دارستانەکانى کەبیر کوی ئیلام ئاگریان تێبەردرا
ئێوارەى دوێنێ ئاگر بەردرایە دارستانەکانى کەبیر کوی ئیلام. سەر لەبەیانیى ئەمڕۆ ئاگرەکە کۆنترۆڵ کراوە، بەڵام مەترسیى ئاگرکەوتنەوەى تر لە ئارادایە.
ئێوارەى دوێنێ ئاگر بەردرایە دارستانەکانى کەبیر کوی ئیلام. سەر لەبەیانیى ئەمڕۆ ئاگرەکە کۆنترۆڵ کراوە، بەڵام مەترسیى ئاگرکەوتنەوەى تر لە ئارادایە.
ئاگربەردان لە دارستانەکانى کەبیر کو لە ناوچەى ملیە سیلی مەلەکشاهی روویداوە، کە ناوچەیەکى چڕی دارستانییە و چەندین جۆر دار و رووەکى جۆراجۆر لەو ناوچەیەدا بوونیان هەیە.
چالاکوانانانى ژینگەپارێز رایانگەیاندووە، ئاگرەکە لە چەند ناوچەیەکەوە بە خێرایى تەشەنەى سەندبوو، بۆیە داوایان لە هاووڵاتیان و رێکخراوەکان کردبوو بە خێرایى کار بۆ کوژاندنەوەى ئاگرى ئەو دارستانە بکەن.
بە هەوڵی ژینگەپارێزان و هاووڵاتیانى ناوچەکە سەرلەبەیانیى ئەمڕۆ ئاگرەکە کوژێندراوەتەو، بەڵام بەهۆی کەمیى ئیمکانیەت بۆ کوژاندنەوەى ئاگرەکە، ئەگەری ئەوە هەیە دارەکان، یان خۆڵەمێشی ئاگرەکە دووبارە بگەشێتەوە و ئاگرکەوتنەوەى تر رووبدات.
لەو ئاگرەدا رووبەڕێکى بەرفراوان لە دارستانە چڕەکانى ناوچەى مەلەکشاهی سوتاوە.
پێشتریش لە شاخی هاینوەران ئاگرکەوتنەوەیەکى تر روویدابوو و بەو هۆیەوە بەشێکى زۆر لە دارستانەکانى ئەو شاخەش سوتابوو.
ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانى زاگرۆس رۆژ لە دواى رۆژ روو لە زیادبوون دەکات و ماوەى چەند ساڵێکە بە بەردەوامى ئاگر لە دارستانەکان بەردەدرێت. بە وتەى چەندین هاووڵاتى و ژینگەپارێز و چەندین سەرچاوەى جۆراوجۆر سوپاى پاسداران دەستى هەیە لە ئاگرتێبەردانى دارستانەکانى زاگرۆس و کوردستاندا.
ر.م