بنەماڵەى کاپڵانى بەرخۆدێری ڕۆژووی مردن: ئێمەش دەبینە دەنگیان

عەبدولخالق کاپلان یەکێکە لە بەرخۆدێرانی ڕۆژووی مردن. بنەماڵەى کاپلان ڕایدەگەیەنن "داوا لە پارتە سیاسییەکان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و هەموو خاوەن ویژدانەکان دەکەین، با ئێمەش ببینە دەنگی ئەو زیندانیانە".

چالاکییەکانی مانگرتن لە دژی گۆشەگیریی سەر رێبەری گەلی کورد عەبدوڵڵا ئۆجالان، بە پێشەنگایەتیی لەیلا گیوڤەن هاوسەرۆکی کەجەدە دەستیپێکردووە و لە سەرتاسەر جیهان بەردەوامە. لە ٣٠ی نیسانیشەوە ١٥زیندانیی دەستیان بە ڕۆژووی مردن کردووە.

یەکێک لە بەرخۆدێرانی ڕۆژووی مردن عەبدولخالق کاپڵانە، کە لە گرتووخانەی پیتی (D)ی ئامەدە. کاپڵان خەڵکی ناوچەی لیجەی ئامەدە و خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەییشی هەر لە لیجە تەواو کردووە. کاپلان کە باوکی کارمەندە لە ساڵی ٢٠٠٦ ەوە لەگەڵ بنەماڵەکەی ماڵیان گواستوەتەوە بۆ ئامەد. عەبدولخالق کاپڵان ساڵی ٢٠١٤ لە کاتی هێرشەکانی داعش بۆ سەر کۆبانێ دەچێتە ڕۆژئاوا و لەوێ بریندار دەبێت کاتێک دەگەڕێتەوە ئامەد بۆ چارەسەر دەستگیر دەکرێت.

"هەمیشە کەسێکى سەربەخۆ بووە"

دایک و باوکی بەرخۆدێری ڕۆژووی مردن عەبدولخالق کاپڵان، لەبارەی بەرخۆدانی کوڕەکەیانەوە بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەیان کرد، نیزامەدین کاپڵانی باوکی رایگەیاند، عەبدولخالقی کوڕێ هەر لە منداڵییەوە لێهاتوو و کارکەر بووە و وتی "هەمیشە سەربەخۆ بووە و نەیدەویست ژێردەستەی کەس بێت، بەڵام هەڤاڵەکانی خۆیش زۆر خۆشدەویست. هەڤاڵەکانیشی زۆریان خۆشدەویست. دڵی کەسی نەدەڕەنجاند. پەیوەندیی لەگەڵ دەوروبەرەکەی زۆر بەهێز بوو، لە منداڵییەوە تا ئێستاش، هەرگیز ڕۆژێک لێی تووڕە نەبووم".

لە کۆبانێ بریندار بوو

کاپڵان باسی ئەوەشی کرد، کاتی هێرشە داگیرکارییەکەی داعش بۆ سەر کۆبانێ کوڕەکەى ئەویش وەکو هەر گەنجێکی کورد چووە کۆبانێ و وتی: "بە ئیرادەی خۆی بڕیاری دا و ئێمەش ڕێزمان لە بڕیارەکەی گرت. لەوێ لەشەڕدا بریندار بوو. بۆ چارەسەرکردن هاتەوە ئامەد و هەر ئەو ساڵە دەستگیر کرا. بێگومان وەکو هەموو دایک و باوێک ئێمەش لەگەڵ کوڕەکەی خۆمان داین و پشتیوانیى لێدەکەین. با لە چاوی دەوڵەتەوە تاوانباریش بێت، بەڵام لە چاوی ئێمەوە تاوانبار نییە.

هەموو هەفتەیەک دەچینە سەردانی و هەڤاڵەکانیشی دەبینین. دەبینین کە هەڤاڵەکانی زۆر خۆشیان دەوێت. ئەوەش بۆ ئێمە جێگەی سەربەرزییە. لە پەیوەندی هەڤاڵییەتی و لە دڵسۆزیدا کەسێکی دروستە".

