باهۆز ئەرداڵ: راپەڕینەکەى شێلادزێ رەوایە

باهۆز ئەرداڵ ئەندامى فەرماندەیى بڕیارگەى ناوەندیى پاراستنى گەل رایگەیاند، بۆردومانکردنى هاووڵاتییانى باشووری کوردستان لەلایەن تورکیاوە 'کوشتاری دووەمی رۆبۆسکییە'. لە بارەی راپەڕینەکەى شێلادزێ-شەوە وتى "راپەڕینێکى رەوایە".

باهۆز ئەرداڵ ئەندامى فەرماندەیى بڕیارگەى ناوەندیى پاراستنى گەل لەبارەى بۆردومانەکانى دەوڵەتى تورک بۆ سەر باشووری کوردستان و راپەڕینى گەلی شێلادزێ بۆ ئاژانسى هەواڵی فورات (ANF) قسەى کرد.

 

ئەرداڵ رایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانى تورکیا رۆژی ٢٣ی کانوونی دووەمی ٢٠١٩ / ٣ی رێبەندان هێرشیان کردە سەر دێرەلوک و لەو هێرشەدا ٤ هاووڵاتییان شەهید کرد.

لەبارەى ئەو هێرش و بۆردومانەوە راشیگەیاند "چوار فڕۆکەى بێفڕۆکەوانى چاودێری بە ئاسمانی ناوچەکەدا دەسوڕانەوە و دواى ئەوە فڕۆکە جەنگییەکان هاتن و ناوچەکەیان بۆردومانکرد. تەنها بۆردومان رووی نەدا، بەڵکو ئەو هاووڵاتییە مەدەنییانەیان چاودێری دەکرد و بۆ ماوەى کاتژمێر و نیویک بۆردومانیان کردن. بە جلوبەرگ و جوڵەیاندا ئەوە دەردەکەوت، ئەو کەسانەى کە شەهید کراون، هاووڵاتیى مەدەنین".

هاوشێوەى کوشتارەکەى رۆبۆسکییە

باهۆز ئەرداڵ ئاماژەى بەوەکرد، ئەو هێرشە هاوشێوەى ئەو هێرشەیە کە کوشتار و کۆمەڵکوژیی رۆبۆسکیى تیادا ئەنجامدرا و وتى "ئەو کەسانە بە ئەنقەست کرانە ئامانج و ئەوەش کوشتارە. دەیانەوێت گەل چاوترسێن بکەن. دەوڵەتى تورک دەیەوێت بەو کوشتار و کۆمەڵکوژییە پەیامێک بە هەولێر بدات و گوشار بخاتە سەر گەلەکەمان. ئەوە بەشێکە لە دەستێوەردانەکانى دەوڵەتى تورک. ئەو هێرشە بە مانای ناڕەزایەتیی تورکیایە، چونکە کورد بەرامبەر بە یەکتر شەڕ ناکەن".

راپەڕینەکەى شێلادزێ رەوایە

باهۆز ئەرداڵ وتیشی، راپەڕین لە دژی دەوڵەتى تورک 'رەوایە' و ئەوەشی وت "ئەوە هەڵوێستێکى وڵاتپارێزی، کوردستانی و پیرۆزە. لەبەر ئەو هەڵوێستە پیرۆزبایى لە گەلەکەمان دەکەین و سڵاویان بۆ دەنێرین".

ئەرداڵ وتى "گەلی شێلادزێ و دێرەلوک کارێکى هەڵەیان ئەنجام نەداوە و مافێکى رەواى خۆیان بەجێهێناوە. دەبێت حکومەتى هەرێم و سیاسەتمەدارەکان رێز لەو هەڵوێستەى گەل بگرن و هیواداریشم خاوەنداریى لێ بکەن".

ئەرداڵ رایگەیاند، دەبێت رێز لە هەڵوێستى گەل بگیردرێت و لەبارەى ئەو راگەیاندراوانە، کە پەکەکە لە هەرێمەکەدا دەکەنە پاساو بۆ بۆردومانەکان راشیگەیاند "ئەوە راست نییە و راستییەکان ناخاتەڕوو. ئەو قسانە بۆ ئەوەیە هێرشەکانى دەوڵەتى تورک لە دژی گەلەکەمان زۆرتر بکرێت و بۆ ئەوەش بوێرى  بە تورکەکان دەدەن و داگیرکردنى تورک لە باشووری کوردستان رەوا دەکەن. ئەو هێرشە دڕندانە رەوا دەکەن".

