ناوی وەرگرانی خەڵاتی ڕۆژنامەگەریی ژنانی غوربەتلی ئەرسۆز ئاشکرا کرا

ناوی وەرگرانی خەڵاتی ڕۆژنامەگەریی ژنانی غوربەتلی ئەرسۆز ئاشکرا کران کە لە لایەن مەکەگەوە ڕێکخراوە، لە ٨ـی تشرینی یەکەم دابەش دەکرێت.

پێشبڕکێی بە دەستهێنانی خەڵاتەکە لەسەر ئاستی چوار بەشی هەواڵی تورکی، هەواڵی کوردی (کورمانجی)، هەواڵی بە دیمەن و وێنە بەڕێوەچوو.

لە بەشی هەواڵی تورکیدا پەیامنێری ئاژانسی میزۆپۆتامیا (ما) زەینەب دوورگوت بە شایستەی خەڵاتەکە دانرا. بابەتەکەی زەینەب دوورگوت بە ناونیشانی 'شەڕی تایبەت لە شڕناخ'، دەربارەی سیاسەتەکانی شەڕی تایبەتی دەوڵەتی تورکە لە هەرێمەکەدا.

لە بەشی هەواڵی کوردی (کورمانجی)یدا پەیامنێری ژن نیوز ڕۆژدا ئایدن و دیلان باباد بەو بابەتەی بە ناونیشانی 'بکوژی ١٢ منداڵەکە، تلیاک لە کوێ پەیدا دەکات' بە شایستەی خەڵاتەکە دانرا.

بۆ بەشی هەواڵی بە دیمەن، ژنە ڕۆژنامەوان دەریا رەن بەو بابەتەی کە لەسەر توندوتیژییەکانی دەوڵەتی تورک لە سلۆپی تۆماری کردووە و بە بەڵگەی کردووە، بە شایستەی خەڵات دانرا.

هەروەها لە بەشی وێنەدا، وێنەی 'بیرەوەری ئەبەدی'ـی فەتۆش سارکایە لە ئاژانسی هەواڵی پیر (PÎRHA) بە شایستەی خەڵاتی دانرا. وێنەکە گوزراشتە لە ئازاری کۆمەڵکووژی سێواس.

هەروەها دایکانی ئاشتی کە ساڵانێکە لە تێکۆشانی خواستی ئاشتییدان، بە شایستەی خەڵاتی 'شکۆی ڕێزلێنانی'ـی ئەمساڵی پێشبرکێکە دانران.

ڕۆژی چوارشەممە ٨ـی تشرینی یەکەم لە ئامەد لە کاتژمێر ١٩:٠٠ دا لە ئامەد چاند (ناوەندی چاند و کۆنگرەی سەزای کاراکۆچ) مەراسیمی وەرگرتنی خەڵاتەکان ئەنجام دەدرێت.

دەربارەی غوربەتلی ئەرەسۆز

غوربەتەلی ئەرسۆز ساڵی ١٩٦٥ لە گوندی زڤەری ناوچەی پالۆی خارپیت لەدایک بووە، خوێندنی سەرەتایی لە گوندەکەی خۆی و ناوەندی لە شاری ئەدەنە تەواو کردووە. دوای تەواوکردنی بەشی کیمیا لە زانکۆی چوکرۆڤا، بڕوانامەی ماستەری لە بواری ژینگە و وزە بەدەستهێناوە و تاوەکو ساڵی ١٩٩٣ وەک یاریدەدەری کیمیا کاری کردووە. لە ساڵی ١٩٩٣ لە ڕۆژنامەی ئۆزگور گوندەم دەستی بە کاری ڕۆژنامەوانی کردووە. ئەرسۆز وەک یەکەم دەرهێنەری ژن لە پەخشێکی گشتی لە تورکیا دەربازی مێژوو بوو.

بە مەبەستی بیرهێنانەوەی ئەرسۆز کە لە ٨ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٧ لە هەرێمی کوردستاندا لە شەڕوپێکدادانێکدا شەهیدبوو، ٨ی تشرینی یەکەم وەک "ڕۆژی ڕۆژنامەوانانی ژنانی کورد- غوربەتلی ئەرسۆز" ناسێندرا و بوو بە سیمبولی ژنانی ڕۆژنامەوان. ئەرسۆز بە هەڵوێستی بوێرانەی لە ڕاگەیاندنی ئازاددا، پێشەنگایەتی میدیای کوردی کرد.