بەرەی تورکمانی عێراق ئاشکرای کرد کە گروپێکی چەکداری چەتەی دروست کردووە

بەرپرسانی بەرەی تورکمانی عێراق کە پشت بە ڕژێمی ئەنقەرە دەبەستێت، پاش ئاشکرابوونی بەڵگەکان، دانیان بەوەداناوە کە لە ڕێگای کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەتەوە، گروپێکی چەتەی چەکداریان دروستکردووە کە لە ٦٠٠ کەس پێکدێت.

پەرلەمانتاری پێشووی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان شوان داودی، مانگی حوزەیران، بۆ ئاژانسی هەواڵیی فورات 'ئەنەفە'ی ئاشکراکردبوو کە بەرەی تورکمانی عێراق لە کەرکووک، بەناوی کۆمپانیای بەرگری و پاراستنەوە، گروپێکی چەتەی چەکداریان دروست کردووە کە لە ٦٠٠ چەتە پێکدێن.

شوان داودی دەستنیشانی کردبوو کە چەتەکانی ئەو گروپە چەکدارە لەلایەن سەرۆکایەتی فەرماندەیی گشتیی تورکیاوە لە ئەنقەرە پەروەردە کراون و مانگانەش ٤٠٠ هەتا ٧٠٠ دۆلار مووچە وەردەگرن.

ئەو پەرلەمانتارەی پێشووی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق، بەڵگەی ئەوەیشی ئاشکراکردبوو کە مووچەی ئەو چەتە چەکدارانەی بەرەی تورکمانی عێراق لەلایەن تورکیاوە دابین دەکرێت.

ئەوکات شوان داودی بە بیری هێنابوویەوە کە دامەزراندنی ئەو گروپە چەتە چەکدارە دژ بە یاساکانی عێراقە و ئەوان بەڵگەی دروستکردنی ئەو گروپە چەتە چەکدارە ئاڕاستەی لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراق دەکەن.

ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی و ئەندام پەرلەمانی پێشووی کەرکووک لەسەر لیستی یەکێتی خالد شوانی ئەو ڕاگەیەندراوەی شوان داودی پشتڕاست کردبوویەوە.

چەندین بەرپرسی بەرەی تورکمانی عێراق، دەنگۆی بڵاوبوونەوەی ئەو بەڵگانەیان ڕەتدەکردەوە و نکۆڵیان لێ دەکرد، یەک لەو بەرپرسانەی بەرەی تورکمانی کە هەمیشە لەو بارەیەوە لێدوانی دەدا ئایدن مەعروف بوو کە لە پەرلەمانی هەولێر، پەرلەمانتاری لیستی تورکمانەکانە.

لە وتەبێژەکانی بەرەی تورکمانی عێراق عەلی موفتی، ڕۆژی یەکشەممە لەسەر ئەو بابەتە ڕاگەیەندراوی بڵاوکردەوە و دانی بە دامەزراندنی ئەو گروپە چەتە چەکدارەدا نا کە بەڵگەکانیان لەسەر ئاشکرا بوو.

عەلی موفتی دەربارەی کاتی دامەزراندنی ئەو گروپە چەتە چەکدارەی بەرەی تورکمانی ڕایگەیاند "پێش ڕووداوەکانی ١٦ ی تەشرینی یەکەم/خەزەڵوەر ، تورکمانەکان داوایان دەکرد کە هێزێکیان هەبێت. وەک دەزانرێت ئەو حەشدی شەعبیانەی کە تورکمانن لە دەرەوەی کەرکووکن. هێزێک کە باسی لێوە دەکرێت گرێدراوی کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەتە و ئەرکی ئەو کۆمپانیایەش پاراستن و بەرگریکردنە لە تورکمانەکانی کەرکووک.

بەرپرسیاری دووەمی یەکێتی نیشتیمانی لە کەرکووک جەمال شکور، ناڕەزایەتیی تووندی نیشاندا لەبەرامبەر ئەو ڕاگەیەندراوەی وتەبێژی بەرەی تورکمانی عەلی موفتیدا و ڕایگەیاند کە ئەو هێزە بۆ شاری کەرکوک مایەی مەترسییە.

جەمال شکور وتیشی "هەر هێزێک لە دەرەوەی هێزە فەرمیەکانی ئاسایش، هێزی میلیشیایین. هێزێکی بەو شێوەیەی بەرەی تورکمانی خزمەت بە شاری کەرکووک ناکات. لەبەرئەوە دەبێت هەموو هێزەکان لەژێر چەتری هێزەکانی ئاسایشی حکومەتی عێراقیدا جێ بگرن."

لە کەرکووک، سەرەڕای سووپای عێراق و هێزەکانی پۆلیسی فیدراڵ و هێزەکانی دژە تیرۆر، ٢٢ فەوج و ڕێکخستنی حەشدی شەعبی هەن. هەروەها دوو فەوج و سێ گروپی چەکداری حەشدی سوننیش لە کەرکوک هەن. لە ژێر چەتری حەشدی شەعبیدا، سێ گروپی چەکداری تورکمانە شیعیەکانیش هەن.

ک-ش