بوونی پەکەکە لە هەرێمەکە بۆ ئارامى گرنگە

ئەرداڵ وتى "ئەوە بە روونی دەزانرێت، کە بوونی هێزەکانى پەکەکە لە بادینان و سەرتاسەری کوردستان هیچ زیانێکى بۆ گەل نییە، بەڵکو بە پێچەوانەوە پشتیوانییەکى سیاسی و سەربازییە. گەریلاکانى پەکەکە لە دژی هێرشەکان بۆ سەر هەرێمەکە پارێزگاری لە گەل دەکەن. کاتێک هێرشکرایە سەر شەنگال و کەرکوک پێشمەرگە و گەریلا شانبەشانی یەک شەڕیان کرد. بوونی گەریلا لەم ناوچەیەدا بۆ ئارامیى هەرێمەکەیە، بۆ بەهێزکردنى هەرێمى کوردستان گرنگە".

ئەو بارەگا سەربازییانە لێرە چی دەکەن؟

ئەرداڵ وتیشی "ئەو بارەگا سەربازییانەى تورک هیچ سوودێکیان نییە و هێزی داگیرکەرن. بارن بەسەر باشووری کوردستانەوە. هێزێکى بیانین. ئەوان بۆ ئەنجامدانى هێرشە ئاسمانییەکان زانیاریى هەواڵگری بە سوپاکەیان دەدەن و بۆردومانەکان بە هاوکاریی ئەمان بەڕێوەدەچێت. ئەوە کاری بارەگاکانى بامەڕنی و کانی ماسییە. قسە و پرسیاری راست ئەوەیە کە ئەوان لێرە چی دەکەن؟ گەلەکەمان لە باشووری ئەوان قبوڵ ناکەن. ئەوانەى لە بەردەم ئارامیى باشووری کوردستان دا ئاستەنگن ئەو هێزە داگیرکەرانن. ئێمە وەک بزووتنەوەى ئازادى لە پێناو ئارامیى هەرێمەکەدا بە هەستیارییەوە دەجوڵێینەوە. بەڵام داگیرکەرانى تورک بەو هێرشانە بۆ هەموو کوردانیان سەلماند، کە دوژمنایەتی بەرامبەر بە هەموو کوردان دەکەن. کورد لە کوێ بێت و لە کوێ هێز و رێکخستنی هەبێت لەلایەن دەوڵەتى تورکەوە دەکرێتە ئامانج".

ئەرداڵ ئەوەشی وت "گەلی باشوور ئاگاداری ئەوەیە و پێویستە حکومەتى هەرێمیش ئەوە ببینێت. بۆ ئارامیى گەلەکەشمان چی بکەوێتە سەر شانمان و چیمان لە دەست بێت ئێمە ئامادەین فیداکاریى بۆ بکەین".

دەبێت هەڵوێستى گەلی بادینان بە شێوەیەکى راست و دروست لێکبدرێتەوە

ئەرداڵ لە کۆتایى قسەکانیدا وتی "گەلی هەرێمەکە ئەوە قبوڵ ناکات کە لەو بابەتەدا پەکەکە تاوانبار بکریت، گەلی هەرێمەکە لە گەریلاکانى پەکەکە بێزار نین. گەریلا زیانى بۆ کەس نییە. بە پێچەوانەوە هاوکاری دەکەن، یارمەتى دەدەن. پێویستە هەڵوێستى گەلی بادینان راست و دروست لێکبدرێتەوە و دەبێت ئەو هەڵوێستە ستایش بکرێت. ئەو هەڵوێستە پەیامە بۆ هەموو هێزە کوردستانییەکان. داواى هەڵوێست لە هەموو حیزبە سیاسییەکان و هێزەکان دەکەن. ئەو هەڵوێستە بانگەوازە بۆ یەکێتیى نەتەوەیى و کۆنگرەى نەتەوەییە. ئێمەش لە پەیامەکەیان تێدەگەین".

ر.م