مەراسیمی وەرگرتنی خەڵاتی ڕۆژنامەوانیی ژنانی غوربەتلی

ئەو ڕژنامەوانە ژنانەیی خەڵاتی ڕۆژنامەوانیی ژنانی غوربەتلییان وەرگرت گوتیان: "حەقیقەت لە تاریکیدا ناشاردرێتەوە"، ژنانی ڕۆژنامەوان بەڵێنی مەزنکردنی تێکۆشانیان لەسەر ڕێچکەی غوربەتلی دا.

خەڵاتی ڕۆژنامەوانیی ژنانی غوربەتلی ئەرسۆز کە ئەمساڵ بۆ جاری یەکەم لە لایەن کۆمەڵەی ژنانی میزۆپۆتامیا (مەکەگە)ەوە ڕێکخرا، لە ناوەندی کۆنگرەی چاندی ئامەد پێشکەش کرا. لە مەراسیمەکەدا ئەندامانی مەکەگە، کۆمەڵەی ڕۆژنامەوانانی دیجلە فورات (دەفەگە)، چەندین ڕۆژنامەوان، تەڤگەری ژنانی ئازاد (تەژەئا)، دایکانی ئاشتی، فاتیمە ئەرسۆزی دایکی شەهید غوربەتلی، سیاسەتمەداری کورد گوڵتان کشاناک، هاوسەرۆکی دەبەپە چیدەم کلچگون ئوچار، دەم پارتی، کۆمەڵەی یاساناسانی ئازادی، کۆمەڵەی ژنانی ڕۆسا و ڕێکخراوە کۆمەڵایەتییەکان بەشداربوون.

مەراسیمەکە بە ساتێک بێدەنگی بۆ شەهیدانی ڕاگەیاندنی ئازاد دەستی پێکرد، دواتر بە کۆمەڵ درووشمی "شەهید نامرن" گوترایەوە. لە مەراسیمەکەدا وتار و پەیامەکان خوێندرایەوە و پاشان براوەی خەڵاتەکە بەسەر ڕۆژنامەوانانی ژندا دابەش کرا.

هەروەها لە مەراسیمەکەدا سینەڤیزیۆنێک لەسەر ژیان و تێکۆشانی غوربەتلی ئەرسۆز و ئەو فشارانەی دەوڵەت نمایشکرا کە لە ساڵانی نەوەدەکاندا لەدژی ڕاگەیاندنی ئازادی بەڕێوەدەبرا.

پاش سینەڤیزۆنەکە دایکی شەهید غوربەتلی، فاتمە ئەرسۆز وتەیەکی کورتی پێشکەش کرد و گوتی: "وەک گەلی کورد قوربانی زۆمان داوە. ئیدی بەسە. ئاشتیمان دەوێ. هیوای سەرکەووتنتان بۆ دەخوازم."

بنەماڵەی غوربەتلی: زیندوڕاگرتنی ناوەکەی بەردەوامی تێکۆشانە بۆ حەقیقەت

هەروەها لە مەراسیمەکەدا پەیامی بنەماڵەی غوربەتلی خوێندرایەوە کە بۆ مەراسیمەکەیان ناردبو، تێیدا هاتبوو: "غوربەتلی ئەرسۆز بە تەنها ڕۆژنامەوانێک نەبوو؛ هاوکات بە پێنووس، هەڵوێست و بەرخۆدانیی، بووە سیمبوڵی ڕاگەیاندنی ئازاد. زیندوڕاگرتنی ناوەکەی تەنها یادکردنەوەیەک نییە، هاوکات بەردەوامی تێکۆشانیشە بۆ حەقیقەت."

وەرگرانی خەڵاتەکە بەم شێوەیە بوو:

لە بەشی هەواڵی تورکیدا پەیامنێری ئاژانسی میزۆپۆتامیا (ما) زەینەب دوورگوت بە شایستەی خەڵاتەکە دانرا. بابەتەکەی زەینەب دوورگوت بە ناونیشانی 'شەڕی تایبەت لە شڕناخ'، دەربارەی سیاسەتەکانی شەڕی تایبەتی دەوڵەتی تورکە لە هەرێمەکەدا.

لە بەشی هەواڵی کوردی (کورمانجی)یدا پەیامنێری ژن نیوز ڕۆژدا ئایدن و دیلان باباد بەو بابەتەی بە ناونیشانی 'بکوژی ١٢ منداڵەکە، تلیاک لە کوێ پەیدا دەکات' بە شایستەی خەڵاتەکە دانرا.

بۆ بەشی هەواڵی بە دیمەن، ژنە ڕۆژنامەوان دەریا رەن بەو بابەتەی کە لەسەر توندوتیژییەکانی دەوڵەتی تورک لە سلۆپی تۆماری کردووە و بە بەڵگەی کردووە، بە شایستەی خەڵات دانرا.

هەروەها لە بەشی وێنەدا، وێنەی 'بیرەوەری ئەبەدی'ـی فەتۆش سارکایە لە ئاژانسی هەواڵی پیر (PÎRHA) بە شایستەی خەڵاتی دانرا. وێنەکە گوزراشتە لە ئازاری کۆمەڵکووژی سێواس.

هەروەها دایکانی ئاشتی کە ساڵانێکە لە تێکۆشانی خواستی ئاشتییدان، بە شایستەی خەڵاتی 'شکۆی ڕێزلێنانی'ـی ئەمساڵی پێشبرکێکە دانران.