تەڤگەری چاند و هونەریی دیموکراتیکی میزۆپۆتامیا (تەڤ-چاند)، سەبارەت بە کۆنسێرتەکەی هونەرگەی وڵات کە لە زانکۆی ئەمریکی لە شاری سلێمانی باشووری کوردستان ئەنجامیاندا و لە لایەن کەسانی لایەنگر و پشتیوانی داعشەوە کاردانەوەی لێکەوتەوە، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.
ڕاگەیاندراوەکە لە پێش ناوەندی تەڤ-چاند لە شاری قامیشلۆ بە ئامادەبوونی ئەندامانی تەڤ-چاند و هونەرگەی وڵات لەلایەن زۆزان برکۆ، ئەندامی وەشانی شلێرەوە خوێندرایەوە.
زۆزان برکۆ ڕایگەیاند، “لە ساڵی ٢٠١٢ گەلی ڕۆژئاوا لە دژی ڕژێمی بەعس دەستیان بە ڕاپەڕین کرد، بەم ڕاپەڕینە گەل گەیشت بە ئازادی، توندڕەوترین و تاریکترین بزووتنەوەکان بە ڕابەرایەتی چەتەکانی داعش بە پاڵپشتی هێزە هەرێمییەکان ڕوویان لە ڕۆژئاوای کوردستان کرد و بۆ یەکەمین جار لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، هێرشێکی دڕندانە بۆ سەر گەل بەم شێوەیە ئەنجامدرا.”
وتیشی: “بە سەرکردایەتی ژنانی کورد، کچان و کوڕەکانمان، بەرخۆدانێکی مێژوویی دەستیپێکرد و بەشێوەیەکی قارەمانانە تواندرا داعش تێکبشکێندرێت، ئەم هێرشانە تا ئەمڕۆش بەردەوامن، کچ و کوڕەکانمان ڕۆژانە شەهید دەبن.”
ئاماژەی بەوەشکرد، “گەل ساڵانێکە لە بەرانبەر جینۆساید و ستەمکاریدا کار بۆ بنیاتنانی ژیانێکی ئازاد دەکات، هەروەها بەرهەمە کولتووری و هونەرییەکانیش بە ڕێکخستنی گەلانی ناوچەکە و هەموو پێکهاتەکانی، بە پێشەنگایەتی ژنان، پرۆسەیەکی نوێی ڕۆشنبیری و هونەر یان شۆڕشی ڕۆشنبیریی دەستپێکرد، لە ماوەیەکی زۆر کورتدا، تێکۆشانی کولتوور و هونەر، بەتایبەت ئەوانەی بۆ ژنانی ئێزدی، ئازار و قارەمانێتی ژنانی کوردیان لە هەموو جیهاندا ناساندووە، لەم بەرهەمە مێژووییانەدا دامەزراوە ڕۆشنبیری و هونەرییەکانمان گرنگترین ڕۆڵیان بینیوە، ناوەندی هونەرگەی وڵات بەتایبەتی ڕۆڵێکی مێژوویی گێڕاوە بە خوڵقاندنی هونەری کۆمیناڵ، بە بەرهەمهێنانی چەندین بەرهەمی هۆشیاریی بووەتە دەنگ و ڕەنگی کۆمەڵگایەکی ئازاد.”
ئەوەشی خستەڕوو، “لەم دواییانەدا لەسەر داوای دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکانی باشووری کوردستان، هونەرگەی وڵات کۆنسێرتێکی کاریگەری لە شاری سلێمانی ئەنجام دا، لە کۆنسێرتەکەدا سەمایەک بە ناوی “ڤەژین” نمایشکرا، کە تیشک دەخاتەسەر ئازار و مەینەتی و ڕزگاری ژنانی ئێزدی و هەموو ژنانی کوردستان و جیهان و ئەو ژنانە ویستوویانە ئەو ئازارە دەرببڕن کە بەدەستی سیستەمە توندڕەوەکان و ڕێکخراوی داعش و هەموو ئەو لایەنانەی کە ئیسلام بۆ مەبەستی خۆیان بەکاردەهێنن، هەرچەندە سەمای هونەرگەی وڵات کەوتە بەر هێرشێکی ڕێکخراو لەلایەن ئەو کەسانەی ئێمە وەک لایەنگرانی داعش پێناسەی دەکەین.”
وتیشی: “ئێمە ئەو دەستە پیسانە دەناسین کە لە پشت ئەو هێرشانەوە بوون بۆ سەرکوتکردنی ناسنامەی کوردی، شۆڕشی ڕۆژئاواش بە شۆڕشی ژنان پێناسە دەکرێت، پەرەپێدانی هونەری کوردی لە هێڵی ژنانی ئازاددا پیرۆزترین و بەنرخترین کارە.”
لە بەردەوامی ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، “گەلی ئێمەی باشووری کوردستان ئامانجی گڵاوی ئەو لایەنە تاریکانەی بینیووە و هەڵوێستێکی بەهێزیان نیشاندا، بۆیە بەناوی گەلی ڕۆژئاوای کوردستانەوە سڵاو لە پشتیوانی و هەڵوێستی گەلەکەمان لە باشووری کوردستان بەتایبەت ئەوانەی کە لە سلێمانین دەکەین.”
ئاماژە بەوەشكراوە: “جارێکی تر سووپاسی ڕێکخراوی کەشکوڵ و زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی (AUIS) ، هونەرمەندان و ڕۆشنبیران، ڕۆژنامەنووسان، کوڕان و کچانی کورد و چالاکوانانی کورد و هونەردۆستانی سەرتاسەری کوردستان و سەرجەم بەشداربووانی کۆنفرانسی کوردناسی دەکەین، بۆ پێشوازیکردن و پاڵپشتیکردنی گرووپی هونەرگەی وڵات.”
لە كۆتایدا هاتووە، “وەک ناوەندی چاند و هونەری و ئەدەبی پشتیوانی خۆمان بۆ کار و هەوڵە سەرکەوتووەکانی گرووپی هونەرگەی وڵات دووپات دەکەینەوە و پێویستە گەلەکەمان باش بزانێت کە داهێنانەکانی گرووپی هونەرگەی وڵات لە داهاتوودا لە ئاستێکی بەهێزتر و بەرزتردا بەردەوام دەبێت.”