بە دیمەن

لە ستۆکهۆڵم ژنان لە دژی توندوتیژییەکانی سەر ژنان گردبوونەوە

ژنانی نەتەوە جیاوازەکان کە لە چوارچێوەی چالاکییەکانی ٢٥ـی تشرینی دووەم لە ستۆکهۆڵم کۆبوونەوە، لە دژی پەرەسەندی توندوتیژی سیستەماتیکانەی سەر ژنانی کۆچبەر، پەیامی تێکۆشانی هاوبەشیان دا.

لە چوارچێوەی چالاکییەکانی ٢٥ـی تشرینی دووەم، ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، لەسەر بانگەوازی ئەنجوومەنی ژنانی ئامارا، بە سەدان لە ژنانی سوویدی، ئەمریکای لاتین، کورد، ئێرانی، ئەفریقی و چەندین ژنی نەتەوەکانی دیکە لە گۆڕەپانی سێرگێلس تۆرگی ناوەندی ستۆکهۆڵم گردبوونەوە و پەیامی تێکۆشانی هاوبەشیان دا.

ژنان لە گردبوونەوەکەیاندا، کە گۆڕەپانەکەیان داپۆشیبوو، بە وتنەوەی درووشم وبەرزکردنەوەی پانکارت بڕیارداری خۆیان لە تێکۆشانی هاوبەش لە دژی پەرەسەندی توندوتیژییە سیستەماتیکییەکانی سەر ژنانی کۆچبەر دووپات کردەوە.

لە چالاکییەکەدا وتەبێژی ئەنجوومەنی ژنانی ئامارا، قسەیکرد و ئاماژەی بەوەدا ژنان بە ڕێکخستنکاری خۆیان هێزیان وەرگرتووە و گوتی: "ئازادی ژنان مەرجی بنەڕەتی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیکە."

چالاکییەکە بە درووشمی "ژن، ژیان، ئازادی" کۆتایی هات.