"ڕێزمان لە بڕیارەکەی گرت"

کاپڵان ڕایگەیاند، کاتێک عەبدولخالقی کوڕیان پێی وتوون کە دەست بە مانگرتنی دەکات ڕێزیان لە بڕیارەکەی گرتووە و گوتی: "ئەگەر بەدڵی ئێمەش نەبێت، ئێمە ڕێزمان لە بڕیارەکەی گرت و پشتگیریمان کرد. ئەمڕۆ لە ڕۆژی ٦٠هەمی مانگرتندایە. لە ٣٠ نیسانیشەوە دەستی بە ڕۆژووی مردن کردووە، بڕیاری ڕۆژووی مردنیشی بە تەلەفۆن بەمن ڕاگەیاند و منیش پێم وت پاڵپشتیت دەکەم.

٣٠ نیسان هاوکاتە لەگەڵ ڕۆژی لەدایکبوونی عەبولخالق، ئیتر ئەوە ڕێکەوتە یان ڕێکەوت نییە، نازانم، بەڵام لە ڕۆژی لەدایکبوونی خۆیدا دەستی بە ڕۆژووی مردن کردووە، کۆڕەکەم بۆ کۆتایهێنانی گۆشەگیریی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵڵا ئۆجالان جەستەی خۆی خستوەتە بەر ڕۆژووی مردن. داوای من لە پارتە سیاسییەکان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی، هەموو ئەوانەی خاوەن ویژدانن و لە گەلی کورد ئەوەیە: با ببینە دەنگی ئەو زیندانییانە و هاوبەشی ئازارەکانیان بین، چونکە پاراستنی ژیان ئەرکی مرۆڤەکانە".

"داواکانیان ئەوە نییە کە پەسەند نەکرێت"

کاپڵان ڕایگەیاند، لە شوێنێک کە دادگەری نەبێت هیچ چاوەڕوانییەکی لێ ناکرێت و وتی: " پێویستە دادگەری بۆ هەموو کەسێکی وڵات یەکسان بێت. لە سەرۆک کۆمارەوە هەتا شوانێک. بۆ هەمووان یەکسان بێت. داواکارین گۆشەگیریی قورس کۆتایی پێ بێت. پێش ئەوەی لە گرتووخانەکان کەس گیان لەدەست بدات دەبێت ئەو قۆناغە تەواو ببێت. کۆڕەکەم ٨-٩ کیلۆ لە کێشی دابەزیوە ئەگەر بۆ کوڕەکەم قسە بکەم ٦٠ رۆژ ماوەیەکى کەم نییە و تەنیا بە خواردنەوە لەش ناتوانێت بەپێوە بوەستێ.

دوای ٦٠ ڕۆژ لە مانگرتن جەستەی خۆیان خستە بەر ڕۆژووی مردن، ئێمە ئەو دۆخە دەهێڵینەوە بۆ ویژدنی ئەوانەی کە گۆشەگیری دەسەپێنن. دەمانەوێت پێش ئەوەی ڕۆڵەکانمان گیان لەدەست بدەن و پێش ئەوەی دایک بگرین داواکانیان قبوڵ بکرێن. داواکانیشان لەو داوایانە نین کە قەبول نەکرێن. دەیانەوێت ڕێبەری گەلێک کە ٢٠ ساڵە لە زیندان دایە بتوانێت کەسوکار و پارەێزەرەکانی ببینێت. ئەوەش مافی یاسایی و دەستوورییە و دەبێت جێبەجێ بکرێن".

"دەبێ دەوڵەت هەنگاو بنێ"

دایە ئایسەڵ کاپڵان، دایکی عەبدولخالق کاپلان لە سەرەتای قسەکانی دا سڵاوی بۆ لەیلا گیوڤەن نارد و گوتی: "ئەوانەی لەم وڵاتەن، چ کورد و چ تورک، پێوستە بۆ کۆتایهێنان بە مانگرتنەکان بە بەرپرسیاریەتییەوە هەڵسوکەوت بکەن. کاتێک لە کوڕەکەم دەپرسم 'چۆنی؟' دەڵێت بارودۆخم باشە. دوێنی چووینە لای، لێوەکانی سپی ببون. هەڤاڵانی ئەویشم بینین هەموویان لە رووی جەستەوە لاواز و بێ تاقەت بوون. داوا لە دەوڵەت دەکەین کە لەو بارەیەوە هەنگاوێک بنێت، چونکە ئێمە نامانەوێت ڕۆڵەکانمان بمرن".

ر.م