حه‌مدیه ئیڤه‌دی دوای ساڵانێكی دوور و درێژ، له هه‌لومه‌رجێكی سه‌خت و دژوار‌دا بۆ لێكردنه‌وه‌ی هه‌نجیر، ترێ و ترش هاتووچۆی گونده‌كه‌ی خۆی ده‌كات. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته به‌یانییان كاتژمێر ٤ ده‌كه‌وێته‌ڕێ. كاتێك بۆ منداڵه‌كانی باسی گوندی به‌رترێ ده‌كات، ده‌ڵێت: «له بناره‌كانی چیای گاباره و هاوشێوه‌ی به‌هه‌شته.» دایكه حه‌مدیه له‌گه‌ڵ منداڵه‌كانی و بوكه‌كه‌ی به خۆشحاڵییه‌وه ڕوو له ڕه‌ز و باخه‌كانی ده‌كات.
پێشتر چه‌ند منداڵێكی خۆی هێنابوونه گوند، به‌ڵام بوكه‌كه‌ی و دوو له كچه‌كانی جاری یه‌كه‌مه دێنه گونده‌كه. له ڕێگه‌دا باسی سه‌رده‌می منداڵیی خۆی له‌م جوگرافیایه جوانه‌دا ده‌كات. له لایه‌كه‌وه شادی و خۆشی، له لایه‌كی دیكه‌شه‌وه خه‌مگینی و حه‌سره‌ت. له‌به‌رئه‌وه‌ی لێره‌یه زۆر دڵخۆشه، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌زانێت كه پاش چه‌ند كاتژمێرێك ده‌بێ بڕوات، خه‌مگینه.
ئه‌و ده‌نگه‌ی له به‌رترێ دێت
دوای كاتژمێرێك ڕێكردن، له جزیره‌وه خۆیان ده‌گه‌یه‌ننه ڕه‌ز و باخه‌كانیان له گوندی به‌رترێ. سه‌ره‌تا بڕیار ده‌ده‌ن كامه میوه بچنن. هه‌ندێك ڕوو له هه‌نجیر ده‌كه‌ن، هه‌ندێكی دیكه‌ش ڕوو له ترێ و ترش. ده‌نگی گۆرانی له ڕه‌ز و باخه‌كانه‌وه دێت.
له ڕاستیدا زۆر دڵسووتاوه
دوای كۆكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌می میوه‌كان، پشوو ده‌ده‌ن و دایه حه‌مدیه باسی خه‌مگینی خۆی ده‌كات و ده‌ڵێت: «به‌ر له ماوه‌یه‌كی درێژ ئێمه به لێدان، ئه‌شكه‌نجه و هه‌ڕه‌شه له گونده‌كه‌مان ده‌ركراین. ٢٥ ساڵی ته‌مه‌نم له‌م شوێنه به‌سه‌ربرد كه هاوشێوه‌ی به‌هه‌شته. له ڕێگه‌دا منداڵه‌كانم باسی جوانی گونده‌كه‌یان ده‌كرد. به‌ڵام من زۆر دڵسووتاوم. له ئاوی چه‌م ده‌نواڕم؛ ده‌وڵه‌ت خستوویه‌تییه نێو بۆڕی و كردوویه‌تییه ماڵی خۆی. سه‌یری ڕه‌ز و باخه‌كانم ده‌كه‌م؛ به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌س ناتوانێت خزمه‌تی بكات، گیای بێسوودی تێدا شین بوون. دره‌خته‌كانمان و مێوه‌كانمان وشك بوون. ئه‌م باخچایه‌ی ئێوه ده‌یبینن به‌شی ئه‌وه‌ی ده‌كرد گوندێك به‌خێو بكات. به‌ڵام ئێستا به‌هۆی خه‌مساردی به‌رهه‌می كه‌م بووه.»
«شه‌ڕه‌فی خۆمان نه‌فرۆشت»
دایكه حه‌مدیه توڕه‌یه، چونكه جاشه‌كان له گوند ماون و له ڕه‌ز و باخه‌كه‌ی ئه‌وان ده‌خۆن. ئه‌و له درێژه‌ی قسه‌كانیدا ده‌ڵێت: «سه‌ربازه‌كان ئه‌و كاته پێیان گوتین [یان ببنه جه‌رده‌ڤان (جاش)، یان ببنه ڕێبوار!]. ئێمه‌ش بووینه ڕێبوار. ئه‌وانیش نامووسی خۆیان فرۆشت و بوونه جاش. ئێمه قبووڵمان كرد كه له به‌هه‌شتی خۆمان ده‌ربكرێین و بێبه‌ش بكرێین، به‌ڵام شه‌ڕه‌فی خۆمان نه‌فرۆشت.
دایكه حه‌مدیه ده‌شڵێت: «كیلۆیه‌ك هه‌نجیر ئێستا به ٨ لیره‌یه، به‌ڵام ئه‌و هه‌نجیرانه‌ی ده‌فرۆشرێن تامیان نییه. دره‌خته‌كانی هه‌نجیری ئێمه وشك ده‌بن. ئێره گیان و ڕۆحی هه‌یه، هه‌م بۆ خۆم دێمه ئێره هه‌م له‌پێناو ئێره دێم.»
«وه‌ك ئه‌وه‌یه ئێره‌ش بیری منی كردبێت»
دایكه حه‌مدیه به ڕووكه‌نی خۆیه‌وه ده‌ڵێت: «هه‌ر وه‌ك چۆن من بیری ئێره‌م كردووه، وه‌ك ئه‌وه‌یه ئێره‌ش بیری منی كردبێت. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی پێشده‌كه‌نم، هه‌ر كه سه‌یری ئێره ده‌كه‌م دڵم ده‌سووتێت. سوپاس بۆ خودا كه خۆمان نه‌فرۆشت. چاوه‌ڕوانی ئه‌و ڕۆژه‌م كه به ته‌واوی بگه‌ڕێمه‌وه گونده‌كه‌ی خۆم. ئێمه ده‌ست له دۆزی خۆمان به‌رناده‌ین.»
دوای ئه‌وه‌ی ڕۆژ ئاوا ده‌بێت، باره‌كانیان هه‌ڵده‌گرن و له گونده‌كه‌یان ده‌گه‌ڕێنه‌وه.
s.m