لە مانگێکدا چوار ژن لە هەرێمی کوردستان کوژراون

لە مانگی ئەیلوولی ئەمساڵدا لە هەرێمی کوردستان چوار ژن کوژراون و ژنێکی دیکەش بە شێوەی گوماناویی گیانی لەدەستداوە.

بە گوێرەی ئاماری مانگی ئەیلوولی ڕۆژنیوز، لە ٥ـی ئەیلوولی ئەمساڵدا، لە شارۆچکەی دەربەندیخانی سەربە پارێزگای سلێمانی، ژنێک بە ناوی چاوان حەسەن لە لایەن هاوژینەکەی کوژرا.

لە ٦ـی ئەیلوولی ئەمساڵدا، لە پارێزگای هەڵەبجە تەرمی دایک و کچێک بە ناوی (ج .ف.س) تەمەن ٥٤ساڵ و (ه .ه .ع) تەمەن ۱۷ ساڵ لە ماڵەکەی خۆیاندا دۆزرانەوە کە شوێنەواری فیشەک بە جەستەیانەوە دیاربوو.

لە ٨ـی ئەیلوولی ئەمساڵدا، لە شارۆچکەی کفری ژنێکی تەمەن ٢١ ساڵ بەهۆی سەختی برینەکەی لە ڕووداوێکی شەڕە چەقۆدا گیانی لەدەستدا.

لە ٢٥ـی ئەیلوولی ئەمساڵدا، لە شارۆچکەی ڕانیەی ناوەندی ئیدارەی ڕاپەڕین، ژنێک بە ناوی ئەوین ساڵح لە یەکەمین ساڵیادی هاوسەرگیرییدا، لە ڕووداوێکی گوماناوییدا بە سووتان گیانی لەدەستدا.

هەر لەئامارەکەدا هاتووە: "لە هەشت مانگی یەکەمی ئەمساڵەوە لە هەرێمی کوردستان ٢١ ژن کوژراون و ١٧ ژنی دیکەش بەشێوەی گوماناویی گیانیان لەدەستداوە، چوار ژن لە مامۆستایانی ناڕازی و چالاکوان لە لایەن ئاسایشی سلێمانییەوە توندوتیژییان بەرانبەر ئەنجامدراوە. لە ساڵی ٢٠٢٤ـدا، بە پێی ئامارەکانی ڕۆژنیوز، لە باشووری کوردستاندا و لە سەرجەم شارە جیاجیاکاندا ٣٩ ژن کوژراون یان ناچار بە خۆکوشتن کراون، کە حەوت حاڵەت بە شێوەی گوماناوی گیانیان لەدەستداوە."