هێزە چەکدارەکانى رژێمى تورک ئەمڕۆ لە ناوەندی مێردین و ناوچەکانى مێردین هەڵیانکوتایە سەر دەیان ماڵ. لەو هەڵکوتانەدا عەلی سینجار هاوسەرۆکی هەدەپە لە مێردین، عابدین ئونای، خەلیل یاگان و عادل باشاران بەڕێوەبەرانى هەدەپە لە شاری مێردین دەستگیرکران.
ئۆپەراسیۆنەکە لە چوارچێوەى لێپرسینەوەیەک لەلایەن داواکارى گشتیى کۆماری لە مێردین ئەنجامدراوە.
پۆلیسى تورک هەڵیانکوتایە سەر ماڵی ئەیلەم ئاماک هاوسەرۆکى هەدەپەی مێردین و بەهۆی ئەوەى ئاماک لە ماڵەوە نەبوو نەیانتوانی دەستگیری بکەن.
کەسە دەستگیرکراوەکانى تریان بردووە بۆ هۆبەى "بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر" لە مێردین.
لە ئەدەنە ئەندامى ئەنجوومەنى ناوەندیى دەبەپە دەستگیرکرا
بێریتان ئۆنەن ئەندامى ئەنجوومەنى ناوەندیى پارتى دیموکراتیکى هەرێمەکان (دەبەپە) لە ناوچەى سەیهانی ئەدەنە لە ماڵەکەى خۆیدا لەلایەن پۆلیسەکانى دەوڵەتى تورکەوە دەستگیرکرا.
پۆلیسی دەوڵەتى تورک لە دواى ماوەیەکى زۆر دوورودرێژ لە پشکنینى ماڵەکەى، بێریتان ئۆنەنیان دەستگیرکرد.
ئۆنەن بە پاساوی پێشکەشکردنی وتەیەک لە مێردین دەستگیرکراوە و براوە بۆ بەڕێوەبەرایەتیى ئاسایشی ئەدەنە.
ر.م