕێگەی غوربەتلی ئەرسۆز دەدەن. بەدوای ڕاستییەکاندا دەگەڕێن و بەرخۆدان فراوان دەکەن."
لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: "وەک ڕاژن بە ئێرادەین لەسەر ڕێگەی غوربەتلی ئەرسۆز دەبینە دەنگی هەموو ئەو گەل و ژنانەی کە پشتگوێ خراون، بەتایبەتی گەلی کورد. ئەو نەریتەی ڕاگەیاندنی ئازاد کە ئەو بنیاتی ناوە، بە زیندووی دەهێڵینەوە و فراوانی دەکەین. بەڵێنمان دووپات دەکەینەوە کە خەونەکانی شیلان باقی، شەڤین بینگۆل، گوڵناز ئەگە، ئایفەر سەرچە، دەنیز فورات، نوژیان ئەرهان، دلیشان، دلۆڤان، نەگیهان ئاکارسەل، ئەمینە دەمیر، گوڵستان تارا، هێرۆ بەهادین، جیهان بیلگین و ژنە شەهیدەکانی دیکە کە درێژەیان بە ڕێگەی غوربەتلی ئەرسۆزدا، بە دیبهێنین.
هەروەها بەم بۆنەیەوە ڕۆژی ڕۆژنامەوانی ژنانی کوردستان لە هەموو ژنە خەباتکارەکانی ڕاگەیاندن کە ڕێگەی حەقیقەت پەیڕەو دەکەن، پیرۆز دەکەین."